بڕیارە لە ٢٠ی مانگی ١١ دوای بیست و حەوت ساڵ پڕۆسەی سەرژمێری بەشێوەی ئەلیکترۆنی لە سەرتاسەری عێراق بە ھەرێمی کوردستانەوە بکرێت، بەھۆی گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچە کوردستانییەکان، کورد ترسی لە سەرژمێری ھەیە. سیروان محەممەد، سەرۆکی دەستەی ئامار لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، لەم دیمانەیەدا لەگەڵ ڕۆژنامەی “ھەولێر” ھۆشداری دەدات لە بە سیاسی کردنی پرۆسەی سەرژمێری و، دەڵێت: بۆ ناوچە کوردستانییەکان لیژنەیەکی ھاوبەش لە نێوان ھەولێر و بەغدا پێکھێنراوە، بۆ ئەوەی لە کاتی کردنی سەرژمێری ھیچ کێشەیەک نەھێتە پێشەوە، لە ھەمان کاتدا نابێت سەرژمێری بۆ یەکلاکردنەوەی پرسی سیاسی یان یاسایی بەکاربھێنرێت کە مەبەستی پرۆسەکە ئەوە نییە.
سەرژمێری نەخشەڕێگا و پلانی کاری دەوڵەتی لەسەر بنیات دەنرێت
سەرژمێری گشتیی، نەخشەڕێگا و پلانی کاری دەوڵەتی لەسەر بنیات دەنرێت و بنەمایەکی سەرەکیشە بۆ کردنی پرۆسەی ھەڵبژاردن، چونکە تا ئامار و سەرژمێری نەبێت ڕەنگە نەتوانرێت وەکو پێویست ھەڵبژاردنێکی دروست بکرێت، ھەروەھا لەڕێگەی سەرژمێرییەوە، زانیاری پێویست لەسەر کۆی دانیشتووانان سەبارەت بە ڕەگەز، تەمەن، ئایین، ڕەوشی ئابووری و کۆمەڵایەتیی خێزان کۆدەکرێتەوە.
٢٧ ساڵە سەرژمێری نەکراوە
لە زۆربەی وڵاتان، ھەر دە ساڵ جارێک سەرژمێری گشتی دانیشتووانان دەکرێت، لە نێوان ساڵانی ١٩٢٧ تاوەکو ١٩٩٧، ھەشت سەرژمێری گشتیی لە عێراق کراون، لە ساڵانی ١٩٢٧، ١٩٣٤، ١٩٤٧، ١٩٥٧، ١٩٦٥، ١٩٧٧، ١٩٨٧، ١٩٩٧، بە بۆچوونی شارەزایان، سەرژمێرییەکەی ساڵی ١٩٥٧، سەرکەوتووترین پرۆسەی سەرژمێرییە کە تا ئێستا لە عێراق کرابێت، ئەوەش لەبەر ژمارەیەک ھۆکارە لەنێویاندا، تاقیکردنەوەی ئەزموونی بۆ پرۆسەکە لە ڕۆژی ١٤ حوزەیرانی ١٩٥٧، بەشداری شارەزایان و نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان لە پرۆسەکە، ھەروەھا کردنی خولی ڕاھێنان بۆ فەرمانبەرانی فەرمانگەی ڕەگەزنامەی گشتیی و ھەڵمەتی فراوانی لایەنە پەیوەندیدارەکان لە بانگەشەکردن بۆ بەشداریکردنی ھاووڵاتییان لە پرۆسەکەدا، دابەشکردنی فۆرمی سەرژمێرییەکە بەسەر ھاووڵاتییاندا، بۆ ئەوەی خۆیان فۆرمەکە پڕ بکەنەوە، ھەر لەبەر ئەوەیە تا ئێستا لە عێراق کار بە سەرژمێرییەکەی ساڵی ١٩٥٧ دەکرێت، دوو سەرژمێری لەو ھەشت سەرژمێرییەی کە لە عێراق کراون، دانیان پێدا نەنراوە، یەکێکیان سەرژمێرییەکەی ساڵی ١٩٦٥، ئەوەی دیکەش سەرژمێرییەکەی ساڵی ١٩٩٧، سەرژمێرییەکەی ساڵی ١٩٦٥ بەھۆی تێکچوونی دۆخی عێراق، سەرژمێرییەکەی ساڵی ١٩٩٧ بەھۆی بەشدارینەکردنی ھاووڵاتییانی پارێزگاکانی ھەولێر، دھۆک و سلێمانی لە پرۆسەکەدا دانیان پێدا نەنراوە، بەپێی دوایین ئامار کە لە سەرەتای ئەمساڵەوە لەلایەن وەزارەتی پلاندانانی عێراق بڵاوکرابوویەوە، ژمارەی دانیشتووانی عێراق گەیشتووەتە چل و دوو ملیۆن و دوو سەد و چل و ھەشت ھەزار و ھەشت سەد و ھەشتا و سێ کەس.
ئامادەکارییەکان بەردەوامن
سەرۆکی دەستەی ئامار لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند، چەندین ساڵە لە عێراق و ھەرێمی کوردستان سەرژمێری نەکراوە، بۆیە لەگەڵ دەستەی ئاماری عێراق دەمانەوێت و داواکاریمانە سەرژمێری بکەین، بۆ ئەم مەبەستە بەچڕی دەستمان بە ئامادەکارییەکان کردووە، لە ١ـی ئەم مانگەوە خولی دووەمی ڕاھێنان بۆ ئەو مامۆستایانەی دەست نیشان کراون بۆ بەڕێوەبردنی قۆناغی ژمارە دانان دەست پێکردووە و ئەو قۆناغە دە ڕۆژ دەخایەنێت دوای ئەوە پڕۆسە گەورەکە دەست پێ دەکات کە ھەشت ھەزار کەس لە ھەرێمی کوردستان بەشدار دەبن.
داواکارییەکان
سیروان محەممەد، سەرۆکی دەستەی ئامار لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، گوتیشی: ھەندێک پێویستی تر ماوە لەڕووی داراییەوە بۆمان دابین بکرێن، خەریکین لەگەڵ بەغدا بۆ ئەوەی بۆمان بکرێت ئەگەر ھەموو ئەو ڕێکارانە بگرینەبەر و داواکارییەکانمان جێبەجێ بکرێن تا ٢٠ی مانگی ١١ ئامادە دەبین بۆ کردنی سەرژمێری.
گرنگی پرۆسەکە
سەرژمێرییەکە بۆ پرسی پشکی کورد لە بودجەی عێراق و زۆر بواری تر سوودی ھەیە و وەزارەتی پلاندانانی عێراق ژمارەی دانیشتووانی کوردستانی کەمتر لە ژمارە ڕاستەقینەکەی خەمڵاندووە و کاتێک بسەلمێنرێت ژمارەکە زیاترە ئەوا کاریگەری بۆ سەر بەرزکردنەوەی پشکی بودجە و شایستە داراییەکانی کوردستان دەبێت. سەرۆکی دەستەی ئامار لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ئاشکرای کرد: سەرژمێری بەلای ئێمەوە پرۆسەیەکی زۆر گرنگە و بۆ گەشەپێدان بەکاردێت، ھەروەھا بۆ یەکلاکردنەوەی پرسێکی گرنگ وەکو بودجە کە ڕێژەیەکی کەمیان بۆ ھەرێمی کوردستان داناوە، کە ڕێژەکە لەوەی کە دانراوە زۆر زیاترە، بۆیە بە کردنی سەرژمێری ئەم پرسانە یەکلا دەبنەوە.
لیژنەیەکی ھاوبەش لە نێوان ھەولێر و بەغدا پێکھێنراوە
ماددەی ١٤٠ی دەستووری عێراق، تایبەتە بە چارەکردنی کێشەی ناوچە جێناکۆکەکان، ئەویش بە سێ قۆناغە ئاساییکردنەوەی ڕەوشی ئەو ناوچانە، گەڕانەوەی خێزانە ئاوارەکان بۆ زێدی خۆیان و قەرەبووکردنەوەیان، ھەروەھا گەڕانەوەی عەرەبە ھاوردەکان لەو ناوچانە بۆ زێدی خۆیان، بەڵام تا ئێستا ھیچ ھەنگاوێک لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە بۆ جێبەجی کردنی ماددەکە نەنراوە. سیروان محەممەد، سەرۆکی دەستەی ئامار لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، دەڵێت: ھەموو پڕۆسەیەکی گەورە چاوەڕێ دەکرێت کێشەیەکی ھەبێت، بەتایبەتی کێشەی تەکنیکی و سیاسی، بۆ ناوچە کوردستانییەکان لیژنەیەکی ھاوبەش لە نێوان ھەولێر و بەغدا پێکھێنراوە، ئەوەش بۆ چارەکردنی ئەو خاڵانەیە کە پێویستە جێبەجێ بکرێن، لە کاتی کردنی سەرژمێری لە ناوچە کوردستانییەکان، تا ئێستا لێک تێگەیشتنێکی زۆر باش دروست بووە چاوەڕێ دەکەین ئەو خاڵانەی کە ناکۆکیان لەسەرە کار لەسەر بکرێت بۆ ئەوەی لە کاتی کردنی سەرژمێری ھیچ کێشەیەک نەھێتە پێشەوە لە ھەمان کاتدا بۆ ئەوەی لە ئایندەدا سەرژمێری بەکارنەیێت بۆ یەکلاکردنەوەی پرسی سیاسی یان یاسایی کە مەبەستی سەرژمێری ئەوە نییە، بۆیە ئەو لیژنە ھاوبەشەمان دروست کردووە بۆ ئەوەی ئەو پرسانە یەکلا بکاتەوە پێش کردنی سەرژمێری لە کەرکووک و ناوچەکانی دیکە، بۆ ئەوەی مەترسی لەسەر ئەو ناوچانە دروست نەبێت تا جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠.