پارتی و یونامی تاوتوێی پرسی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکەن

شاندێکی یونامی سەردانی بەشی هەڵبژاردنی پارتییان کرد و لەمیانەی کۆبوونەوەی نێوانیان جەختیان له‌ به‌ڕێوه‌‌چوونى هه‌ڵبژاردنێكى پاك و بێگه‌رد، له‌ كه‌شێكى هێمن و ئارام و دوور له‌ هه‌ر جۆره‌ گرژييه‌ك كردەوە.

یەکشەممە 8ـی ئەیلوولی 2024، جه‌عفه‌ر ئيمێنكى، به‌رپرسى به‌شى هه‌ڵبژاردنی پارتى ديموكراتى كوردستان پێشوازى كرد له‌ شاندێكى يونامى به‌ سه‌رۆكايه‌تى ئه‌مير ئاره‌ين، سه‌رۆكى تيمى هاريكارى هه‌ڵبژاردنى يونامى.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا باس له‌ دوايين ئاماده‌كارييه‌كانى كۆمسيۆنى باڵاى سه‌ر‌به‌خۆى هه‌ڵبژاردنه‌كان كرا بۆ به‌ڕێوه‌چوونى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستان کە بڕیارە لە 20ـی 10ـی ئەمساڵ بکرێت.

هەردوولا جه‌ختيان له‌ به‌ڕێوه‌چوونى هه‌ڵبژاردنێكى پاك و بێگه‌رد وە له‌ كه‌شێكى هێمن و ئارام و دوور له‌ هه‌ر جۆره‌ گرژييه‌ك كردەوە.

ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ ئه‌وە بوو كه‌ پێويسته‌ پارت و لايه‌نه‌ سياسييه‌كان په‌يماننامه‌ى بنه‌ماكانى ڕه‌فتار (قواعد سلوك) ئیمزا بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ى پرۆسه‌ى هه‌ڵبژاردن دوور بێت له‌ توند و تيژى و له‌ كه‌شێكى هێمن و ئارام دا به‌ڕێوه‌ بچێت.

هه‌ردوولا پێيان باش بوو كه‌ به‌م زووانه‌ ئه‌و به‌ڵگه‌نامه‌ گرنگانە‌ ئیمزا بكرێت بۆ باشتر به‌ڕێوه‌چوونى ماوه‌ى بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردن.  

جه‌عفه‌ر ئيمێنکی ڕۆڵى يونامى له‌ هاوكارى كردنى عێراق و هه‌رێمى كوردستان به‌ گرنگ زانى و سوپاسى هاريكارييه‌كانى يونامى كرد بۆ كۆمیسيۆنی باڵاى سه‌ربه‌خۆى هه‌ڵبژاردنه‌كان و جەختی لەوە كرده‌وه‌ كه‌ پێويسته‌ هاريكارييه‌كانى يونامى بۆ كۆمسيۆن و دامه‌زراوه‌كانى ديكه‌ به‌رده‌وام بێت.