دوێنێ،لەسەر ڕاسپاردەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ، بە سەرپەرشتی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ؛ بەردی بناغەی چەند پرۆژەیەک لە سنووری قەزای باتیفا و ناحیەی بێگۆڤا دانران.
پرۆژەکانی ناحیەی بێگۆڤا بریتین لە:
- دروستکردنی دەروازەی ناحیەی بێگۆڤا
- نووژەنکردنەوەی گۆڕەپان و باڵەخانەی وەرزش و لاوان لە ناحیەی بێگۆڤا
- قیڕکردنی شەقامی گوندی سووریێ – شیلانێ
پرۆژەکەی قەزای باتیفا بریتییە لە:
نووژەنکردنەوەی ڕێگەی (تاوک – خراب بابک – گۆڤکێ – دووکەرێ) بە درێژایی 35 کیلۆمەتر
ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، یەکێک لە هەنگاوە گرنگەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بوو لەماوەی دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەم، شۆڕکردنەوەی دەسەڵاتە ئیدارییەکان بۆ پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان بوو، کە لەو ڕێگەیەوە کاروباری ئیداری ئاسانتر و دەسەڵاتی بڕیاردانیش زیاتر بوو.
ڕۆژی 20-09-2021، بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ دامەزرێندرا. بەم بڕیارە، دەستی زیاتری ئاوەدانی گەیشتە زاخۆ و کاروباری ڕۆژانەی خەڵکیش ئاسانتر ڕایی دەکرێن.
لەوکاتەوە تا ئەمڕۆ، بە گوژمەی زیاتر لە لە230 ملیار دینار، 286 پرۆژەی گەورە و بچووک لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ جێبەجی کراون، 218 پڕۆژە تەواو بوونە و 68 پڕۆژە لە جێبەجێکردندان و لە ماوەیەکی نزیکدا تەواو دەبن و دەچنە خزمەت هاووڵاتییان.
پرۆژەکان بەم شێوەیە بەسەر کەرتەکاندا دابەش بوون:
- کەرتی شارەوانی و ڕێگا و پرد: 90 پرۆژە
- کەرتی پەروەردە و خوێندنی باڵا: 17 پرۆژە
- کەرتی ئاو و ئاوی ژێرزەوی و چاندن: 45 پڕۆژە
- کەرتی تەندروستی: 20 پرۆژە
- کەرتی کارەبا: 33 پرۆژە
- کەرتی گەشتوگوزار و شوێنەوار: 16 پڕۆژە
- کەرتی فەرمانگەکانی حکوومەت و ئەوقاف: 54 پڕۆژە
لەو چوارچێوەیەدا، لە سەدا 81 ی شەقام و کۆڵانەکانی زاخۆ قیرتاو کراون و بەرپرسانی ئیدارەکە دەڵێن، لە ئاییندەیەکی نزیکدا شوێنێک نامێنێت قیرتاو نەکرابێت.
کردنەوەی بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکان
دوای ئەوەی زاخۆ کرایە ئیدارەیەکی سەربەخۆ، 7 بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی نوێ لەو سنوورە دامەزرێندراون، 17 بنکە و نووسینگە و بەش کراون بە بەڕێوەبەرایەتی. هاوکات 16 بەڕێوەبەرایەتی کراونەتەوە کە پێشتر لە زاخۆ نەبوون.