سیسی مانگی ئەیلوول سەردانی توركیا دەكات

كارزان گلی – هه‌ولێر

دوای ناكۆكییەكی زۆر لە نێوان توركیا و میسر، عەبدولفەتاح سیسی، سەركۆماری میسر، لە مانگی ئەیلوولدا سەردانی ئەنكەرا دەكات و لەلایەن رەجەب تەیب ئەردۆغانەوە پێشوازیی لێ دەكرێت. ئەم سەردانەش دوای سەردانەكەی مانگی شوباتی ئەردۆغان بوو بۆ قاهیرە، سەرەكیترین تەوەریش غەززەیە كە قسەی لەبارەوە دەكەن.

دوای ئەوەی سیسی كودەتای بەسەر مورسیدا كرد، ئەردۆغان، بڕیاری دا بە هیچ شێوەیەك حكوومەتی سیسی قبوڵ نەكات، بە ناشەرعی و زاڵم و كودەتاچی ناوی دەبرد و دەیگوت هەرگیز دەست ناخەمە ناو دەستی، بەڵام دواجار توركیا پەیوەندی خۆی لەگەڵ قاهیرە ئاسایی كردەوە و ئەردۆغان، لە ١٤ی شوباتی ئەمساڵ چووە سەردانی سیسی و هەر لەوێش داوەتی توركیای كرد.
بە گوێرەی زانیارییەكانی ئاژانسی (DW)ی توركی، لە ٤/٩/٢٠٢٤ سیسی دەگاتە ئەنكەرا، هەروەها سەرەكیترین تەوەریش بابەتی ئاگربەستی نێوان حەماس و ئیسرائیلە، كە هەردوو وڵات هەوڵی زۆر جیدی دەدەن تا بتوانن رۆڵی سەرەكییان هەبێت بۆ ئەوەی غەززە گەمارۆی لەسەر هەڵبگیرێت و كۆتایی بەو شەڕە بێت.
بۆچی پەیوەندی نێوان توركیا و میسر تێک چوو؟
٢٠١٠، ئەو كاتەی محەممەد ئەبوعەزیز، ئەو ئەندازیارەی لە تونس ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا و ئاگری جەستەی ئەو بڵێسەكەی بەشێكی زۆر وڵاتانی عەرەبی گرتەوە و ناویان لێنا بەهاری عەرەبی، كە میسر یەكێك بوو لەو وڵاتانەی گەلەكەی توانییان حوسنی موبارەك لە سەرۆكایەتی بهێننە خوارەوە، لەو كاتەوە حكوومەتی ئاكەپە، پشتگیری لە ئیخوانەكانی میسر كرد و بە ئاشكرا پاڵپشتیی كردن تا حكوومەت بگرنە دەست.
لە ٢٠١٢، كاتێك مورسی دەسەڵاتی لە قاهیرە گرتە دەست، واتە ئیخوانەكانە لە میسر هاتنە سەر دەسەڵات، ئەردۆغان خۆی گەیاندە قاهیرە و پاڵپشتی دارایی و سەربازی بۆ مورسی دەربری و ئەویشی داوەتی ئەنكەرا كرد. بەڵام حكوومەتی مورسی بەوە تۆمەتبار كرا كە دژی دیموكراتییە و وڵاتی بەرەو وێرانە بردووە، ئەمە بووە هۆی ئەوەی سیسی، لە ٣ی تەمووزی ٢٠١٣ كودەتای سەربازی بەسەردا بكات و مورسی لە دەسەڵات هێنایە خوارەوە، ئەمەش كردنەوەی دەرگای ناكۆكی نێوان توركیا و میسر بوو، چونكە ئەردۆغان بەدەنگی بەرز سیسی وەكو دیكتاتۆر و دژە دیموكراتی و زاڵم و كودەتاچی ناو برد، لە بەرامبەردا سیسی، دژی ئەردۆغان وەستایەوە و هەموو پەیوەندییەكی دیبلۆماسی لەگەڵ توركیادا بچڕاند.
ئەم دژایەتییەی ئەردۆغان، كاریگەری لەسەر سیاسەتی ناوەخۆی توركیاش هەبوو، لە هەلبژاردنی پەرلەمانی ٧ـی حوزەیرانی ٢٠١٥، ئەردۆغان لە وتارێكدا گوتی: ”ئەوانەی هەڕەشە لە ئێمە دەكەن، كە عاقیبەتمان وەكوو مەندەریس و مورسی لێدێت، دەبینن چۆت لەسەر سندوقی دەنگدان گەل وەڵامیان دەداتەوە.“
هەروەها لە گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی ئیستانبۆڵ لە ٢٠١٩، ئەردۆغان گوتی: ”گەلی ئیستانبۆڵ، رۆژی یەكشەمە دەڵێن سیسی یان بیناڵی یڵدرم“ ئەوكات ئەردۆغان، ئەكرەم ئیمامئۆغڵو، بەربژێری جەهەپە و پارتی خاسیی بە سیسی چواند.
بەڵام وەكوو ئەوەی میدیاكانی توركیا باسی دەكەن، لە ٢٠٢٠ـەوە، ئەردۆغان لە رێگەی وەزارەتی دەرەوەوە، هەوڵی ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەكانی لەگەڵ میسر دەدات، ئەو هەوڵانەش بێسوود نەبووە و سیسی لە ئەیلوولدا دێتە ئەنكەرا و ئەمەش دەبێتە یەكەم هەنگاوی كرداری ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەكانیان.