سەدا 95ـی کارەکانی بەنداوی بەستۆرە تەواو بوونە

فەرمانگەی مێدیا و زانیاریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڵاوی کردووەتەوە، سەدا 95ـی کارەکانی بەنداوی بەستۆرە تەواو بوونە و توانای گلدانەوەی 20 ملیۆن مەترسێجا ئاوی هەیە.

بەرزیی بەنداوەكە 20 مەترە، درێژییەكەی 560 مەترە؛ توانای گلدانەوەی 20 ملیۆن مەترسێجا ئاوی هەیە و لە ئێستادا ملیۆنێك مەترسێجا ئاوی تێدا گل دراوەتەوە.

بەنداوی بەستۆرە بە مەبەستی پاراستنی ئاوی ژێرزەوی، گەشتیاری، ئاودێری و سامانی ماسی كەڵكی لێ وەردەگیرێت.

بەنداوەکان ڕۆڵی گرنگیان دەبێت لە پشتیوانیکردنی جووتیاران بۆ کاری کشتوکاڵی. لە لایەکی دیکەوە بەنداوەکان دەتوانن مەترسیی دروستبوونی لافاو، زیانگەیاندن بە زەوی و زار کەم بکەنەوە، لە ڕووی گەشتیاریشەوە دیمەنێکی جوان بە ناوچەکە دەبەخشێت.

بەردەوامیی دروستکردنی بەنداوەکان، وەکوو بنەمایەکی گرنگی ژێرخان و پاراستنی سامانی ئاو، لەلایەن کابینەى نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە سەیر دەکرێت و بەردەوام کارى بۆ دەکرێت.

بۆ کەمکردنەوەی لێکەوتەکانی گۆڕانی ئاووهەوا، کابینەی نۆیەم لە دەستپێکی دەست بەکاربوونییەوە ڕێوشوێنی پێویستی بۆ پاراستنی سامانی ئاوی هەرێمی کوردستان گرتووەتە بەر. لە کابینەی نۆیەمدا ڕەزامەندیی لەسەر دروستکردنی 41 پۆند بە سێ قۆناغ دراوە کە کۆی گشتیی تێچووی دروستکردنیان زیاتر لە 27 ملیار دینارە.

دەرهاویشتەکانی گۆڕانی ئاووهەوا کەمبوونەوەی ئاوی پاک ئاڵنگاری جیهانیی ئەمڕۆن. بۆ کەمکردنەوەی لێکەوتەکانی گۆڕانی ئاووهەوا، کابینەی نۆیەم لە دەستپێکی دەست بەکاربوونیەوە رێوشوێنی پێویستی بۆ پاراستنی سامانی ئاوی هەرێمی کوردستان گرتووەتەبەر. یەکێک لەو هەوڵانەی کە کابینەی نۆیەم کە لەبەرچاوە، دروستکردنی ژمارەیەکی زۆر پۆند بوو لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان.

ھەواڵی زیاتر