ڕەحمان غەریب، ڕێكخەری سەنتەری میترۆ بۆ “هەولێر “: نابێت هەڵكوتانە سەر دەزگای چاودێر لە سلێمانی بێدەنگی لێبكرێت

ڕەحمان غەریب، ڕێكخەری سەنتەری میترۆ ئاماژە بەوە دەكات، هەڵكوتانە سەر دەزگای چاودێر نابێت بێدەنگی لێبكرێت دەشڵێت” ئەمڕۆ هەڵدەكوترێتە سەر دەزگەی چاودێر بەیانی هەڵدەكوترێتە سەر شوێنی دیكەش”.

ڕەحمان غەریب، ڕێكخەری سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكی لەمافی ڕۆژنامەنوسان بۆ ڕۆژنامەی “هەولێر” گوتی” ڕێگە دروست و ڕاستەقینەكە و هەقیانەت ئەوەبوو بە دەزگەی چاودێر بوترایە ئەو شوێنە چونە چۆڵ بكەن ئەوە پێشیلكاریە هێزێك هەڵیكوتاوەتە سەر دەزگەكە.

هەڵویستەکان وەک پێویستن نین
رێكخەری سەنتەری میترۆ، باس لەوە دەکات هەڵویستەکان دژی ئەم ڕووداوە وەک پێویست نین و دەڵێت” وەك پێویست لەسەر هەڵكوتانە سەر دەزگای چاودیر قسە نەكراوە، چونكە كەسانێك وەك كێشەیەكی حیزبی سەیری دەكەن، بەڵام ئەو شوێنە جێگەیەكی رۆشنبیری و ئەدەبیە خزمەت بەشاری سلێمانی دەكات “.
ڕەحمان غەریب باسی لەوەش كرد پێویستە پشتوانی زیاتری دەزگەی چاودێر بكرێت لەڕووی زیاتری ئیدانەكردنی هەڵكوتانە سەر شوێنەكەیان هەروەها مافی ئەو ئەدیب و ڕۆژنامەنوس و رۆماننوس و شاعیرانەش پارێزراوبێت كە لەو جێگەیە كاردەكەن”.
رێكخەری سەنتەری گوتیشی” هەڵكوتانە سەر شوێنێكی رۆشنبیری نابێت بێدەنگی لێبكرێت پێویستە ئەم كردەوەیە ئیدانە بكرێت بۆ ئەوەی جارێكی دیكە دووبارە نەبێتەوە ئەمڕۆ هەڵدەكوترێتە سەر دەزگای چاودێر بەیانی هەڵدەكوترێتەسەر شوێنی دیكەش”.
كاتژمێر 5ـی ئێوارەی پێنجشەممە، 5ـی ئەیلوولی 2024، هێزێكی كۆماندۆ، هەڵیانكوتایە‌ سەر بارەگای سیاسەتمەدار و ڕۆشنگەر مەلا بەختیار و دەزگای ڕۆشنگەریی چاودێر و بنكەی ڕووناكبیریی گەلاوێژ لە گردی ئەندازیاران لە سلێمانی.
هێزەكە، پاسەوانەكانی دەزگای چاودێریان دوور خستەوە‌ و دەستیان بەسەر تەواوی كەلوپەلی دەزگاكەدا گرتووە.
ڕاگەیەنراوی سەنتەری میترۆ
هزر و ڕۆشنبیری ئۆفیس نین تا دابخرێن
سلێمانی، 6ی ئەیلولی 2024: سەنتەری میترۆ بە توندی ئیدانەی هەڵكوتانە سەر ئۆفیسی سەرەكی تۆڕی ناوەندی چاودێر لەشاری سلێمانی دەكات، رایدەگەیەنین ئەم كردارە كاریگەری لەسەر ناوبانگی پایتەختی رۆشنبیری دەبێت و هەنگاوێكی چەوتی یەكلاكردنەوەی جیاوازیشە.
هێزێكی ئەمنی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، دەستی گرت بەسەر ئۆفیسی سەرەكی تۆڕی ناوەندی چاودێر كە ڕادیۆی مەدەنیەت، بنكەو سایتی گەلاوێژ، سایتی چاودێر، سایتی روانگەو رەخنە، پلاتفۆرمی دابڕان، پڕۆژەی پەیكەرسازی چاودێر، گەلەری چاودێر، لە خۆ دەگرێت.
هاوكات ماڵپەڕی (PUKMEDIA) راگەیەندراوێكی دامەزراوە داراییەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانی بڵاوكردەوە، دەڵێت “بارەگای دامەزراوەی چاودێر كە موڵكی یەكێتییەو سەرجەم پێداویستییەكانی لەلایەن دامەزراوەی داراییەوە دابینكرابوو كە ئێستا لێپرسراوەكەی پەیوەندی بە یەكێتییەوە نەماوە، وەرگیراوەتە”.
میترۆ لە دەرەوەی جیاوازیی هزری و حیزبی و سیاسییەكاندایە، بەڵام بە ئەركی خۆمانی دەزانین دژ بە هەموو هەوڵێكی دەمكوتكردن و داخستن و كۆتاییهێنان بە دەزگا مەدەنی و میدیایی و رۆشبیریی بوەستینەوە، چونكە وەك پرەنسیپ بڕوامان بە مافی جیاوازبوون و سەروەری یاسا و دوورخستنەوەی هێزە لە ململانێ سیاسی و حیزبی.
هەڵكوتانە سەر ئۆفیسی سەرەكی تۆڕی ناوەندی چاودێر لەشاری سلێمانی بە توندی ئیدانە دەكەین، كە كەسایەتی دیاری رۆشنگەری و سیاسی مەلا بەختیار، سەرپەرشتییان دەكات، ئەم كردارەش كاریگەری لەسەر ناوبانگی پایتەختی رۆشنبیری دەبێت وهەنگاوێكی چەوتی یەكلاكردنەوەی جیاوازیشە.
ئەم هەڵوێستەی میترۆ بەرگریكردنە لەو ڕۆڵە گرنگەی چالاكی فیكری و فەرهەنگی ئەو دەزگایە دەیگێڕن، كە سروشتی چالاكی حزبی تێپەڕاندووە، بوونەتە دیاردەیەكی فەرهەنگی و فیكریی دیاری هەرێمی كوردستان.
خۆمان بەداكۆكیكاری مافی ئازادی ڕادەربڕین و فرەیی دەزانین، ئەمەش یەكێكە لە سیما كلتوریی و مێژووییەکانی شاری سلێمانی كە ناوێكی پرشنگداری كوردستانە، بەڵام شۆكهێنەرە پایتەختی رۆشنبیری بكەوێتە دۆخێك كە داخستنی دەزگایەكی ڕۆشنبیری مەدەنی بەزەبری هێزی سەربازی حزبێكی ئەندام لە Socialist International، ببێتە هەواڵ و مانشێتی سەرەكی كۆتایی هەفتە.