هەردوو شەقامی 150 و 120 مەتری سەوز دەکرێن

سەرۆکی شارەوانیی هەولێر ڕایگەیاند، کۆمەڵێک بەربەست لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە بۆ هەرێم دروست کراوە، لەگەڵ ئەو هەموو بەربەستانەش حکوومەتی هەرێم لە گەیاندنی خزمەتگوزارییەکان نەوەستاوە و پلانی هەیە بۆ سەوزکردنی هەردوو شەقامی 150 و 120 مەتری.

ئەمڕۆ دووشەممە، 2ـی ئەیلوولی 2024، کارزانی هادی، سەرۆکی شارەوانیی هەولێر ڕاگەیاند، لە ماستەر پلانی هەولێر پشتێنەی سەوز بە بە قووڵایی دوو کیلۆمەتر لە چوار دەوری شاری هەولێر دیاری کراوە، بەڵام بەداخەوە کۆمەڵێک بەربەست لەبەردەم حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا دروست کراوە .

سەرۆکی شارەوانی دەڵێ: بەهۆی چالاکیی پرۆژە بۆ هەرێمی کوردستان، بەتایبەت هەولێر، کۆمەڵێک بەربەست لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە بۆ هەرێم دروست کراوە، لەگەڵ ئەو هەموو بەربەستەش حکوومەتی هەرێم لە گەیاندنی خزمەتگوزارییەکان نەوەستاوە.

دەشڵێت: یەکێک لە کارنامە سەرەکییەکان کە کاری لەسەر کراوە، زۆرکردنی سەوزایی بووە لە شاری هەولێر، پێش دوومانگ سەوزایی ڕێگەی سەرەکی هەولێر پیرماممان بە ڕووی هاووڵاتییاندا کردەوە؛ کەمتر لە دوومانگیش بەردی بناغەی دوو پرۆژەی سەوزاییمان داناوە، یەکێکیان سەوزای یەکتربڕی ڕەشکینە، ئەویدیکەشیان یەکتربڕی ڕێگەی موسڵ.

سەرۆکی شارەوانیی هەولێر گوتیشی: ئێمە ئەولییەت دەدەینە پرۆژەکان، بەتایبەت ئەو شوێنانەی کە پێویستی بە خزمەتگوزاری بووە پێمان گەیاندوون، ئەو شوێنانەشی پێویستییان بە چاککردنەوە بووە وەک شەقامە گشتییەکان چاککراوە، سەوزایش سێکتەرێک بووە گرنگی پێدراوە، کە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی ئەندازەی پارک و باخچەکانمان، کۆمەڵێک دار لە شەقامە گشتییەکان چێنراون.

باسی لەوەش کرد، کە دوو ڕۆژ لەمەو بەر لەگەڵ پارێزگاری هەولێر سەردانی پارکێکیان کردووە، کە لە گەڕەکی ژیان دروست دەکرێت. هەروەها دەڵێت: ئێمە پلانی کورتخایەن و درێژخایەنمان هەیە، لە ئایندەشدا هەموو هەوڵێک دەدەین پرۆژەی زیاتر دروست بکەین.

کارزان هادی ڕاشیگەیاند، پلانمان هەیە بۆ بە سەوزاییکردنی هەردوو شەقامی 150 و 120ـی ئەوەی کەماویەتی، بەڵام گرفتێکی دیکەشمان هەیە، جگە لە نەبوونی بوودجەی پێویست ئەویش ئاوە، چونکە ئێستە زیاتر بایەخ بەوە دراوە ئاو بۆ ماڵان دابین بکرێت، لە ئایندەدا هەموو ئەوانە چارە دەکەین و سەوزایی بەڕێژەیەکی بەرچاو زیاد دەکەین.

هەروەها لە هەمووارکردنەوەی ماستەر پلانیش ڕێژەی سەوزایی زیاد کراوە، بۆ ئەوەی بتوانین ژینگەیەکی تەندروست بۆ شاری هەولێر و خەڵکەکەی دەستەبەر بکەین.

ھەواڵی زیاتر