لە سلێمانی داهاتی پرۆژەکان خەرج دەکرێن و پرۆژەکانیش جێبەجێ نابن

پاڤین ڕەمەزان – هەولێر

پرۆژەی شۆڕکردنەوەی دەسەڵات و لامەرکەزییەتی ئیداری، بەشێک بوو لە ئەجێندا و کارنامەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی، جێبەجێ کردنی ئەم هەنگاوەش لە پێناوی هاووڵاتیاندا بوو، تاکو بتوانرێت بە کەمترین کات سوودمەند بێت لە خزمەتگوزارییەکان و لە لایەکی دیکەوە زیاد کردنی داهات بوو.

لە ماوەی ٥ ساڵی ڕابردوودا ئەو پرۆژەیە بە کردەیی جێبەجێ کراوە و کاریگەریی هەبووە بەسەر کەمکردنەوەی ڕۆتین و باشتر خزمەتکردنی هاووڵاتیان، پارێزگای هەولێر و دهۆک و ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، لەگەڵ جێبەجێکردنی ئەو پرۆسەیە خەریکە پێدەنێنە قۆناغێکی دیکەوە لە بواری خزمەتگوزاریی و جێبەجێ بوونی پرۆژەکان، بەڵام ئەمەش جارێکی دیکە دەردی پارێزگای سلێانی چارە نەکرد و ڕەوشەکە بەرەو خراپتریش چووە.
هاوڵاتییەکی سلێمانی، باس لەوە دەکات، پرۆژەکانی سلێمانی ئەوەندە لەمێژە بڕیاری جێبەجێکردنیان دراوە بە وتەی خۆی گومانی لەوەدا نییە چەندین جار بە ناوی هەمان پرۆژەوە ساڵانە داهاتی گشتی پارێزگاکەی لێ بەهەدەر دراوە و نە پارە ماوە و نە پرۆژەکەش چووەتە بواری جێبەجێ کردنەوە.
پێشتر دەسەڵاتدارە ئیدارییەکانی ئەو پارێزگایە گلەیی ئەوەیان دەکرد حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دەسەڵاتەکانی مەرکەزییە و وەک پێویست ئاوڕی لە پارێزگای سلێمانی نەداوەتەوە، بەڵام بە جێبەجێ کردنی پرۆژەی شۆڕکردنەوەی دەسەڵاتە کارگێڕی و داراییەکان، ئێستا چیتر ئەو بیانووە نەماوە و هاووڵاتیانی سلێمانیش کە سەرەتا دڵخۆش بوون بە بڕیارەکە، ئێستا لە هەمان دۆخی خزمەتگوزاریدان و هیچ پرۆژەیەکی ستراتیژیش جێبەجێ نەکرا.
پێشتر ئەندامێکی خوولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان، ئەوەی ڕاگەیاندووە؛ لە ماوەی 10 ساڵی ڕابردوودا، تەنها سێ پڕۆژەی دیار لە سلێمانی ئەنجامدراون، ئەوانیش سێ پڕۆژەی ئەندەرپاس و شەقامن، دوانیان لە بازنەیی مەلیك مەحمودو یەكێكیش نزیك باخی بەختیاریی، پارە و بودجەی هیچ یەكێك لەم سێ پڕۆژەیە لە حكوومەت و داهاتی سلێمانی خەرج نەكراوە.
ئەو ئەندامەی پەرلەان هەر لەو بارەیەوە وتوێتی؛ لە سەرەتای ئەمساڵەوە، تەنها داهاتی ناوخۆی سنوری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیان و ڕاپەڕین(واتە گومرگ، باج، ڕسومات) نزیكەی یەك ترلیۆن دینار بووە، ئەم پارەیە یەك دیناری بۆ مووچە خەرج نەكراوە، هیچ پڕۆژەیەكی دیاریی ستراتیجی پێ تەواو نەكراوە، پارەی كۆمپانیاكانی دەرمانی لێ خەرج نەكراوە و هێشتا نەخۆشخانەكان بەدەست كەمی دەرمان و پێداویستییەوە گیرۆدەن و دەپرسێت، كەواتە ئەو ملیارەها دینارەی داهاتی ناوخۆی سلێمانی لە كوێیەو چی لێدێت؟.
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سەرباری شۆڕکردنەوەی دەسەڵاتە کارگێڕی و داراییەکانیش، هەوڵەکانی خۆی خستووەتە گەڕ و لە ڕابردوودا چەندین سەردانی مەیدانی هەبووە بۆ پارێزگای هەڵەبجە و دەیەوێت ببێتە ناوچەیەکی گرنگ و پڕ بێت لە پرۆژەی وەبەرهێنان و ئاوەدانی. وە هەر لە پێناو گەیاندنی خزمەتگوزاری بە پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە، سەرۆکی حکوومەت دەیان ڕاسپاردە و تەواوی داواکارییەکانی هەردوو پارێزگای بەجێگەیاندووە.