هەرێمی کوردستان لە بەرهەمی تەماتە گەیشتووەتە خۆبژێوی

بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر ڕایگەیاند، بەرهەمی تەماتەی شێخان، سیدەکان، حاجی ئۆمەران، پێنجوێن، پێداویستی ناوخۆیی پڕ کردووەتەوە و نرخەکەشی هەرزانە.

ئەمڕۆ شەممە، 31ـی ئابی 2024، هێمن سەید موراد، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، لە هەفتەی ڕابردوو نرخی تەماتە گەیشتە هەزار و 500 بۆ هەزار و 750 ئەوەش بەهۆی ئەوەی ئێمە سنوورەکانمان کردبووەوە و دواتر لای خۆمانەوە سنوورەکانمان کۆنترۆڵ کرد، ئەویش بە ئامانجی پشتگیریی جووتیاران و بەرهەمی ناوخۆ.

بەڕێوەبەرەی کشتوکاڵ دەڵێت: ئێمە ڕێگەمان بە هاوردە کردن نەدەدا، چونکە دەمانزانی بەرهەمی ناوخۆ لە ناوچەیەک ڕادەوەستێت، لە ناوچەیەکی دیکە بەرهەمە دەست پێ دەکات. بۆ نموونە؛ بەرهەمی تەماتەی حاجی ئۆمەران، سیدەکان، شێخان، پێنجوێن پێگەیشتووە، بەرهەمی تەماتەی ئەو چوار ناوچەیە، ئێستە پێداویستی ناوخۆیی پڕ دەکاتەوە و نرخەکەشی زۆر هەرزانە، لە نێوان 350 هەتا 750 دینارە.

بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵ دەشڵیت: ئەمڕۆ ڕێپیدانمان دایە جووتیارەکان تاکوو بتوانن بەرهەمەکانیان هەناردە بکەن، هەر ئەمڕۆ زیاتر لە 100 تۆن تەماتە هەناردەی بەغدا کراوە، ئەوەش لە پێناو ئەوەی باڵانسێک ڕابگیرێت لە نێوان جووتیار و هاووڵاتی، چونکە ئەو نرخەی کە هەیە، زیاتر دادەبەزێت جووتیار زیاتر زەرەرمەند دەبێت، بۆیە هەناردەکردنمان لە پاڵ ئەو نرخە هەرزانەدا کردەوە.

هێمن سەید موراد ڕاشیگەیاند، ئەو پلانەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی داینابوو لە 100% سەرکەوتوو بوو، ئەو بەرهەمەی لە ناوخۆ هەبوو، چاوەڕوان دەکرا پێداویستی پڕ بکاتەوە، بۆیە ئەو ڕۆژانەی بەرهەمی تەماتە تێیدا گران بوو، لای خۆمانەوە بەرگەی ئەو نرخەگرانەمان گرت، تاکوو جووتیاران زەرەر نەکەن و بەرهەمی هاوردەش نەیەتە ناو بازارەکانی هەرێمی کوردستان.