بەڵخە؛ گوندێکی ٢٥٠ ساڵان

گەرمیان گلی ـ هەولێر

گوندی بەڵخە یەکێکە لە گوندەکانی ناحیەی بیارە لە پارێزگای هەڵەبجەی هەرێمی کوردستان. بەڵخە یەکێکە لە شارەدێیەکانی هەورامانی لهۆنی عێراق و دەکەوێتە سەر ڕێگەی نێوان سۆسەکان و دەگاشێخان. ڕووبەری بەڵخە فراوان و بەربڵاوە و کەوتووەتە نێوان سۆسەکان و پاڵانیان و هاوار و تاوێرە و خەرپانی و دەگاشێخان. بەشی پشتەوەی چەند شاخێکی بەرزە بەناوی جەژنگا و تەوەنێ و هەوارەبەرزە، بەشی پێشەوەی فراوانەو دۆڵێکی کراوەیە دووریشی لە بیارەوە ٨ کم و لە تەوێڵەوە ٦ کیلۆمەترە. مێژووی گوندەکە دەگەڕێتەوە بۆ ٢٥٠ ساڵ لەمەوبەر.

فارس عیسا، دەربارەی ناوی بەڵخە دەڵێ: بۆ ناوی بەڵخە چەند بۆچوونێک هەیە وەکو، بۆچوونی یەکەم دەڵێت، دوو برا بوون خەڵکی بەڵخی لای سەمەرقەند و بوخارا بوون ھاتوون لەو دوو شوێنە دێگە و دەرەنەجات نیشتەجێ بوون. یەکێکیان لە خوارەوە، ئەوی تریان لە سەرەوە، بۆیە گوندەکە بەناوی ئەم دوو برایەوە ناونراون بەڵخەی سەروو و بەڵخەی خواروو. هەروەها بۆچوونی دووەم دەڵێت، ئەم شوێنە پڕە لە بەنگاو و تاف واتە تاڤگە وەکو وەر وەزەن و سەر وەزەن و وەزەنێ، ئەم تاڤگانەش بەردەوام ئاویان پێدا دێتە خوارەوە و ئاوەکەش بەڵخی ھەیە، کە جۆرە کلسێکە بەهۆی ئاوەوە لە ئاوەڕۆکاندا دروست دەبێت بە تایبەت بەسەر بەرد و تاشەبەردەکاندا. زۆرترین بۆچوونیش لەسەر ئەوەیە ناوی گوندەکە بەهۆی ئاوەکەیەوە بێت. ھەندێکیش دەگێڕنەوە کە دێگە و دەرەنەجات دوو گوند بوون، بەڵام لە کۆتاییی سەدەی نۆزدەھەمدا یاقوە سووری تەوێڵەیی کە پیاوێکی ناوداری تەوێڵە بووە لە کاتی کاروانیدا لە نزیک وەزەنێ لای داوە و پاشان وەکو ھەوار ھاتووە بۆ ئەم ناوە و گوتویەتی ھەوارم لای بەڵخەکەیە. لەمەوە ئەم ناوە پەیدا بووە. هەروەها لە ساڵی ١٩٥٦ جادەی نێوان بیارە و تەوێڵە لێرەوە براوە و گرنگیی پێ دراوە و دواتریش مزگەوت و قوتابخانەی تێدا کراونەتەوە.
فارس عیسا، باسی ژمارەی دانیشتوان و بەرهەمهێنانی کشتوکاڵی ئەو گوندە دەکات و دەڵێ: بەڵخە لە ساڵی ١٩٤٧ـدا نزیکەی ٨٠ ماڵی لێ بووە، خواروو -١٧، ناوەڕاست -٢٥، سەروو -٣٨. لە ئاماری ساڵی ١٩٥٧ـدا بەڵخەی سەروو ٥١٢ کەس بووە و بەڵخەی خوارووش ١١٠ کەس. بەمەش نزیکەی ١٢٥ ماڵی لەخۆ گرتووە. ئێستا ڕێژەیەکی کەم لە خەڵکی گوند لەوێ دەژین و زۆرینەیان لە شوێنی ئەو ئۆردوگا زۆرەملێیانەدا دەژین کە ڕاگوێزران بۆی. شوێنەوارە مێژووییەکانی ئەم ناوچەیە وەکو، سوڵێ و زەڕەندۆڵی و ھانەوتێ و سەربەڵخ و قەڵای خەسرەو ئاغا. دانیشتوانی ئەم گوندە دابەش دەبن بەسەر دوو بنەماڵەدا، کە لە چەند سەد ساڵی ڕابوردوودا، هەر ئەم دوو بنەماڵەیە بوونە و پێکەوە ماونەتەوە، بەرەیەکیان سەر بە ساداتی جەبارین و لەگەڵ بنەماڵەی تەکیەییەکاندا یەک خێزانی دابەش بوون، بەرەکەی تریان لە خزمانی جافی شمشێرکووڵین و ئەمانیش هەر بەڕەسەن لەوێدا نیشتەجێ بوون و ژن خوازی و زاوایەتی لەنێوانی هەردوولادا هەیە و تێکەڵن. شێوازی بەرهەمهێنان، لە ئەم گوندەدا سنووردارە. شوێنەکەی بۆ کشتوکاڵ زۆر لەبار نییە، لەبەرئەوەی زەوینی بەراویان کەمە، زەوییە دێمییەکانیش زۆربەیان سەخت و بەردەڵانن، ناوچەکەیان هەندێک بۆ ئاژەڵداری لەبارە، بە تایبەتیش بۆ بەخێوکردنی بزن گونجاوە. بۆیە دانیشتوانەکەی دەتوانن ژیان و گوزەرانی خۆیان بەشێوازێکی تێکەڵ و کەم لە جوتیاری و ئاژەڵداری دابین بکەن. دامودەزگای حکومەتی لێ نییە، بینای نەخۆشخانەیەکی بچووکیان هەیە، بەبێ ئەوەی دەوامی تێدا بکرێت، بەڵام قوتابخانەیەکی مێژوویییان هەیە، کە ساڵی ١٩٥٣ کراوەتەوە و هەر ئەو ساڵەش قوتابیی خەڵکی گوندەکەی خۆیان و دەوروبەری وەرگرتووە بۆ خوێندن. بۆیە کەسێک چوەتە وەزارەتی مەعاریفی ئەوکاتە لە بەغداد و مامۆستای بۆ خوێندنگەکە دابین کردوە، کە کەسێک بووە کوردی کەرکوک بووە. تائێستەش زۆربەی تۆماری خوێندنگەکە لە لای کوڕانی ئەم حاجی شێخ قادرە ماون و پارێزراون. وەک ڕێگای هاتوچۆش هێڵێکی شەقامی قیرتاوی هاتوچۆکردن لە گوندی مەسۆییەوە لا دەدات و بە ناو گوندی بەڵخەی خواروودا عەلیاوا دێتەوە ناو بەڵخە و لە پشتی ماڵەکانەوە ئەم شەقامە دەبێت سێڕیان، ڕێگە سەرەکییەکە و دوو لق، لقی یەکەمیان بەناو دەربەندی مەڕۆگەدا دەچێتە ناو قۆپیی حەمەی هەواس و لەوێشەوە بەناو دەربەندەکانی قەرەداغدا هەڵدەکشێتەوە بەرەو سەر هەتا دەربەندی سەگرمە، هەرچی لقی دووەمیشە بەرەو گوندەکانی ئاوەسپی و گوڵاندا لا دەدات تا دەگات بە نوقتەی پەیکوڵی و بانیخێڵان.

ھەواڵی زیاتر