شاندێکی ئەنجوومەنی وەزاریی ئابووریی عێراق گەیشتە هەولێر و بڕیارە سبەینێ لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان کۆ بێتەوە.
ئەمڕۆ شەممە 7ـی ئەیلوولی 2024 شاندێکی ئەنجوومەنی وەزاریی ئابووریی عێراق بە سەرۆکایەتی فوئاد حوسێن، لە ڕێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرەوە گەیشتە هەرێمی کوردستان و لەلایەن بەرپرسانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە پێشوازیان لێ کرا.
بڕیاری سبەی یەکشەممە، کۆبوونەوەكانی هەردوو ئەنجوومەنی وەزاریی ئابووریی عێراق و ئەنجوومەنی ئابووریی هەرێمی کوردستان بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دەست پێ بکات کە ماوەی دوو ڕۆژ دەخایەنێت و تێیدا گفتوگۆ لەبارەی چارەکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەردوولا بە پێی دەستوور دەکەن بە تایبەتی مافە دەستووریی و شایستە دارایی و بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان
ئەندامانی شاندەکەی ئەنجوومـەنی وەزاریی ئابووریی عێراق:
1. فوئاد حوسێن، سەرۆکی ئەنجوومەنەکە و جێگری سەرۆکوەزیرانی عێراق.
2. محەممەد عەلی تەمیم، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری پلاندانانی عێراق.
3. تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق.
4. عەلی عەللاق، پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق.
5. ئەسیر داود سەلمان، وەزیری بازرگانیی عێراق.
6. ئەحمەد جاسم سابر، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی عێراق.
7. حەمید نەعیم، ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق.
8. فەیسەڵ وسام، سەرۆکی دەستەی کاغەزە داراییەکانی عێراق.
9. عەلی مەعارج بەهادلی، بریکاری وەزارەتی نەوتی عێراق.
10. ئەحمەد عەبدولجەبار، بریکاری وەزارەتی پیشەسازی و کانزاکان.
11. میساق عەبدولحوسێن، بریکاری تەکنیکی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق.
12. عەباس نەسروڵڵا، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزاری بۆ کاروباری ئابووریی عێراق.
هەر ئەمڕۆ د. عەممار خەلەف، جێگری پارێزگاری بانکی ناوەندیی بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، سەردانەکەی شاندی ئەنجوومەنی وەزارەیی ئابووریی عێراق بۆ هەولێر “هەنگاوێکی گرنگ و ئەرێنییە” بۆ چارەکردنی کێشە ئابوورییە هەڵپەسێراوەکانی نێوان هەولێر و بەغدا.
جێگری پارێزگاری بانکی ناوەندیی ئاماژەی بەوەش کرد، شاندی ئەنجوومەنی وەزارەیی ئابووریی عێراق ژمارەیەک کۆبوونەوەی گرنگی لەگەڵ بەرپرسانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی دەبێت.