ئایدن مەعروف، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان:لە حکوومەتی خۆجێیی کەرکووک پێکهاتەکان و لە ناویاندا تورکمان پشتگوێ خران

ئایدن مەعروف، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان لە هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند؛ بە شێک لە لایەنەکان لە کەرکووک بەبێ ئەوەی بگەڕێنەوە بۆ لایەنی پێکهاتەکان یاخود نوێنەرانی لایەنە سیاسییەکانی خۆیان لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، پارێزگاری کەرکووک و حکوومەتی خۆجێی کەرکووکیان دانا.

دوێنێ، ئایدن مەعروف، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان لە هەرێمی کوردستان، کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی ساز کرد و بە میدیاکانی ڕاگەیاند؛ بە شێک لە لایەنەکان لە کەرکووک، بەبێ ئەوەی بگەڕێنەوە بۆ لایەنی پێکهاتەکان خۆیان، پارێزگار و حکوومەتی خۆجێی کەرکووکیان دانا”.
وتیشی؛ دووبارە زوڵمێکی گەورە لە نەتەوەی تورکمان کرایەوە، دەبێت ئەو هەڵەیەش ڕاست بکرێتەوە. هەرچەندە هەموولایەنەکان بە پێکهاتەیی و نەتەوەیی و ئاینەکان، دووپاتیان لەسەر پشتیوانیی خۆیان بۆ تورکمانەکانی کەرکووک کردووەتەوە.
سەبارەت بە تورکمانەکانیش وەک پێکهاتەیەکی شارەکە، ڕایگەیاند؛ تورکمان یەکێک لە نەتەوە گرنگەکان و نەتەوەی ڕەچەڵەکی کەرکووک، بێبەشبوون و بەشدارینەکردنیان لەپرۆسەی ئیدارەی کەرکووک، زوڵمێکە لێیان. ئێمە پشتیوانی خۆمان بۆ تورکمانی شاری کەرکووک دووپات دەکەینەوە، چونکە شاری کەرکووک شارێکی هەستیار و گرنگە، دەبێت بە هەستیارییشەوە مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت.