پرۆژەی فریاگوزاریی خێرای ئاوی هه‌ولێر بە گوژمەی 480 ملیۆن دۆلار جێبەجێ دەكرێت

ئه‌مڕۆ يه‌كشه‌ممه‌ (‌8ى ئه‌يلوولى 2024)، له‌ لايه‌ن مه‌سرور بارزانى، سه‌رۆكى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، به‌ردى بناغه‌ى پرۆژه‌ى فرياگوزاریی خێراى ئاوى هه‌ولێر دانرا.
پرۆژەکە بە گوژمەی نزیكەی 480 ملیۆن دۆلار، له‌ ماوه‌ى كه‌متر له‌ 550 ڕۆژ جێبەجێ دەکرێت و به‌ ته‌واوبوونى پرۆژه‌كه،‌ كێشه‌ى كه‌مئاوى له‌ شارى هه‌ولێر به‌ ڕێژه‌ى 100% چاره‌سه‌ر ده‌بێت.
پرۆژه‌ى فرياگوزاریى خێراى ئاوى هه‌ولێر، له‌ ڕۆژێكدا 480 هه‌زار مه‌تر سێجا ئاو دەپاڵێوێت، بۆ هه‌ر كاتژمێرێك 20- 21 هه‌زار مه‌تر سێجا ئاوى خاوێن بۆ گه‌ڕه‌كه‌كانى شارى هه‌ولێر دەنێرێت. پرۆژه‌كه‌ به‌ چوار هێڵى سه‌ره‌كى له‌ نێوان گه‌ڕه‌كه‌كانى نێوان شه‌قامى 120 مه‌ترى و شه‌قامى 150 مه‌ترى جێبه‌جێ ده‌كرێت؛ كه‌ گه‌ڕه‌كه‌كانى نێوان ئه‌و شه‌قامانه‌ و ده‌ره‌وه‌ى شه‌قامه‌كان و هه‌ريه‌ك له‌ گه‌ڕه‌كه‌كانى داره‌توو، بنه‌سڵاوه‌، كه‌سنه‌زان، پيرزين، شاوێس، بەحركه‌، عەنكاوه‌ و سێبيران لێی سوودمه‌ند ده‌بن.
پرۆسه‌ى وه‌رگرتنى ئاوى پرۆژه‌كه‌ له‌ زێى گه‌وره‌ ده‌ست پێده‌كات و پاككردنه‌وه‌ و پاڵاوتنى ئاوه‌كه‌ و فلته‌ركردن و كلۆركردنى‌ ئاوه‌كه‌، به‌ ستانداردى ڕێكخراوى ته‌ندروستیی جيهانى (WHO) و عێراقى جێبه‌جێ ده‌كرێت.
له‌ پرۆژه‌ى فرياگوزاريى خێراى ئاوى هه‌ولێر، 200 كيلۆمه‌تر بۆڕیی سپايڕۆڵ به‌كاردێت و 280 کیلۆمەتر بۆڕیی ئەسیلین بە تیرەی 160 ملیم و 220 ملیم و 250 ملیم بۆ به‌ستنه‌وه‌ى پرۆژه‌كه‌ به‌ گه‌ڕه‌كه‌كانى شارى هه‌ولێر به‌كار دێت. ڕۆژانه‌ 480 هه‌زار مه‌تر سێجا ئاو به‌ ته‌واوى بۆ گه‌ڕه‌كانى شارى هه‌ولێر ده‌نێرێت.
جێبه‌جێكردنى ئه‌م پرۆژه‌يه‌ كێشه‌ى كه‌مئاوى له‌ شارى هه‌ولێر به‌ ته‌واوى چاره‌سه‌ر دەكات و ده‌بێته‌ هۆى داخستنى زياتر له‌ هەزار بيرى ئاو، به‌ مه‌به‌ستى پاراستنى ئاوى ژێرزه‌وى و بەفیڕۆنەدانی.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری