سامان سیوەیلی، وتەبێژی وەزارەتی پەروەردە: سەرۆکی حکوومەت بڕیارێکی مێژوویی دا سەبارەت بە گرێبەست بوونی ٣٨ هەزار مامۆستای وانەبێژ

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

سامان سیوەیلی، وتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی ھەرێم، لەم دیدارەدا لەگەڵ ڕۆژنامەی “ھەولێر”دەڵێت: سەرۆکی حکوومەت پاڵپشتییەکی گەورەی وەزارەتی پەروەردەیە، سوپاسی بێ پایان ئاراستەی سەرۆکوەزیران دەکەین، بۆ ئەو بڕیارە گرنگ و مێژووەی کە داوە. دەشڵێ: حکوومەتی عێراق مامۆستایانی وانەبێژی بێ ئومێد کرد، بەڵام سەرۆکوەزیرانی کوردستان ئومێدی بۆ مامۆستایانی وانەبێژ گەڕاندەوە و لەم کابینەیەی حکوومەتی هەرێمدا چل و سێ ھەزار وانەبێژ بە ھەمیشەیی و گرێبەست کراون.

ڕۆژی یەک شەممە مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، پێشوازی لە ژمارەیەک لە نوێنەرانی مامۆستایانی وانەبێژی ھەرێمی کوردستان کرد.
سەرۆکی حکوومەت سوپاسی مامۆستایان و وانەبێژانی کرد کە سەرەڕای دۆخی سەختی دارایی، کۆڵیان نەداوە و درێژەیان بە ئەرک و پەیامی پیرۆزی خۆیان داوە و بەرپرسیاریەتی خۆیان بەجێگەیاندووە.
سەرۆکی حکوومەت ئاماژەی بەوە دا، کە بە داخەوە بەشێوەیەکی دادپەروەرانە مامەڵە لەگەڵ ھەرێمی کوردستان ناکرێت، ھەر بۆ نموونە لە ئاستی حکوومەتی فیدراڵدا، لە پارێزگاکانی دیکەی عێراقدا، تەنیا لە ماوەی ساڵێکدا نزیکەی یەک ملیۆن کەس دامەزراون، بەڵام تەنانەت یەک کەسیان بۆ ھەرێمی کوردستان دانەمەزراندووە.
سەرۆکی حکوومەت دوای گوێگرتنی لە خواست و داواکارییەکانی مامۆستایانی وانەبێژ، بڕیاریدا لەسەر داھاتی ناوخۆی حکوومەت، سەرجەم وانەبێژانی ھەرێمی کوردستان کە ژمارەیان نزیکەی سی و ھەشت ھەزار کەس دەبێت بکرێنە گرێبەست.
نوێنەرانی مامۆستایانی وانەبێژ، سوپاس و پێزانینی خۆیان بۆ خەمخۆری و پشتیوانیی سەرۆکی حکوومەت و جێبەجێکردنی داواکارییەکانیان دەربڕی.
سەرۆکی حکوومەت ئومێدی بۆ مامۆستایانی وانەبێژ گەڕاندەوە
وتەبێژی وەزارەتی پەروەردە، دەڵێت؛ بڕیاری سەرۆکوەزیرانی کوردستان، نەک تەنیا بڕیارێکی بوێر و ئازایانە بوو، بەڵکو مێژوویی و گرنگ بوو، گرنگ بوو لەم کاتدا بەداخەوە حکوومەتی عێراق تا ئێستا کێشەی بۆ مووچە و بودجەی خەڵکی کوردستان دروست کردووە، بڕیارەکە مێژوویی بوو لەبەر ئەوەی لە سەرەتای ئەمساڵ وەزیری پەروەردە بە سەرۆکایەتیی شاندێک چووە بەغدا یەکێک لە تەوەرە ھەرە گرنگەکان مەلەفی مامۆستایانی وانەبێژ بوو، داتای مامۆستایانی وانەبێژی ڕادەستی بەرپرسانی عێراق کرد، داوا و تکای لێ کردن کە ئەمانە بەشێکی گرنگن لە خێزانە گەورەکەی وەزارەتی پەروەردە مافی خۆیانە بکرێنە گرێبەست ئەوان لێیان وەرگرتین و بەڵێنیان دا کە کاری لەسەر بکەن، بەڵام بەداخەوە دوای حەوت مانگ تا ئێستا ھیچ نەکراوە و ھیچ وەڵامێکیان نەبووە، ئەوەش وانەبێژانی نائومێد کردبوو و کەوتبوونە دۆخێکی ناخۆشەوە، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێم لەم کاتەدا ئەو بڕیارە مێژووییەی دا و ئومێدی گەڕاندەوە بۆ وانەبێژان و پشت بەستن بە داھاتی ناوخۆ کێشەی وانەبێژانی چارە کرد و بە ئاواتی لە مێژینەی خۆیان گەیشتن، وانەبێژان نزیکەی سی و ھەشت ھەزار دەبن، بەشێکی گرنگن لە پرۆسەی پەروەردە و فێرکردن لە ھەرێمی کوردستان.
لیژنەیەک بۆ وردبینی لە لیستی وانەبێژان پێکھێندراوە
سامان سیوەیلی، وتەبێژی وەزارەتی پەروەردە، گوتیشی: سەرۆکی حکوومەت فەرمانی کردووە لە ماوەیەکی زۆر کورتدا کارەکانی وانەبێژان تەواو بکەن، بڕیاری دامەزراندن بەشێوەی گرێبەست دراوە لە ئەنجامی ئەو بڕیارەی سەرۆکی حکوومەت وەزارەتی پەروەردە گشتاندنێکی بۆ پەروەردەی گشتی و پەروەردەی ئیدارە سەربەخۆیەکان کردووە لە ماوەی حەوت ڕۆژدا واتە تا ٥ی مانگی داھاتوو پێداچوونەوەی خێرا بەسەر سەرجەم داتای وانەبێژاندا بکەن، ھەر ھەڵەیەک ھەبێت ڕاست بکرێتەوە، لە ھەمان کاتدا بەپێی فەرمانێکی وەزاری ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردە، لیژنەیەک بۆ وردبینی لە لیستی وانەبێژان پێکھێندراوە و مەرجە تاوەکو ١٠ـی ئەیلوول تەواوی بکەن، دواتر لیستەکە ڕەوانەی ئەنجوومەنی وەزیران دەکرێت بۆ ئەوەی فەرمانی گرێبەستکردنیان بۆ دەربکرێت.

