هەوڵەکان بۆ هەمواری یاسای باری کەسی، عێراقی خستووەتە دۆخێکی مەترسیدار

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

لە ماوەی ڕۆژ و هەفتەکانی ڕابردوودا چ لە سەر ئاستی عێراق و چ لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و تەنانەت ئەوروپا و تاراوگەنشینان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و مافی مرۆڤ، هەموارکردنی یاسایەکی کۆنی عێراق کە بە یاسای باری کەسیی ژمارە سەد و هەشتا و هەشت ناسراوە و لە ساڵی ١٩٥٩ دەرچووە، ناڕەزایەتی و مشتومڕێکی زۆری بەدوای خۆیدا هێناوە.

هەرچەندە یاساکەی ساڵی ١٩٥٩ هەڵگری کەم و کورتییە بەڵام لەچاو سەردەمی خۆی بە یاسایەکی زۆر پێشکەوتوو دانراوە و کێشەکە لەوەدایە لە هەمواری یاساکەدا لە جیاتی ئەوەی پەرە بە یاساکە بدرێت و زیاتر سەردەمیانە بکرێ و لەگەڵ مافەکانی مرۆڤ و دواین پێشکەوتنەکانی مافی مرۆڤ هاوسەنگ بکرێ بە پێچەوانە هەوڵێک هەیە یاساکە لە حاڵەتی مەدەنی بترازێنێت و بیخاتە باوەشی مەرجەعەکانی ئاین و ئایدۆلۆجییەکی تایبەت کە دەخوازێت لەسەر بنەمای یاساکانی هەزار ساڵ لەمەوبەر قسە لەسەر لە مافەکانی تاک و خێزان بکات.

لە هەمواری یاساکەدا چی هاتووە؟
لەوهەموارە نوێیەدا پرسی میرات و نەفەقە و لە خۆگرتنی منداڵ لە ژنان دەستێنێتەوە و مەترسیدارترین شت کە باس کراوە و هەمووان گوێیان لێ دەبێت ئەوەیە هاوسەرگیریکردنی منداڵان بە یاسایی دەکات.
لە چواری ئابی ڕابردوو پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی یەکەمی بۆ هەموواری یاسایی باری کەسی کرد، بەشێک لە گرووپە ئیسلامییە شیعەکان کە بە ئامادەکاری سەرەکیی ئەو هەموارە دادەنرێن دەیانەوێت هاوشێوەی هەندێک حکوومەتی ئیسلامی دادگا و بەها مەدەنییەکان بخەنە ژێر ڕکێفی مەرجەعە ئاینییەکان و ڕوانگە و بڕواکانی خۆیان بەسەر هەموو کۆمەڵگەی عێراقدا بسەپێنن، هەنگاوێک کە زیاتر بۆنی ئەوەی لێدێت وڵات بەرەو مەزهەبگەرایی و دەسەڵاتی ئایینی بەرێت .
بەپێی یاساکانی باری کەسیی عێراق کەمترین تەمەنی هاوسەرگیری پێویستە هەژدە ساڵ بێت بەڵام لە هەمواری یاساکە تەنانەت کچێکی تەمەن نۆ ساڵ دەتوانێت هاوسەرگیرییەکەی لە دادگا تۆمار بکرێت کە جۆرێک شەرعییەتدانە بە هاوسەرگیریی منداڵان.
ئەگەر هەموارکردنەکە سەر بگرێت ئەو دەرفەتە بە مەلاکان و مەرجەعەکانی شیعە دەدات لە جێی پەیڕەویکردن لە یاسا مەدەنییەکان، بە پشتبەستن بەو شڕۆڤە و بڕوایەی خۆیان و بنەماکانی شەریعەت بڕیار بدەن و دەسەڵاتەکانیان بەسەر کۆمەڵگەی عێراقدا زیاتر بکەن. بەشێک لە مەلا و کەسایەتییەکانی شیعە بە تایبەتی ڕێبازی جەعفەری پێیان باشە کچ هەر لە تەمەنی نۆ ساڵیدا بە شوو بدرێت.
زۆربەی چین و توێژەکانی کۆمەڵگەی عێراقی بە تایبەتی ژنان لەو جۆرە یاسایە زۆر تووڕەن و ناڕەزایەتی خۆیان لە دژی هەنگاوەکە ڕاگەیاندووە و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان چەندین کەمپێن لە دژی هەمواری یاساکە دەستی پێ کردووە.
پاساوی نەریتخوازان و پارێزگاریخوازان و زانایانی شیعە زۆر ئایدئۆلۆجیکییە و دەخوازن بە چەسپاندنی شەریعەت لە چوارچێوەی مەزهەبێکی دیاریکراو بە قسەی خۆیان ڕووبەرووی بەهاکانی ڕۆژئاوا ببنەوە کە بە زیان بۆ سەر پێگەی خۆیانی هەژمار دەکەن.
ئەگەر ئەو یاسایە بەم شێوەیە هەموار بکرێتەوە ئەوا چاوەڕوان دەکرێ عێراق لە ڕێی چەسپاندنی شەریعەتی مەزهەبی شیعە لە داهاتوودا کار بۆ گۆڕینی دەستوور و تەنانەت دامەزراندنی دەوڵەتێکی ئیسلامی بکات.
راستە لە عێراق شیعە زۆرینەیە بەڵام ئەو وڵاتە لە دوای ڕووخانی بەعس لەسەر بنەمای زۆرینە و کەمینە دانەمەزراوە، بەڵکو لەسەر بنەمای تەوافوقی و فیدراڵی و فرەیی دامەزراوە، لە عێراق کۆمەڵێک ئاین و مەزهەب و نەتەوەی جیاواز هەن کە تەنیا یاسایەکی شارستانیی پێشکەوتوو دەتوانێت هەمووان لە دەوری یەکتر کۆ بکاتەوە و سەپاندنی یاسایەک کە گرووپێکی دیاریکراو دایڕشتبێت ئەوا عێراق هەزاران ساڵ بۆ دواوە دەگەڕێنێتەوە و قۆناغێکی نوێی ستەم و هەڵاواردن دەست پێ دەکات.
هەنگاوەکەی ئەو لایەنانەی شیعە ناڕەزایەتی سوننە و تەنانەت بەشێک لە زانایانی شیعەیشی بەدواوە بووە و پێیان وایە نابێت تەمەنی هاوسەرگیری کەم بکرێتەوە.

ھەواڵی زیاتر