سەرۆکی گشتی ھودا پار و شاندێکی یاوەری سەردانی مەکتەبی سیاسی پارتیان کرد

دوێنێ، لە بارەگای مەکتەبی سیاسی لە پیرمام، فازڵ میرانی بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی پێشوازی لە شاندێکی ھودا پار بە سەرۆکایەتیی (زەکەریا یاپیجی ئۆغلو) سەرۆکی گشتیی ھودا پار کرد.

لە دانیشتنێکدا کە سیداد بارزانی ئەندامی دەستەی کارگێڕی و د. کەمال کەرکووکی و نەوزاد ھادی ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و جوان یونس ڕۆژبەیانی ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی ئامادەی ببوون، فازڵ میرانی، بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی، وێڕای زۆر بەگەرمی بەخێرھێنانی شاندی میوان پیرۆزباییان کرد بە بۆنەی بەستنی کۆنگرەی حەوتەمی ھودا پار و سەرکەوتنی کۆنگرەکە.
ھەروەھا میرانی پوختەیەک لەسەر ڕەوشی ناوچەکەی خستەڕوو و کاردانەوەکانی بە ھەستیار لە قەڵەم دا و ئاماژەی بەوەدا کە ناوچەکە لە شڵەژانێکی خراپ دایەو کاریگەریشی لەسەرتاسەری ناوچەکە کردووە.
ھاوکات فازڵ میرانی دووپاتی کرد کە ھێزە سیاسیەکانی ھەرێمی کوردستان لەخۆ ئامادەکردندان بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان و بەتایبەت پارتی دیموکراتی کوردستان ئامادەیە بۆ ئەنجامدانی ئەم ھەڵبژاردنەو ھیوادارین ھەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد بکرێت و حکوومەتێک پێکبھێنرێت کە لە خزمەتی گەلی کوردستاندا بێت.
میرانی تەئکیدی کرد کە پەیوەندییەکانی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و ھودا پار پەیوەندی ھەرە باش و سەرکەوتووە و ئەم پەیوەندیانە لە خزمەتی ھەردوولا دایەو پێشخستنی ئەرکی ھەردوولایە.
لەلای خۆیەوە (زەکەریا یاپیجی ئۆغلو) سەرۆکی گشتی ھودا پار بە ناوی خۆی و شاندەکە زۆر سوپاسی مەکتەبی سیاسیی پارتی کرد بۆ ڕەخساندنی ئەم دیدارەو پوختەیەکی لەسەر کارو چالاکی ھودا پار خستەڕوو، ھەروەھا دووپاتی کرد کە ئێستا ھودا پار (٤) ئەندام پەرلەمانیان ھەیە لە پەرلەمانی تورکیاو ھودار پار لە خەباتی سڤیل بۆ خزمەتکردنی گەلانی تورکیا بەردەوامە.
ھەروەھا (زەکەریا یاپیجی ئۆغلو) سەرۆکی ھودا پار خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بە ئەنجامدانی ئەم سەردانە و خۆشحاڵی خۆی دەربڕی کە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ پارتی دیموکراتی کوردستان بەرەو پێش دەڕوات و ھەبوونی سەرۆک بارزانی وەک مەرجەع ھێزێکی گەورەیە بۆ ھەموو لایەنەکان و ھیوای خواست کوردستان ھەر لە گەشەسەندندا بێت.

ھەواڵی زیاتر