هاوپەیمانی مەسیحی: بەئامانجکردنی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی “نادادپەروەرانە و شەرمەزارانە و ناڕەوایە”

هاوپەیمانی مەسیحی لە هەرێی کوردستان، کە خۆی دەبینێتەوە لە پێکهاتەکانی کلدان، سریان، ئاشوری و ئەرمەنی، لە ڕێگەی بڵاو کردنەوەی بەیاننامەیەکەوە پشتیوانی خۆیان بۆ سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و حکوومەتەکەی دەربڕی و ڕایانگەیاند؛ بەئامانج کردنی سەرۆکوەزیران، ناڕەوایە، خزمەت بە ئەجێندای دوژمنانی کوردستان و ئەوانە دەکات لە ئەزموونی دیموکراسیدا خەریکی خۆدزینەوەن.

دوێنێ، هاوپەیمانی مەسیحی، کە پێکهاتوون لە؛ هاوپەیمانی حامورابی، پارتی ئەنجوومەنی نیشتمانی کلدان، پارتی یەکێتی دیموکراتی کلدان، پارتی بزووتنەوەی کۆمەڵەی سریان، ڕابیتەی نێودەوڵەتی کلدان، بزووتنەوەی شەلامە بۆ کاروباری مەسیحی، لیژنەی کارگێڕی کۆمەڵگەی ئۆرتۆدۆکس و ئەرمەن و کۆمەڵەی کۆمەڵایەتی و کولتووری ئەرمەنی.بەیاننامەیەکیان بڵاو کردەوە و دەڵێن؛ بەئامانج کردنی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، “نادادپەروەرانە، شەرمەزارانە و ناڕەوایە” ئەمە هیچ نییە جگە لە هەوڵێکی شکستخواردوو بۆ تێکدانی شکۆی هەرێم و دەستکەوتەکانی کابینەی نۆیەم.
دەشڵێن: ئەم بەئامانج کردنەی سەرۆکوەزیران، ناڕەوایە، خزمەت بە ئەجێندای دوژمنانی کوردستان و ئەوانەی لە ئەزموونی دیموکراسیدا خەریکی خۆدزینەوەن دەکات.
لە بەیاننامەکەیاندا ئەوەش هاتووە؛ هەوڵدانە بۆ بەلاڕێدابردنی ڕای گشتیی سەبارەت بەو دەستکەوتە گەورانەی لە سەردەمی کابینەی نۆیەمدا بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی بەدەست هاتووە. ئەم هەوڵانە و خۆڵ کردنە چاوی خەڵک، هیچ نییە جگە لە هەوڵێکی شکستخواردوو کە بۆ پەکخستن و دواخستنی کاری جددی بەرەو ئەنجامدانی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستانە.
ئەوەش دەخەنەڕوو؛ هەر هەوڵێک بۆ ئەنجامنەدانی هەڵبژاردن “جەنگێکی ڕاگەیەندراوە دژی بەها دیموکراسیەکان کە سەرۆک وەزیران بەرگری لێدەکات و هەمیشە بە بەشێکی جەوهەری و دانەبڕاوی پلاتفۆرمی کارکردنی خۆی دەزانێت”.
دەشڵێن؛ بە ئامانج کردنی مەسرور بارزانی، باجی شەڕی بەردەوامیەتی لە دژی گەندەڵی و گەندەڵکاران و شەڕی دژی دوژمنانی هەرێمی کوردستان.
لە کۆتایی بەیاننامەکەیاندا داوا لە لایەنە سیاسییەکان و چالاکییە مەدەنی و کۆمەڵایەتییەکان دەکەن، خۆیان لە بڵاوکردنەوەی قسەی ڕقاوی و لایەنگری سیاسی بەدوور بگرن و ڕێز لە سەرکردە سیاسی و مەدەنییەکان بگرن، لە پێناو پاراستنی سەقامگیری و ئاسایشی کۆمەڵگا.

ھەواڵی زیاتر