وەزیری پێشمەرگە پێشوازی لە کونسوڵی گشتیی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان کرد.

ئەمڕۆ ٢ـی ئەیلولی ٢٠٢٤، بە بۆنەی کۆتاییهاتنی ئەرکەکەی، شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری کاروباری پێشمەرگە پێشوازی لە بەرێز کلاوس شترایشەر، کونسوڵی گشتیی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان، کـە بە مەبەستی ماڵئاواییکردن سەردانی وەزارەتی پێشمەرگەی کرد.

لەو دیدارەدا، کە عبدالخالق بابیری، بریکاری وەزارەت تێیدا ئامادەبوو. وەزیری پێشمەرگە سوپاسی هەوڵ و هەنگاوەکانی کونسوڵی ئەڵمانیای کرد لە ماوەی ئەرکەکەی لە هەرێمی کوردستان هەروەها رایگەیاند؛ پاڵپشتی و پشتیوانی گەل و حکومەتی ئەڵمانیا بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان و بە تایبەت بۆ وەزارەتی پێشمەرگە بەرزدەنرخێنین، ئومێددەکەین پەیوەندییەکانمان بەردەوام بن و هەماهەنگی زیاتر لە نێوانماندا درووست ببێت.

کونسوڵی گشتیی ئەڵمانیا، دڵخۆشی خۆی دەربڕی لە ماوەی ئەرکەکەی لە هەرێمی کوردستان. رایگەیاند: وەزارەتی پێشمەرگە لە پرۆسەی چاکسازی و یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە هەنگاوی زۆر باشی بریوە.
لە کۆتایدا،کونسوڵی گشتیی ئەڵمانیا پشتیوانی و هەماهەنگی زیاتری وڵاتەکەی بۆ وەزارەتی پێشمەرگە دووپاتکردەوە.
••••••••••