پارێزگاری هەولێر: چاوپۆشى لەو لایەنانە ناکەین کە زێدەڕۆیى دەکەنە سەر موڵکى گشتیى

پارێزگارى هەولێر جەخت لەوە دەکاتەوە، “بە هیچ شێوەیەک نابێت چاوپۆشى بکرێت لەو کەس و لایەنانەى زێدەڕۆیى دەکەنە سەر موڵکى گشتیى”. 

ئه‌مرۆ سێشه‌ممه‌ 2024.9.3، به‌ سه‌رپه‌رشتی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هه‌ولێر و بەئامادەبوونى هێمن قادر، جێگرى پارێزگار و ئەکرەم ئەحمەد، یاریدەدەرى پارێزگار و سەرجەم قائیمقامەکانى سنوورى پارێزگاى هەولێر و بەڕێوەبەرى پۆلیسى دارستان و بەرێوەبەرانى بەشێک لە ناحییەکان و بەڕێوەبەرى خانووبەرەى میرى، لە پێناو بەرژەوەندیی گشتیی و نەهێڵانى زێدەڕۆیی و سەرپێچى لە سەر موڵکى حکوومی، لە دیوانى پارێزگا، کۆبوونەوەیەک کرا.

لە کۆبوونەوەکەدا، پارێزگارى هەولێر، تیشکى خستە سەر بڕیارى سەرۆکایەتى ئەنجوومەنى وەزیران و، جەختى لەوە کردەوە، “بە هیچ شێوەیەک نابێت چاوپۆشى بکرێت لەو کەس و لایەنانەى زێدەڕۆیى دەکەنە سەر موڵکى گشتیى، بۆ ئەو مەبەستەش سەرجەم لایەنەکانى ڕاسپارد بەردەوام بن لە ڕێگە گرتن لە ئەنجامدانى هەر جۆرە زێدەڕۆییەک و هەرکەس و لایەنێکیش دەستدرێژی بکاتە سەر ئەرد و موڵکى گشتیى ڕێکارى یاسایی لە بەرامبەردا بگیرێتەبەر، دووپاتیشى کردەوە پاراستنی موڵکى گشتیی ئەرکی هەموو لایەکە، ئێوەش تاکو لەو ئەرکەدان لە ئاست ئەو بەرپرسیاریەتیەن، بۆیە ئەوەی گرنگە رێگە نەدانە بەهیچ کەس و لایەنێک کە زێدەڕۆیی بکاتە سەر موڵکی گشتیى”.

لە تەوەرێکى ترى کۆبوونەوەکەدا، پارێزگاری هەولێر جەختی لە هەماهەنگى و هاوکارى نێوان لایەنە پەیوەندیدارەکان و لیژنەى زێدەڕۆیی پارێزگاى هەولێر بە سەرۆکایەتى جێگرى پارێزگار  کردەوە بۆ چاودێریکردن و بەدواداچوون و گرتنەبەرى ڕێ و شوێن و ڕێکارى پێویست لە هەر شوێنێك زێدەڕۆیی هەبێت.