هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران: دیدگای سەرۆکوەزیران چارەکردنی کێشەکانە لە بنەڕەتەوە

لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بە ھەموو قەزا و ناحیەکانەوە بۆ زیاتر خزمەتکردنی ھاووڵاتییان، بە سەدان پڕۆژەی خزمەتگوزاری جێبەجێ دەکرێن، ھەندێک لە پڕۆژەکان تەواوبوونە و ھەندێکیان لە قۆناغی جێبەجێ کردندان. سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، دەڵێت: ئەو بەرنامە و پلانەی کە سەرۆکوەزیران جێبەجێی دەکات، کوردستانی بردووەتە قۆناغێکی دیکەوە، بەڵام بەشێک لە لایەنەکان چاویان بەو سەرکەوتن و پێشکەوتنانە ھەڵنایەت و دێن بەربەست بۆ کارەکانی سەرۆکوەزیران دروست دەکەن. دەشڵێ: ئەو پڕۆژانەی لە سنوورەکە جێبەجێ دەکرێن گرنگن و بە تەواوکردنیان ئاستی ئاوەدانی لە ئیدارەی سۆران دەباتە قۆناغێکی نوێوە.

ھاووڵاتییان خۆشحاڵن بە جێبەجێکردنی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان
ھاووڵاتییانی ئیدارەی سۆران سەبارەت بە پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە ناوچەکەیان خۆشحاڵن و پێیانوایە بڕیاری بە ئیدارەکردنی سۆران ھەنگاوێکی گرنگ بوو بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان و خزمەتکردنی دەڤەرەکەیان لە سێکتەرە جیاوازەکاندا.

ھەرێمی کوردستان پێی ناوەتە قۆناغێکی دیکەوە
سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، ڕاگەیاند، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پێش ئەوەی بڕیارێک بدات پلانێکی بۆ دادەنێت، بڕیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لە کاتێکی زۆر گونجاودابوو، ھەر دوای بڕیارەکە کۆمەڵێک پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە سنوورەکە جێبەجێ کران، ئەو پلانانەی حکوومەتی ھەرێم بۆمانی داناوە ھەنگاو بە ھەنگاو جێبەجێمان کردووە، ھەر لە پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان تا دەگاتە شۆڕکردنەوەی دەستەڵاتە کارگێڕییەکان، بۆیە لە سەردەمی ئەو کابینەیە شۆڕشێکی ئاوەدانی دەستی پێکرد و ھەرێمی کوردستان پێی نایە قۆناغێکی دیکەوە و ئاوەدانییەکی زۆری بەخۆیەوە بینیوە، ھەروەھا دیدگای سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی چارەکردنی کێشەکانە لە بنەڕەتەوە.

بەگوژمەی ٢٠ ملیار دینار بەردی بناغەی کۆمەڵێک پڕۆژە دانرا
ڕاگەیاندنی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، بڵاوی کردووتەوە، لەسەر ڕاسپاردەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و لەژێر چاودێری ھەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، بە گوژمەی بیست ملیار دینار، بەردی بناغەی دروستکردنی “دووسایدی پیشەسازی کۆن ــ گەڕەکی بانە، پارکی نیشتمانی سۆران، شەقامەکانی کۆمەڵگەی گەڵاڵە و شەقامی سەرەکی دیانا ـ سەروچاوە” لە قەزای ناوەندی سۆران دانرا، پڕۆژەکان لەلایەن کاڤین گرووپ جێبەجێ دەکرێن، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، دەڵێت: ھەوڵدەدەین ئەم پڕۆژانە لە وەرزی زستانیش ڕانەگیرێن بۆ ئەوەی زوو تەواو بن، بە تەواوکردنیان ئاستی ئاوەدانی لە سنووری سۆران دەباتە قۆناغێکی نوێوە.

شەقامی ٤٠ مەتریی سۆران بە گوژمەی ٥٠ ملیار دینار دروست دەکرێت
پڕۆژەی شەقامی ٤٠ مەتریی سۆران کە ٥٠ ملیار دیناری بۆ تەرخانکراوە، بڕیارە بە دیزاینێکی نوێ دروست بکرێت، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، دەڵێت: پڕۆژەی چل مەتری پڕۆژەیەکی ستراتیژییە و دیزاینێکی نوێیان بۆ کردووە و لە ھۆڵی بۆنەکان دەست پێدەکات تاوەکو شوێنی باڵەخانەی ئیدارەی سۆران و ٥٠ ملیار دیناری بۆ تەرخانکراوە، بە تەواوبوونی ئەو شەقامە خزمەتێکی زۆر بە ڕێگەوبانی سۆران دەکات، ھەرچی پڕۆژەی ئۆڤەر پاسی دەروازەی سۆرانە کۆتایی ئەم ساڵ تەواو دەبێت.

دوو سایدی سپیلک – خەلیفان دەکرێتەوە
لەبارەی تەواوبوونی پڕۆژەی ڕێگەی سپیلک – خەلیفان، ھەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، ڕاگەیاند، دوو سایدی سپیلک -خەلیفان کۆتایی ئەم مانگە تەواو دەبێت و بەڕووی ھاووڵاتییان و شۆفێراندا دەکرێتەوە.

