مافی مرۆڤ داوای لێکۆڵینەوە لە کوشتنی هاووڵاتیەکی کوردستان لە ئیستانبوڵ دەکات

یەکشەممە 1ـی ئەیلوولی 2024، دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان لەبارەی کوشتنی هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی کەلەکچین، پەیامێکی بڵاو کردەوە تێیدا دەڵێت: بەداخەوە هەواڵی کوشتنی هاووڵاتیەکی هەرێمی کوردستانمان بیست کەخەڵکی کەلەکچینە لەسنوری شاری دهۆک بەناوی حەکیم لوقمان لەشاری ئەستانبولی تورکیا.

دەستەکە دەڵێت: بەگوێرەی قسەی کەسوکارەکەی، ئەوهاووڵاتییە تەنها لەبەر ئەوەی بەکوردی قسەی کردووە، لەلایەن چەند کەسێکەوە لە کافتریایەکی شاری ئەستانبول لە تورکیا هێرشی کراوەتە سەر ، دەڵێت: ئەو هەواڵە هەمووانی نیگەران کرد و پێشهاتێکی خراپە بۆ وڵاتێکی گەورەی وەک تورکیا کە بەوڵاتێکی گەشتیاریی ناسراوەو ساڵانە هەزاران هاووڵاتیی بۆ گەشت و بازرگانیی سەردانی ئەو وڵاتە دەکەن، بۆ هەرێمی کوردستانیش تورکیا وڵاتێکی گرنگ و دراوسێیە.

دەستەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە، سەرەڕای ئەوەی ئیدانەی کوشتنی ئەو هاووڵاتیە دەکەن، لەڕێگەی کونسوڵخانەی تورکیا لەهەرێم و لەڕێگەی حکوومەتی هەرێم و پەیوەندی دبلۆماسی نێوان هەردوولا، داوا دەکەن حکوومەتی تورکیا لێکۆڵینەوە لەڕووداوەکە بکات و تۆمەتباران بدۆزێتەوەو بیانداتە دادگا، هاوکات بەسزای یاسایی خۆیان بگەیەنێت، لەگەڵ ئەوەشدا ڕێکاری پێویست بگیرنە بەر بۆ پاراستنی گەشتیارو سەردانیکاران .

بەرەبەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە، 01-09-2024، سێ هاووڵاتیی دانیشتووی ناحیەی کەلەکچی لە سنووری پارێزگای دهۆک؛ لەگەڵ چەند کەسێک لە بەردەم هۆتێلی زووریچی ئیستانبوڵ بەشەڕ هاتن و بەهۆیەوە یەکێکیان بە چەقۆ کوژرا.

ئەو هاووڵاتییەی کەلەکچی کە لە شەڕەکەدا کوژراوە، ناوی “حەکیم لوقمان”ـە، کاری بازرگانیی ئۆتۆمبێل دەکات، تەمەنی نزیکەی 45 ساڵ دەبێت و باوکی سێ منداڵە.

هەر لە شەڕەکەدا، برا و ئامۆزایەکی حەکیم بە چەقۆ بریندار کراون و دواتر لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیر کراون؛ بەڵام بکوژی حەکیم و ئەوانەی لەگەڵی بوون، هەڵاتوون و تاوەکو ئێستە دەستگیرنەکراون.

ھەواڵی زیاتر