وەزارەتی پێشمەرگە هۆكاری دابەشنەكردنی هاوكارییە داراییەكانی ئەم مانگەی هاوپەیمانان ئاشكرا دەكات

وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە راگەیەنراوێكدا هۆكاری دابەشنەكردنی هاوكارییە داراییەكانی ئەم مانگەی هێزەكانی هاوپەیمانان بەسەر هێزی پێشمەرگە ئاشكرا كرد.

وەزارەتی پێشمەرگە رایدەگەیەنێت “لەبارەی گرفتی پێنەدانی هاوکارییە داراییەکانی هاوپەیمانان بۆ بەشێک لە هێزەکانی پێشمەرگە ڕایدەگەیەنین کە ئەم گرفتە هیچ پەیوەندیێکی بە بریارەکانی وەزارەتی پێشمەرگەوە نییە، بەڵکو ڕاستەوخۆ پەیوەندیدارە بەشێوازی کارکردن و پێدانی هاوکاری هاوپەیمانان بەیەکە سەربازییەکان”.

راشیگەیاند “گرفتی ئەم یەکە سەربازییانەش پەیوەستە بە هەبوونی ڕۆتینێکی ئەمنی هێزەکانی هاوپەیمانان، لەمبارەیەشەوە وەزارەتی پێشمەرگە هەنگاوی پێویستی ناوە و  کاری جدی لەسەر کردووە”.

وەزارەتی پێشمەرگە ئاماژەشی دا “چاوەروانی بڕیاری هاوپەیمانان دەکەین بۆ  ڕێکخستنەوە و چۆنیەتی دابەشکردنی هاوکارییەکانیان بۆ یەکەکانی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە”.