دوو پارکی گەورە دروست دەکرێن
سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، دەشڵێت: ھەردوو پڕۆژەی پارکی نیشتمانی و پارکی ناو شار، ماوەیەک بەر لە ئێستا بەردی بناغەیان لەلایەن سەرۆکی حکوومەتەوە بۆ دانرا، پڕۆژەی نیشتمانی کە نزیکەی ٣٠٠ دۆنمی بۆ تەرخان کرابوو و پێشتر دیزاینی بۆ کرابوو، دووبارە سەر لە نوێ دیزاین کرایەوە، ئێستا ڕووبەرەکەی زیاتر لە ٤٢٠ دۆنمە، ئەوەی جێگای خۆشحاڵییە دەروازەی ئەو پڕۆژەیە دەکەوێتە ناو بازاڕ، ھاووڵاتییان دەتوانن لە دەرگای ناو بازاڕی سۆرانەوە بێنە ناو پارکەکە تا دەگاتە خوار ھۆڵی بۆنەکانی سۆران، بە تەواوبوونی ئەو پارکە، سۆران لەڕووی سەوزاییەوە دەچێتە قۆناغێکی دیکەوە، ھەروەھا پانتاییەکی زۆری سەوزایی لەناو سەنتەری سۆران بۆ ھاووڵاتییان دابین دەکرێت، بەھەمان شێوە پارکی ناو شار جارێکی دیکە دیزاینێکی دیکەمان بۆ کردەوە، بۆ ئەوەی بتوانین زیاتر سوودی لێ وەربگرین، ئێستا دیزایینەکەی تەواو بووە، لەم چەند ڕۆژەدا دەچێتە بواری جێبەجێ کردنەوە.

گرنگی زۆر بە ھەر دوو کەرتی پەروەردە و تەندروستی دراوە
ھەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، ئاماژەی بەوەشکرد، ملیارێک و نۆ سەد ملیۆن دینارمان لە نۆژەنکردنەوەی قوتابخانەکان خەرجکردووە، ھاوکات لە کەرتی تەندروستیش کاری زۆر باش کراوە و لە زۆر شوێن بنکە و نەخۆشخانەی نوێ دروست دەکرێن، لە ھەمان کاتدا ئێستا زۆربەی نەشتەرگەرییەکان لە سۆران دەکرێن و پزیشکی پسپۆر دابین کراون، ناردنی نەخۆشیش بۆ ھەولێر زۆر کەمبووەتەوە.

١٥٦ مۆڵەت بە پڕۆژە گەشتیارییەکانی ئیدارەی سۆران دراوە
سۆران، یەکێکە لەو دەڤەرانەی کوردستان کە زۆرترین شوێنی گەشتیاری ھەیە و لە وەرزە جیاوازەکاندا زۆرترین گەشتیار ڕووی دەکەن، بەگوێرەی زانیارییەکانی بەرێوەبەرایەتیی گەشتوگوزاری سۆران، بەشێکی زۆری ئەو شوێنە گەشتیارییانە مۆڵەتیان نەبووە، دوای بڕیارەکانی سەرۆکی حکوومەت بۆ لێخۆشبوون لە کرێی ئاو و کارەبا و کەمکردنەوەی باج، ١٥٦ شوێن مۆڵەتیان وەرگرتووە، فەیسەل سادق، بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری سۆران، گوتی: یەکێک لە خواستەکانی خودی سەرۆکی حکوومەت ئەوەیە سۆران ببێتە ناوچەیەکی گەشتیاری سەرنجڕاکێش، ئەوەش بەوە دەکرێت کە ناوچەکە لەڕووی کوالیتی و جۆری پڕۆژەکان بگاتە ئاستێکی بەرزتر. ئاماژەی بەوەش کرد، ٢٠ تا ٣٠ مۆڵەتی گەشتیاریی ھەبووە لەو سنوورە، ئێستا گەیەندراوەتە ١٥٦ مۆڵەتی گەشتیاریی، ئەمەش خاڵێکی ئەرێنی بوو بەوەی کە گەشتوگوزار بتوانێت چاودێرییەکی چڕتر بخاتە سەر کار و پڕۆژەکانی کەرتی گەشتوگوزار، کە ھەم خزمەتی گەشتیاران بکات، ھەم کوالیتی پڕۆژەکان بەرزتر بکاتەوە.

پڕۆژەی ڕیسایکلین
ھەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، دەڵێت: لە چەند ھەفتەی داھاتوودا بەردی بناغەی پڕۆژەی ڕیسایکلین لەلایەن سەرۆکی حکوومەتەوە دادەنرێت و لە ماوەیەکی کورتدا دەچێتە خزمەت ھاووڵاتییانەوە، کە یەکێکە لە پڕۆژە ستراتیژییەکان، ھەروەھا لە ئایندەیەکی نزیکدا بەردی بناغەی دوو سایدی حاجی ئۆمەران دادەنرێت و دەچێتە بواری جێبەجێ کردنەوە.
ھەڵگورد شێخ نەجیب، ئاشکراشی کرد، ئەو بەرنامە و پلانەی کە سەرۆکوەزیران جێبەجێی دەکات، کوردستانی بردووەتە قۆناغێکی دیکەوە، بەڵام بەشێک لە لایەنەکان چاویان بەو سەرکەوتن و پێشکەوتنانە ھەڵنایەت و دێن بەربەست بۆ کارەکانی سەرۆکوەزیران دروست دەکەن.

ھەواڵی زیاتر