سیاسەتی بە عەرەبکردنی کەرکووک بەردەوامە

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

دوای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگا، کەرکووکییەکان چاوەڕوانی ئەوە بوون ئاڵای کوردستان بگەڕێتەوە دەست پەیکەری پێشمەرگە، بەڵام هەڵوێستی هەندێک لایەنی کوردی کەرکووکییەکانی شۆک کردووە، لە دوای ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ بە گوێرەی بەڵگە و ئامارەکان زیاتر لە سەد هەزار خێزانی عەرەب لە شارەکانی دیکەوە هێنراونەتە کەرکووک، حەسەن مەجید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، دەڵێت: تەعریب لەم شارە چووەتە قۆناغێکی مەترسیدار و کردنی سەرژمێری لەم دۆخەدا بە زیانی کورد دەشکێتەوە.

هەندێک لە بەرپرسانی عەرەب بە ئاشکرا دەڵێن، ئەوان ڕێککەوتنیان لەگەڵ سەرکردایەتی تازەی یەکێتی کردووە، ڕێککەوتنەکە بەو شێوەیە نابێت پێشمەرگە، ئاسایش و ئاڵای کوردستان بگەڕێنەوە کەرکووک. چاودێرانیش دەڵێن، ئەو ڕێککەوتنە وا کراوە کە هیچ ڕەوایەتیەکی تێدا نییە بۆ کورستانیەتی کەرکووک، شەهیدبوون و بەرگری و قوربانیدانی پێشمەرگە لە کەرکووک بە بڕیارێکی سیاسی لە هۆتێل ڕەشید لەناوچوو.
هەندێک لایەن لە کەرکووک تەنیا خەمی پۆست و پلەیان هەیە و هیچی دیکەیان نییە، بێ ئاگان لەوەی عەرەبی هاوردە شارەکەیان داگیر کردووە و پارەی خانووبەرەیان پێ دەدرێت بۆ ئەوەی خانوو دروست بکەن.
هەوڵەکانی گۆڕینی دیمۆگرافیای شارەکە لە دوای ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ گەیشتووتە ئاستێکی مەترسیدار بەجۆرێک کاریگەری لەسەر داهاتووی شارەکە دروستکردووە، بووەتە مەترسی لەسەر دابڕاندنی کەرکووک لە ناسنامە کوردستانییەکەی، ئەمەش لە کاتێکدایە پرۆسەی سەرژمێری گشتیی دانیشتووان و نیشتەجێبوون بڕیارە بکرێت.
ژمارەی دانیشتووانی کەرکووک لەدوای پرۆسەی ئازادیی عێراقەوە بەشێوەیەکی بەرچاو زیادیکردووە، بە جۆرێک لە حەوت سەد هەزار کەسەوە گەیشتووەتە زیاتر لە ملیۆنێک و پێنج سەد هەزار کەس کە زۆرینەی زیادبوونەکە لەنێو عەرەبدایە.
نەخشەی جوگرافیی شاری کەرکووک وا هەڵکەوتووە، گەڕەکە زۆرینە عەرەبی و تورکمانییەکان کەوتوونەتە باشوور و ڕۆژئاوای شارەکە، ناوچە کوردییەکانیش لە باکوور و ڕۆژهەڵاتن، بەڵام کورد جگە لەو ناوچانە، پێشتر بەشێک لە دانیشتووانی باشوور و ڕۆژئاوایان پێکدەهێنا، ئێستا خەریکە ژمارەیان لەو شوێنانە زۆر کەم دەبێتەوە، گەڕەکی کوردستان پێش ٢٠٠٣ سەربازگەبووە، کوردانی گەڕەکەکە، دەڵێن، خراپی خزمەتگوزاری و پەراوێزخستنیان لەلایەک و دۆخی سیاسی، وایکردووە زۆرترین کورد جێ بهێڵن.
حەسەن مەجید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، بۆ ڕۆژنامەی “هەولێر” ئاشکرای کرد: پرۆسەی بە عەرەبکردنی کەرکووک بە بەرنامە دەکرێت، هەر پرۆسەیەکیش بە بەرنامە بکرێت ڕاگرتنی زەحمەتە، هەر دوو گوندی مامە و عەلەغێر، هاوسنوورن لەگەڵ گوندە عەرەبەکان، عەرەبە هاوردەکان هاتوونەتە ناو گوندەکە و کۆڵان بە کۆڵان دەگەڕێن و خانووی هاووڵاتییانی کورد داگیر دەکەن، بۆیە پڕۆسەکە بەردەوامی لە سنوورەکە دەکرێت، وەکو فراکسیۆنی پارتی لە کاتی دەستبەکاربوونمان لێ ناگەڕێین کەس دەست بۆ هاووڵاتییانی کورد درێژ بکات تا ئەو شوێنەی پێمان بکرێت دەستەڵاتە یاساکانی خۆمان بەکاردێنین بۆ ڕاگرتنی ئەو پڕۆسانە.
ڕێکارەکانی نیشتەجێکردنی عەرەبی هاوردە لە کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان و ئەنجامدانی سەرژمێری، پێچەوانەی ماددە و بڕگەکانی ١٤٠ی دەستووری عێراقن. سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، دەشڵێ: تا ئێستا ماددەی ١٤٠ جێبەجێ نەکراوە، بەپێی ئەو ماددەیە بێت کۆتا خاڵ سەرژمێرییە، ئەمە لە کاتێکدایە بە سەدان خێزان قەرەبوو نەکراونەتەوە، هاووڵاتییانی کورد نەگەڕاونەتەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان، بۆیە ئەنجامدانی ئەو پڕۆسەیە لەو کاتەدا زەرەرمەندی یەکەم کورد دەبێت، چونکە شاڵاوی تەعریب زۆر بە چڕی دەکرێت بەتایبەتی لە دوای ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە، گەڕەکی نوێ لە خەڵکی تەعریب دروست کراون.

ھەواڵی زیاتر