هێمن هەورامی: مەسرور بارزانی سەرۆکایەتیی کابینەی دەیەم دەکات

هێمن هەورامی، ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕایگەیاند “هیوادارن دوای پێکهێنانی کابینەی دەیەم، کە مەسرور بارزانی سەرۆکایەتیی دەکات هەر هێز و لایەنێکی دیکە کە پۆستی جێگری سەرۆکی حکوومەت یان هەر پۆستێکی دیکە وەردەگرن بە حەقیقی لەناو حکوومەتدا بن”.

هێمن هەورامی، ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان، لەمیانەی کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، گوتی: پەیامی پارتی، پەیامی ئاشتی و برایەتییە و پارتی دەستپێشخەر نابێت لە پەلاماردانی هیچ لایەنێک.

ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسی پارتی، هیوادارە هەموو حزبە سیاسییەکان لە چوارچێوەی پرۆسەی دیموکراسیدا و مامەڵە بکەن، هاوکات گوتی: ئێمە نابێت ئەوەمان لەبیر بچێت کە دوای هەڵبژاردنیش ئێمە دووبارە دەبێت پێکەوە دابنیشینەوە و ڕێکبکەوین.

هاوکات هیوادارە دوای پێکهێنانی کابینەی دەیەم، کە مەسرور بارزانی سەرۆکایەتیی  دەکات، هەر هێز و لایەنێکی دیکە کە پۆستی جێگری سەرۆکی حکوومەت یان هەر پۆستێکی دیکە وەردەگرن بە حەقیقی لەناو حکوومەتدا بن.

لەبارەی کەرکووکەوە ناوبراو جه‌خت ده‌كاته‌وه‌، هه‌ڵوێستی پارتی لە پارێزگاکە هه‌میشه‌ ڕوون و ئاشكرا بووه‌ و به‌رده‌وام به‌رژه‌وه‌ندیی كوردی له‌به‌رچاو گرتووه‌.

هه‌روەها ده‌شڵێت: چه‌ندین جار هه‌لی ته‌واوكردنی نیسابی یاسایی هاته‌ پێش پارتی، بۆ ئه‌وه‌ی پۆستی پارێزگار یه‌كلایی بكاته‌وه‌، به‌ڵام سه‌رۆك بارزانی سوور بوو له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ ده‌بێت یه‌كه‌م جار ئه‌و پۆستە بۆ پێكهاته‌ی كورد به‌ گشتی بێت، نه‌ك له‌ به‌رژه‌وه‌ندی ته‌نها لایه‌نێك، كه‌ چه‌ندین پۆستی دیكه‌ی كورد له‌و پێناوه‌دا كراونه‌ته‌ قوربانی.

لەبارەی حووکمڕانی لە هەرێمی کوردستان، ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی پارتی ڕوونی کردەوە، هەندێک لایەن بەشدارن لە حکوومەت بەڵام لەلایەکی دیکە لەگەڵ بنکۆڵکردنی حووکمڕانییەت و دژی بنەماکانی حووکمرانییەتن.