چل و سێ ھەزار وانەبێژ بە ھەمیشەیی و گرێبەست کراون
وتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی ھەرێم، ئاشکراشی کرد: تەواوی وانەبێژانی ھەرێمی کوردستان لەو بڕیارەی سەرۆکوەزیران سوودمەند دەبن، واتە ئەوانەی کە تا ئێستا دانەبڕاون لە خزمەتکردن و لە داتابەیسی وەزارەتی پەروەردە تۆمارکراون، ھەموو ئەمانە دەگرێتەوە، بۆ زۆرێک لە حکوومەتەکان ڕەنگە بە یەک بڕیار سی و ھەشت ھەزار کەس بکرێنە گرێبەست، بڕیارێکی قورس و سەخت بێت، بەتایبەتی لە دۆخێکی وادا کە حکوومەتی عێراق دەستی بۆ قوتی خەڵکی ھەرێمی کوردستان بردووە و ڕۆژانە کێشە بۆ حکوومەتی ھەرێم دروست دەکات، بەڵام ئەوە ھەم خەمخۆری سەرۆکی حکوومەتە، ھەم دڵسۆزییە، ھەمیش پێزانینیەتی بۆ ڕۆڵی مامۆستایانی وانەبێژان، ھەر لەو کابینەیەدا لە ساڵی ٢٠٢٠ پێنج ھەزار و ھەشتا و ھەشت مامۆستای گرێبەست بوونە ھەمیشەیی، واتە بەس لە کابینەی نۆیەم نزیکەی چل و سێ ھەزار مامۆستا بە ھەمیشەیی و گرێبەست کراون، لە ئایندەدا ھەر کاتێک پێویست بکات وانەبێژی نوێ دادەنێین.
سەرۆکی حکوومەت پاڵپشتێکی گەورە بووە بۆ پرۆسەی پەروەردە و فێرکردن
وتەبێژی وەزارەتی پەروەردە، گوتیشی: سەرۆکی حکوومەت زۆر بەڕێزەوە لە ڕۆلی مامۆستایان دەڕوانێت ھەمیشە ڕۆل و پێزانینی ھەبووە و پاڵپشتێکی گەورەش بووە بۆ پرۆسەی پەروەردە و فێرکردن، پرۆسەی پەروەردە پرۆسەیەکی گشتگیر و فراوانە نزیکەی ملیۆنێک و ھەشت سەد و پێنج ھەزار قوتابیمان ھەیە جگە لەوەی نزیکەی شەش ھەزار و ھەشتا و پێنج قوتابخانە ھەن، گرنگی زۆر دراوە بە دروستکردن و نۆژەنکردنەوەی باڵەخانەکان، تا ئێستا بە سەدان باڵەخانەی نوێ دروست کراون و نزیکەی ھەزار و حەوت سەد و پێنج باڵەخانە و باخچەی ساوایان نۆژەنکراونەتەوە.

کاتی دەستپێکردنەوەی پرۆسەی خوێندن دیاری دەکرێت
سامان سیوەیلی، وتەبێژی وەزارەتی پەروەردە، دەشڵێ: لە یەکی مانگی حەوتەوە ئامادەکاری بۆ ساڵی نوێی خوێندن دەکرێت، وەکو نەریتێکی ساڵانە ھەموو ساڵێک دوای تەواوبوونی ساڵی خوێندن کۆبوونەوەیەک دەکرێت، ئەوەش بۆ خۆ ئامادەکردنە بۆ ساڵی نوێی خوێندن، یەکەم شت کە دەستی بۆ ببردرێت ڕێکخستنەوەی میلاکە، نابێت قوتابخانەکان کێشەی میلاکیان ھەبێت، لەگەڵ دابەشکردنی بەشە وانە و پەرتووکەکان، ھەروەھا کات دادەنرێت بۆ ئەوەی قوتابییانی نوێ تۆمار بکرێن، ئینجا ئەو قوتابییانەی لە قۆناغی نۆیەم دەچنە ئامادەیی و قوتابییانی پۆلی شەش دەچنە پۆلی حەوت، ھەر شتێک پێویست بێت بۆیان دەکرێت، بۆ ئەوەی لە ڕۆژی یەکەمی ساڵی نوێی خوێندن قوتابییان بێ کێشە دەست بە خوێندن بکەن، بۆ ئەو مەبەستە لە سەرەتای مانگی نۆ کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزارەت دەکرێت بۆ ئەوەی ڕۆژی دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندن دیاری بکرێت.

ھەواڵی زیاتر