سبەینێ زیانلێکەوتووانی بازاڕی قەیسەری قەرەبوو دەکرێنەوە

سبەینێ هاوکاریی دارایی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەسەر دووکاندارە زیانلێکەوتووەکانی بازاڕی قەیسەریدا دابەش دەکرێت.

شەممە، 07-09-2024، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر ڕاگەیاند، کاتژمێر 07:00ـی ئێوارەی سبەینێ یەکشەممە، 08-09-2024، هاوکاریی دارایی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەسەر دووکاندارە زیانلێکەوتووەکانی بازاڕی قەیسەریدا دابەش دەکرێت.

بە گوتەی پارێزگاری هەولێر، هاوکارییە داراییەکەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، لەنێوان 2 تاوەکوو 20 ملیۆن دینار دەبێت و بەپێی قەبارەی زیانەکان، بەسەر دووکاندارەکاندا دابەش دەکرێت.

دوانیوەڕۆی پێنجشەممە، 05-09-2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کارەکانی نووژەنکردنەوەی بازاڕی قەیسەریی شاری هەولێری بەسەر کردەوە و لە نزیکەوە گوێی لە داواکارییەکانی دوکاندار و کاسبکاران گرت.

سەرۆکی حکومەت لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی ڕاسپارد کە پرۆسەی چاکردنەوە و نۆژەنکردنەوەی بازاڕی قەیسەری خێراتر بکەن. دوکاندارانی زیانلێکەوتووی بازاڕەکەشی دڵنیا کردەوە کە بە پێی توانا و قەبارەی زیانەکەیان هاوکاریان دەکات و هەوڵ دەدات بۆ ئەوەی بازاڕەکە زوو بکرێتەوە.

شەوی (5ـی ئایاری 2024) ئاگرێك لە بەشێکی بازاڕی قەیسەریی هەولێر کەوتەوە و دوای چەند کاتژمێرێک لەلایەن تیمەکانی بەرگریی شارستانیی هەولێرەوە کۆنترۆڵ کرا.

لەلایەن خۆیەوە، میقداد میری، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی فیدراڵ ڕایگەیاند، تۆڕێکی سەر بە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) و دوو کەسی سەر بە یەکەی 70ـی هێزەکانی پێشمەرگە و دژەتیرۆری سلێمانی، لە پشت هەموو ئەو ئاگرانەوە بوون کە لە ماوەی ڕابردوودا لە بازاڕی قەیسەریی هەولێر و بازاڕەکانی کەرکووک و هەرێمی کوردستان کەوتوونەتەوە.

دوای ڕووداوەکەش پارێزگای هەولێر لە ڕاگەیەندراوێکدا لە بارەی ئاگرکەوتنەوەی بازاڕی قەیسەری، ئاشکرای کرد، بەپێی دوایین ئامار لە کۆی زیاتر لە چوار هەزار دوکان، 227 دوکان و حەوت کۆگای بچووکی بازاڕی قەیسەری بەهۆی ئاگرکەوتنەوەکە سووتاون و زیانیان پێ گەیشتووە.

گوژمەی تەخانکراو بۆ نۆژەنکردنەوەی بازاڕی قەیسەری پێنج ملیار و 300 ملیۆن دینارە و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ ھاوکاریکردنی کاسبکاران لە پارەی زبڵ و خاشاک، تابلۆ و باجی 50% بۆ ساڵی 2023 و 100% بۆ ساڵی 2024 خۆشبووە.

ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر پێشتر ڕاگەیاندبوو، مەسرور بارزانی، سه‌رۆكی حكوومه‌تی هەرێمی کوردستان به‌رنامه‌یه‌كی ئامادە کردووە بۆ هاوکاریکردنی ئەو دوکاندارانەی دوکانەکانیان سووتاوە و له‌م نزیكانه‌دا هاوكاریییان  ده‌كرێت.

ھەواڵی زیاتر