ئەشکەوتی میرکەلۆس لە سۆران؛ شوێنێکی ستراتیجی و سەرنجڕاکێش

گەرمیان گلی – هه‌‌ولێر

ئەشکەوتی میرکەلۆس دەکەوێتە زنجیرەچیای برادۆست؛ لە پێنج کیلۆمەتر ئەولاترەوە دەڕوانێتە سەر گوندی هاودیان، سەر بە ناحیەی دیانا لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران؛ شوێنەکەی ستراتیژی و سەرنجڕاکێشە. دەڵێن وەختی خۆی قەڵایەکیشی لەسەربووە.

مێژووناس ئازاد بەکر، کە خۆی خەڵکی ئەو دەڤەرەیە، دەربارەی ئەشکەوتی میرکەلۆس دەڵێ: بەپێی سەرچاوە مێژووییەکان، میرکەلۆس یەکێک بووە لەو میرانەی سنووری میرنشینی سۆران، کە لە سەردەمی عوسمانییەکان لە سەرەتای سەدەی چواردەدا وەکو یەکەمین کەس فەرمانڕەوایەتیی ناوچەکەی کردووە، بەمەش تائێستا شوێنەواری قەڵا و قوللە و شوورای لە ناوچەکەدا ماون، یەکێک لەوانەش بریتییە لە ئەشکەوتی میرکەلۆس لە گوندی هاودیان، هەروەها کوڕەکەی هان داوە بۆ ئەوەی شوێنی بگرێتەوە، بەمەش میر عیسای کوڕی کەلۆس بەگ، لەنێوان سەدەی چواردە و پازدەدا دامەزرێنەری میرنشینی سۆران بووە و وەکو یەکەمین میرنشین لە ناوچەکەدا و دەسەڵاتێکی فراوانی گرتوووەتە دەست.
دەڵێتیش: سەدەکانی ڕابردوو چەند میرنشینێک لە کوردستان فەرمانڕەوایییان کردووە، یەکێک لەو میرنشیناشە میرنشینی سۆران بووە، کە بۆ ماوەیەکی دوورودرێژ فەرمانڕەوایەتیی کردووە، هەروەکو میرانی سۆران بۆ خۆپاراستن و پارێزگاریکردن لە میرنشینەکەیان هەوڵیان داوە قەڵا و قوللە دروست بکەن، هەروەها سوود لە ئەشکەوتەکان وەربگرن، تەنانەت بۆ کاتی پشوودان و جەنگەکانیش، بۆ نموونە، ئەشکەوتی وەکو: میرکەلۆس، ئاکۆیان، بەستوون، دەیان، زارگەلی و ئەمانە. ئەشکەتی میرکەلۆس دەکەوێتە زنجیرەچیای برادۆست و، هەر پێنج کیلۆمەتر لە گوندی هاودیانەوە دوورە؛ لە شوێنێکی بەرزەوە دەڕوانێتە دەوروبەری دەشتەدیان و وەک چاودێرێک وایە بۆ ناوچەکە.
ئەو ئەشکەوت و شوێنەوارە مێژووییانە نابێ پشتگوێ‌ بخرێن؛ گرنگییان پێ بدرێت، تا بکرێت لە ڕووی شوێنەواری و گەشتیارییەوە سوودیان لێ وەربگیرێت، بۆ ڕاکێشانی گەشتیاران؛ بۆ نموونە، پارێزگاریکردن لێیان و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری وەک ڕێگاکێشان و ئەو پێداویستییانەی گرنگن لە دەوربەری ئەو ئەشکەوتانە دابین بکرێن، لەگەڵ ئەوەشدا بە هیچ شێوەیەک لێ نەگەڕێن خەڵک دەستکاریی ناو ئەشکەوتە شوێنەوارییەکان بکات، بۆ ئەوەی سروشتی خۆیان لەدەست نەدەن، مەگەر تەنیا تیمەکانی پسپۆری شوێنەواری بۆیان هەبێت لێکۆڵینەوەی زانستی لەسەر بکەن.
ئەو مێژووناسە باسی قەڵاکەی میرکەلۆس دەکات و دەڵێ: قەڵاتەكە دەكەوێتە سەر ئەشكەوتی هاودیان و لە شوێنێكی بەرزەوە دەڕوانێتە دەوروبەر و دەشتەدیان و وەك چاودێرێك وایە بۆ ناوچەكە، ئێستا بناغەی قەڵاكە ماوە کە دیوارەکەی یەک مەتر پانە و لە قسڵ و گێچ دروست كراوە، بەردەكانیشی بە شێوەیەکی زۆر ئەندازەیی دانراون و خۆڕاگرن. بەپێی لێكۆڵینەوەكانمان، قەڵاتەكە یەك نهۆم بووە و پێنج مەتر بەرز بووە، لە دیوی پێشەوە چوار پەنجەرەی لە شێوەی لاكێشەیی هەبووە و لە دیوی پشتەوە چەند دەلاقەی هەبووە، لەسەر قەڵاتەكەش شوێنی ئازووقە و خواردن و تەویلەی ئەسپەكان هەبووە، هەروەها كارێزێكی پڕ لە ئاو لە سەروكانیی هاودیان هەبووە کە لە ڕێگەی ئەشكەوتەكەوە ئاوەکەی هێنراوەتە ناو قەڵاتەكە. دەرگا و پەنجەرەكانی قەڵاتەکەش لە داری گوێز و توو و چنار دروست کراون کە دارێكی خۆڕاگرن و بەرگەی ساردی و گەرمی دەگرن، شوێنی پەیژە، یان قادرمەکانی چوونە ناو قەڵاتەكەش دیارە.
زیاتر ئاماژەی پێ دا: مێژووی دروستكردنی قەڵاتی میركەلۆس بە ڕوونی نەزانراوە، چونكە هیچ نووسراوێك لەسەر بەرد و دیوارەكانی بەرچاو ناكەوێت، سەرچاوەیەكیش لە بەردەستدا نییە و تەنیا مرۆڤە بەتەمەنەكان بینیویانە و بۆ نەوەی دوای خۆیان باسیان كردووە. لە دەوروبەری قەڵاتی میر چەند قەڵاتێكی دیكە هەن بە ناوەكانی قەڵاتۆك، قەڵاتی قوچاكەمەری، قەڵاتا سەركەتەشی، كەونە قەڵات، قەڵاتی دەردوك. قەڵاتی میرکەلۆس ١٠ كم لە ڕۆژئاوای شاری سۆران دوورە و بە هۆكارێكی سروشتی لە چیای برادۆست جیا بووەتەوە و تەنیا چەند مەترێك لە گوندی هاودیانەوە دوورە.

ھەواڵی زیاتر