سەرچاوەیەك بە ناوی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستانەوە، حزبەكەی بافڵ و قوباد، كە ڕاستتر وایە بڵێین تاقمی دوو براكەی دەباشان، ڕاگەیاندراوێكی بڵاوكردەوە كە بە نەفەسێكی زۆر شپرزە و نامەسئوولانە و هەست بە شەرم و شكستەوە نووسراوە، پڕیەتی لە درۆ و چەواشەكاری و تەجاوز، كە هەمووان چاك دەزانن ئەو دووە هی ئەو بەردە گەورانە نین !..
خەڵكی كوردستان بە گشتیی شایەدن ماوەیەكی زۆرە تاقمەکەی دەباشان، كە دەستیان بەسەر یەكێتی ـ دا گرتووە، بە هەموو ڕێگەیەك و لە هەر دەرفەتێكدا لەگەڵ نەیارانی کوردستان خەریكی پیلانگێڕین لە دژی پارتی دیموكراتی كوردستان و كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان.
لای هەمووان مەعلوومە كە هەر لەوەتەی، بافڵ و قوباد بە شێوەی کودەتا خۆیان سەپاند، تەنیا و تەنیا بۆ پەردەپۆشكردن و شاردنەوەی ناحەزی و بەرژەوەندییە کەسییەکانیان لە نێو حكوومەتدا ماونەتەوە، دەنا لە یەكەمین ڕۆژەوە هەرچییان پێكرابێت لە دژی حكوومەتی هەرێم كردوویانە و بە پارەی دزراوی خەڵکی سلێمانی هەرچی دمشڕ و زمانپیس و ئاست نزمە لە ناوە و دەرەوەی هەرێمی کوردستان لە دژی سەرۆکی حکومەت بەکاردەهێنن، بەڵام خۆڕاگریی سەرۆك وەزیرانی كوردستان، مەسرور بارزانی، تێكڕای پیلانگێڕییەكانی ئەو دووانەی تێكشكاندووە و لە پێناو بەرژەوەندیی باڵای خەڵكی كوردستان و سەقامگیریی كوردستانیشدا، هەمیشە هەوڵی لێكتێگەیشتن و ئارامكردنەوەی دۆخەکەی داوە.
ئەوەی بافڵ و قوباد لە ڕاگەیەندراوەكەیاندا ناوی دەنێن سەركەوتن لە كەركووك، هیچ نییە، جگە لە درێژەدان بە خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەر و سووربوونیان لەسەر ئەو ڕێچكەیە، كە مێژوو بۆ هەمووانی سەلماندووە ئاقیبەتی بە كوێ دەگات. ئەم خۆبادانەشیان جگە لە خۆڕیسواكردنی زیاتر شتێكی تری لێ ناكەوێتەوە.
سەیرەكە لەوەدایە، ئەم دووانە لە ڕاگەیەندراوەكەیاندا باسی باڵ و تاقمتاقمێنە دەكەن، ئەوان و ئەوانەش كە دەست لە پشتیان دەدەن، باش دەزانن كە پارتی، وەك حزبەكەی ئەوان نییە و ئەو باڵباڵێن و شەڕەگەڕەكەی ئەوانی تێدا دەژین، لای پارتییەكان، مایەی گاڵتەجاڕییە، دەبێت باش بزانن، سیاسەت و قسە و هەڵوێستەكانی مەسرور بارزانی، گوزارشت لە هەموو پارتی دەكەن و پارتی لە یەكەمین ڕۆژەوە بە هەموو هێز و توانایەكییەوە یەكدەست و یەكهەڵوێست پاڵپشتی كابینەی نۆیەم و سەرۆكی حکومەتە و هەرواش دەمێنێتەوە. هەر بوختان تەجاوزێكیش بۆ سەر كەسێتیی مەسرور بارزانی، بەلای پارتی و پارتییەكانەوە، تەجاوزە بۆ سەر سەرجەم پارتییەكان و جەماوەری پارتی.
ئەوانە هێشتا پارتییان نەناسیووە، هێشتا هیچ لە مێژوو فێر نەبوون و كەمێكیش لەم دنیایە تێنەگەیشتوون. بۆیە لە پێناو كوردستان ئامۆژگارییان دەكەین، باشتر وایە، هەر نەبێت لەبەر خۆیان، بە ماڵە شوشەكەیانەوە واز لەو بەردەفڕكێیە بێنن، چونکە نەك ئێمە و خەڵكی كوردستان و تەواوی هێزە سیاسییە نیشتیمانییەكانی كوردستان، بگرە لایەنەكانی عێراق و نێوەندە پەیوەندیدارە نێودەوڵەتییەكانیش باش ئاگادارن، كە تاقمەکەی بافڵ و قوباد، دوو ساڵی ڕەبەق ئاستەنگی بێ مانا و لابەلایان دروستكرد تا هەڵبژاردن نەكرێت، ڕێگەی ناڕەوا نەما نەیگرنە بەر تا كارێك بكەن، بەڵكو ئەنجامەكانی هەڵبژاردن بە دڵی ئەوان بێت، دوور نییە ئەو ڕاگەیەندراوە بێسەروبەر و پڕ لە تەجاوزەی دوو ڕۆژی ڕابردوویان بۆ ئەو مەبەستە بێت، بەڵام بە هەڵەدا چوون، هەڵبژاردن دەكرێت و لە ئەنجامدا باجی مافیاگەری و تەجاوزیان بۆ سەر موڵكوماڵی گشتیی خەڵكی كوردستان و یاساكانی هەرێمی كوردستان دەدەن.
بە دڵنیاییەوە، خەڵكی كوردستان لە هەڵبژاردنی داهاتوودا، لە ڕێگەی دەنگەكانیانەوە، كۆتایی بەو مافیاگەری و تاڵان و بڕۆ و تیرۆری ئەو تاقمە دێنن و بە ڕێگەی دیموكراسییانە، بافڵ و قوباد، تاڵاوی شكستی مێژوویی دەچێژن و فێردەبن بۆ داهاتوو، هیچ نەبێت قەبارەی خۆیان بزانن. گەلی كوردستان بە پەیامێكی زوڵاڵ و بە ڕێیەكی ئاشتییانە پیشانیان دەدات، ئەوانە كێن و چیان لەباردایە!..
سەرچاوەیەکی رۆژنامەوانی لە پارتی دیموکراتی کوردستان