ژمارەی کوژراوانی غەززە بۆ 40691  کەس بەرز بووەوە

ژماره‌ی قوربانییانی هێرشه‌كانی سوپای ئیسرائیل بۆ سه‌ر كه‌رتی غه‌ززه‌ به‌رز بووه‌وه‌؛ هاوكات هه‌وڵه‌كان بۆ ئاگربه‌ست له‌ كه‌رته‌كه‌ به‌رده‌وامن.

شه‌ممه‌، 31ـی ئابی 2024، وه‌زاره‌تی ته‌ندروستیی غه‌ززه‌ ڕایگه‌یاند، تا دێ به‌هۆی هێرشه‌كانی سوپای ئیسرائیل بۆ سه‌ر كه‌رتی غه‌ززه‌ ژماره‌ی كوژراوان و برینداران زیاتر دەبن و له‌ هه‌مان كاتدا دانیشتووان تووشی برسییه‌تیی و نه‌هامه‌تیی سەخت بوونە.

وه‌زاره‌تی ته‌ندروستیی غه‌ززه‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد، به‌هۆی هێرشه‌ به‌رده‌وامه‌كانی ئیسرائیله‌وه‌ ژماره‌ی كوژراوان بۆ 40 هه‌زار و 691 كه‌س به‌رز بووه‌ته‌وه‌. هاوكات، ژماره‌ی برینداران گه‌یشتووه‌ته زیاتر له‌ 94 هه‌زار و 60 كه‌س. ڕوونیشی كردووه‌ته‌وه‌ 70%ـی قوربانییه‌كان منداڵ و ئافره‌تن.

وه‌زاره‌تی ته‌ندروستیی غه‌ززه‌ ڕوونیشی كردووه‌ته‌وه‌، له‌ 48ـی كاتژمێری ڕابردوودا، 89  كه‌س شه‌هید بوونه‌ و پتر له‌ 205 كه‌سی دیكه‌یش بریندار بوونه‌.

بەرەبەیانی چوارشەممە، 31ـی ته‌ممووزی 2024، بزووتنەوەی حەماس لە ڕاگەیەندراوێکدا کوژرانی ئیسماعیل هەنییە، بەرپرسی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەکە و پاسەوانێکی، لە ئەنجامی هێرشێکی ئیسرائیل لە تاران، ڕاگەیاند.

حەماس ئەوەشی خستە ڕوو، ئیسماعیل هەنییە دوای بەشداریی لە رێوەڕەسمی دەستبەکاربوونی سەرۆککۆماری نوێی ئێران، چووەتە شوێنی مانەوەی لە تاران و دواتر تیرۆر کراوە. 

ڕۆژی شه‌ممه‌ 29ـی حوزه‌یرانی 2024، کەرتی چاکسازیی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان لە تۆڕی ڕێکخراوە ناحکوومییەکانی فەڵەستین هۆشداری دا له‌ به‌رده‌وامی هێرشه‌كانی ئیسرائیل بۆ سه‌ر كه‌رته‌كه‌.

کەرتی چاکسازیی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان لە تۆڕی ڕێکخراوە ناحکوومییەکانی فەڵەستین ڕایگه‌یاند‌، تا ئێسته‌ له‌ ئه‌نجامی هێرشه‌كانی ئیسرائیلدا زیاتر له‌ 10 هه‌زار كه‌س كه‌ نیوه‌یان منداڵن كه‌مئه‌ندام بوونه‌.

پێنجشه‌ممه‌، 15ـی ئابی 2024، دانوستانه‌كانی ئاگربه‌ستی غه‌ززه‌ له‌ نێوان هه‌ردوو لایه‌نی پێكناكۆكی ئیسرائیل و بزووتنه‌وه‌ی حه‌ماس له‌ ده‌وحه‌ و به‌ نێوه‌ندگیریی قه‌ته‌ر، ئه‌مه‌ریكا و میسر ده‌ستی پێ كرد.

شه‌ممه‌، 17ـی ئابی 2024، دەستەی پەخشی سوپای ئیسرائیل لەسەر زاری ژمارەیەک فەرماندە و بەرپرسی ئەمنییەوە ئاشکرای کردووە “ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئیسرائیل بە شێوەیەکی گشتی لە کەرتی غەززە کۆتاییان هاتووە”.

دەستەی پەخشی سوپای ئیسرائیل باسی لەوەش کردووە “سوپای ئیسرائیل توانیویەتی زۆرینەی بنکە و بارەگاکانی حەماس لە کەرتی غەززە لەناوببات و کۆتایی بە ئۆپراسیۆنەکانی بهێنێت”.

ئاماژە بەوەش کراوە “لە دوای کۆتایی هاتنی ئۆپراسیۆنەکانیش، فەرماندە سەربازییەکانی ئیسرائیل، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلیان ئاگادار کردووەتەوە، ئێستا کاتی ئەنجامدانی ئاڵۆگۆڕی بارمتەکانە”.

ئاژانسی هەواڵی ئەسۆشەیتد پرێس ڕایدەگەیاندووه‌، لە سەرەتای هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە 13 فەرمانی چۆڵکردن لە لایەن سوپای ئیسرائیل بەسەر دانیشتووانی کەرتی غەززە سەپێندراوە و بەهۆیەوە ڕێژەی 90٪ـی چۆڵ کراوە. هێمای بۆ ئه‌وه‌ش كردووه‌، ژمارەی ئاوارەکانی کەرتەکە بە دوو ملیۆن و 100 هەزار کەس دەخەمڵێندرێت.

جۆرجۆس پیترۆپۆڵۆس، سەرۆکی ئۆفیسی هەماهەنگی کاروباری مرۆیی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لە غەززە ڕایگه‌یاندووه‌، تەنیا لە مانگی ئابدا فەرمانی چۆڵکردن لە دژی 250 هەزار کەس دەرچووە و  ڕووبەری مرۆیی لە 230 کیلۆمەتر بۆ 35 کیلۆمەتر کەم بووەتەوە.

ڕۆژی 7ـی ئۆکتۆبەری 2023، چەکدارەکانی بزووتنەوەی حەماس هێرشێکی بەرفراوانیان کردە سەر ئیسرائیل، لە هێرشەکەدا زیاتر لە هەزار و 400 ئیسرائیلی کوژران و سەدانی دیکەش بریندار بوون، هاوکات  240 هاووڵاتیی ئیسرائیل وەکوو بارمتە لەلایەن حەماسەوە ده‌ستبه‌سه‌ر كران.

ھەواڵی زیاتر