وەزارەتی خوێندنی باڵا داوای لە زانكۆ و پەیمانگاكان كردووە ناوی وانەبێژانیان بۆ بنێرن

وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی گشتاندنێكی ئاراستەی گشت زانكۆ و پەیمانگاكان كردووە و داوای لێ كردوون تا رۆژی 9/9 ناوی سەرجەم وانەبێژانیان بۆ بنێرن، بەپێچەوانەوە دوای ئەم رێكەوتە ناوی هیچ كەسێكی دیكە وەرناگرن.

وەزارەتەكە لە گشتاندنێکدا كە ئەمڕۆ چوارشەممە دەرچووە و ئاراستەی سەرجەم زانکۆ و دامەزراوە حکوومییەکانى هەرێمى کوردستان كراوە، جەخت دەکاتەوە لەسەر ئەوەى وانەبێژان سەرجەم ئەو بەڕێزانە دەگرێتەوە کە لە ساڵانى خوێندنى (2019-2020) تاکو (2023-2024) وانەبێژ بوون لە زانکۆ و دامەزراوەکانى دیکەى سەر بە وەزارەتى خوێندنى باڵا.

هەر لە گشتاندنەکەدا هاتووە، پێویستە بەڵگەنامەى پێویست هەبێت کە بیسەلمێنێت ناوبراوان بە کردارەکى وانەبێژ بوون لە زانکۆکان، واتە (پارەی وەرگرتبێت یان ناوى لە خشتەى وانەگوتنەوەدا هەبێت یاخود فەرمانى زانکۆیی هەبێت)، بە پێچەوانەوە هەر ناوێک وەک وانەبێژ بۆ وەزارەت بنێرن و مەرج و خاڵەکانى ئاماژەپێکراوى سەرەوەى تێدا نەبێت، لێپێچینەوەى یاسایی ئەنجام دەدرێت.

لە کۆتای گشتاندنەکەدا هاتووە، سەرجەم ئەو ناوانەى کە زانکۆکان بۆ وەزارت ناردوویانە یاخود ئامادەکراون بۆ ئەوەى بینێرن، لەسەر بنەماى ناوەرۆکى ئەم گشتاندنە پێداچوونەوە و وردبینى بۆ بکەن تاکو کۆتایى دەوامى رۆژى دووشەممەى داهاتوو ڕێکەوتى (9/ 9/ 2024) وەک دوا وادە بەدەست وەزارەت بگات بۆ ئەوەى کارى پێویست ئەنجامبدرێت.

جەختیش كراوەتەوە، هەر زانکۆیەک ناوەکان تا ئەو ڕێکەوتە نەنێرێت، ئەوا وانەبێژانی بێبەش دەبن و کاریان لەسەر ناکرێت.

رۆژى سێشەممەى داهاتوو رێكەوتی 10/ 9/ 2024 لێژنەی وردبینی لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی دەست بە وردبینی ناوى وانەبێژان دەکات و لیستى ناوەکان یەک دەخات.

ھەواڵی زیاتر