خالید عەباس، بەڕێوەبەری ئۆفیسی دهۆکی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنی عێراق: پرۆسەی پێدانەوەی کارتی بایۆمەتری بە هاووڵاتییان تا ١٧ـەی مانگی داهاتوو بەردەوام دەبێت

هەر کاتێک هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان بکرێت، چەند لایەنێکی سیاسی بۆ کۆکردنەوەی دەنگ چەک دابەشدەکەن، ئەوەش ژیانی کوردستانییان دەخاتە مەترسییەوە و بە دیاردەیەکی ناشیرین و دوور لە شارستانیی دەزانن. بەرپرسانی حکومی و کۆمیسیۆن، دەڵێن، هەر کەسێک چەک وەربگرێت یان دابەشبکات، وەکو یەک سزا دەدرێن.

هەموو ئامادەکارییەک بۆ هەڵبژاردن کراوە
خالید عەباس، بەڕێوەبەری ئۆفیسی دهۆکی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنی عێراق، دەڵێت: لە پارێزگای دهۆک ٤١ بنکە دەستنیشان کران بۆ ئەزموونکردنی ئامێرەکانی دەنگدان، لە هەر بنکەیەک وێستگەیەک دەستنیشان کرا بۆ دەنگدەری گشتی، فەرمانبەرانی کۆمیسیۆن بوونە دەنگدەر لە پرۆسەکەدا هەر سێ ئامێر کە لە هەڵبژاردن بەکاردێن، کاریان پێ کرا، لە هەمان کاتیشدا دوو وێستگەی تایبەت هەبوون، وێستگەیەک لە ئۆفێسی کۆمیسیۆن و وێستگەیەکیش لە بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی دهۆک کە دوو سەد کارمەندیان بەشداربوون لەو ئەزموونکردنە، ئامێرەکان سەرکەوتووانە کاریان کرد، ئامادەکارییەکانی دیکەش دەکەین، قۆناغی دوای ئەوە دابەشکردنی کارتی بایۆمەتری دەست پێ دەکات، ٩٦%ـی دەنگدەرانی سنووری پارێزگای دهۆک کارتی بایۆمەترییان وەرگرتووەتەوە، پرۆسەی پێدانەوەی کارتی بایۆمەتریش بە هاووڵاتییان تا ١٧ـی ١٠ـی بەردەوام دەبێت، ئەوەش ئەوە دەگەیەنێت ئامادەکاریی باش بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە دهۆک کراوە.

هەر کاندیدێک پابەندی ڕێنماییەکان نەبێت دووردەخرێتەوە
بەگوێرەی یاسای هەڵبژاردن دابەشکردنی چەک دەچێتە چوارچێوەی پێشێلکاری هەڵبژاردن و سزاکەی تا دوورخستنەوەی کاندیدەکەیە. مەڕوان محەممەد، بەرێوەبەری لقی هەولێری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، بۆ ڕۆژنامەی “هەولێر” دەڵێت: دوای پەسەندکردنی ناوی کاندیدان، بانگەشەی هەڵبژاردن دەست پێدەکات، هەر کەس و لایەن و کاندیدێکیش پابەندی ڕێنماییەکان نەبێت، جگە لە سزای پێبژاردن سزای زیندانیکردن و بڕیاری دوورخستنەوەی بەسەردا دەدرێت، بەخشینەوەی چەک لە پێشێلکارییە گەورەکانە، وابڕیارە لە ١٦ی ئەم مانگە دەست بە بانگەشەی هەڵبژاردن بکرێت تاوەکو ٤٨ کاتژمێر پێش دەنگدانی گشتی بەردەوام دەبێت.

باشترین زەمینە بۆ هەڵبژاردن دەڕەخسێنرێت
هێمن میرانی، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕاگەیاند، هەموو هێزە ئەمنییەکان بە سێ ئەلقە دابەش دەکرێن، پۆلیس ئەلقەی یەکەکی پاراستنی بنکەکانی دەنگدان و دەنگدەران لە ئەستۆ دەگرێت، هاوکات ئەلقەی دووەم دەکەوێتە ئەستۆی هێزەکانی ئاسایش و ئەلقەی سێیەمیش لە ئەگەری پێویستدا لە ئەستۆی هێزەکانی پێشمەرگە دەبێت، لە لایەکی دیکە هێزەکانی زێرەڤانی و فریاکەوتنیش وەکو هێزی پاڵپشتی لە ئەرکدا دەبن، ئەم ڕێکارانە سەرجەم شار و شارۆچکە و شارەدێکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و لە لایەن لیژنەی باڵای ئەمنییەوە کە وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەرۆکایەتیی دەکات، سەرپەرشتی دەکرێت و هەموو هێزەکانی هەرێمی کوردستان تێیدا بەشدار دەبن، لە پاڵ ئەم لیژنە باڵایەدا، لیژنەی لاوەکییش هەیە، کە پارێزگار و سەرپەرشتیارانی ئیدارە سەربەخۆکان، سەرپەرشتی دەکەن، بەرپرسانی ئەمنی، شارەوانی و پەروەردەیی و تەندروستی لە لیژنە لاوەکییەکاندا بەشداری دەکەن بۆ ئەوەی باشترین زەمینە بۆ هەڵبژاردنێکی هێمنانە و ئازادانە خۆش بکەن.

هەر کەسێک چەک دابەشبکات و وەری بگرێت دەدرێتە دادگە
وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان هۆشداری دەداتە ئەو حزب و لایەنانەی چەک بۆ کۆکردنەوەی دەنگ دەبەخشن. ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ، ئاشکرای کرد، بەپێی ئەو پلانەی کە دانراوە هەموو هێزەکان تێیدا بەشدار دەبن، بەپێی ئەو ڕێنمایانەی کە کۆمیسیۆن دیاری کردووە پلانی ئەمنی دادەڕێژرێت، هیوادارین هەموو لایەک هاوکار بن، بۆ ئەوەی زەمینەی کردنی هەڵبژاردنێکی ڕێکوپێک فەراهەم بکرێت، دیموکراسیەت و هەڵبژاردن پێویست بەوە ناکات چەک دابەش بکەی، سەرەتا هاووڵاتییان لەوە ئاگادار دەکەمەوە بەم شتانە هەڵنەخەڵەتێن، دەبێت لایەنە سیاسییەکان ڕێز لە یاسا بگرن و پەنا بۆ ئەم بابەتە نەبن، هەڵگرتنی چەک یاسای تایبەتی هەیە لە کابینەی نۆیەم یاسای چەکی بۆ دەرکراوە، هەندێک شتمان بیستووە هەندێک کەس دەستیان پێکردووە بەوەی کە چەک دابەش بکەن، ڕێنمایی و فەرمان دەرچووە بۆ هێزەکانی پۆلیس و ئاسایش و پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان، هەر کەس و لایەنێکی سیاسی چەک دابەش بکات، هەر هاووڵاتییەک ئەو چەکە وەربگرێت، ئەم چەکە قاچاغە و دەستی بەسەردا دەگیرێت و بەپێی یاسای چەک دەدرێتە دادگە و سزای یاسای خۆی وەردەگرێت.

ھەواڵی زیاتر