ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان: حکوومەت بەشێکی زۆری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکانی تایبەت بە ئاوارە و پەنابەران جێبەجێ کردووە

ڕۆژى سێشه‌ممه‌ 27ی ئابی 2024، کۆنفرانسى “بەرەوپێشبردنی مافی ئاوارە ناوخۆییەکان بەپێی ستانداردە نێودەوڵەتییەکان”، بە هاوکارى و هەماهەنگى نێوان نووسینگەی ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێمى كوردستان و ڕێکخراوى کۆچى نێودەوڵەتى (IOM) ئەنجام درا و ماوەى دوو ڕۆژ دەخایەنێت.

لە بارەی کۆنفرانسەکەوه‌ د. دیندار زێباری، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: حکومەتی هەرێمى کوردستان پلانى هەرێمى بۆ مافەکانی مرۆڤ (2021-2025)ى ڕاگەیاندووە و ئامانجی هه‌ماهەنگيی یاسا و سیاسەتە ناوخۆییەکانە لەگەڵ ستانداردە نیشتمانی و نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ، ئەمەش ڕۆڵی هەرێم لە داڕشتنی سیاسەت و پاراستنی مافەکانی مرۆڤدا بەرز دەکاتەوە.
هەر لە بارەی پلانەکەوه‌ د. دیندار زێباری گوتی: یەکێک لە بابەتە گرنگەکانی پلانی حکومەتی هەرێم بۆ مافەکانی مرۆڤ، چەندین ڕاسپاردەی تایبەت بە پاراستنی مافی ئاوارە و پەنابەران ئاراستەی حکومەتی هەرێمی کوردستان کراوە، حکومەتی هەرێمیش لە میانەی پابەندبوونی بە جێبەجێکردنی پابەندبوونە نێودەوڵەتییەکانی بەشێکی زۆری ئەم ڕاسپاردانەی جێبەجێکردووە، کە خۆی لە پێشوازیکردن، حەواندنەوە و پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە جیاجیاکاندا دەبینێتەوە. لە چوارچێوەى ئەم پلانەدا هەوڵ دەدەین لە چوارچێوەى یاسا پەیوەندیدارەکان، ئاوارە و پەنابەران هۆشیارى بەدەست بهێنن و لەبارەى مافەکانیان ئاگاداربنەوە، و دەرفەتەکانی هاوکاری بۆ پشتگیریکردن بۆ ئاوارە ناوخۆییەکان زیاتر بێت، هەروەها پێویستە هاوبەشی و هاوکاری لە نێوان حکومەت، کۆمەڵگەی مەدەنی و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان بەهێز بکرێت، بۆ دەستنیشانکردنی ڕێکاری تۆکمە بۆ باشترکردنی پاراستن، بەهێزکردن و یەکخستنی ئاوارەکان.

ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان زیاتر گوتی: سەبارەت بە هه‌وڵى داخستنی كه‌مپه‌كان لە هەرێمى کوردستان، ئیمە بە پێویستى دەزانین گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره‌کان ئامادەکاريى پێشوەختەى بۆ بکرێت و بە هۆی ناسەقامگیريی ناوچەکانیان و جێبەجێنەکردنی دادوەريی ڕاگوزەر و قەرەبوونەکردنەوە و بوونی ئەو ئاستەنگانەی ڕێگرن لە گەڕانەوەیان.

دواتر باسی لە چوارچێوەی یاسایيی مامەڵەکردن لەگەڵ کەیسی ئاوارە و پەنابەران کرد و گوتی: یەکێک لەو بابەتانەی کە لە کۆڕ و کۆبوونەوە نێودەوڵەتییەکانی تایبەت بە مافەکانی مرۆڤ، ئاراستەی حکومەتی فيدڕال دەکرێن، بریتییە لە نەبوونی یاسایەکی تایبەت بە ئاوارە و پەنابەران، لەم سۆنگەوە و بە مەبەستى پاراستنى مافەکانى پەنابەران و کۆچبەران، حکومەتى هەرێمى کوردستان ڕەشنووسی ستراتيژييەتى نيشتمانى بۆ كۆچ لە عێراق و هەرێمى کوردستان، بە هەماهەنگی لەگەڵ ڕێکخراوى نێودەوڵەتيى کۆچ ئامادە کردووە، هەروەها ليژنەیەک پێکهێنراوە بە هەماهەنگی لەگەڵ ئاژانسی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەناخوازان (UNHCR)، بەمەبەستی دەرچوواندنی ڕێنماییەکی تایبەت بە پەنابەران، کە ئاشکرایە ئەمە هەنگاوێکى ئەرێنى دەبێت لە چارەسەرکردنى بەشێک لە کێشەى ئاوارەکانى ناوخۆدا، هەروەها له‌ پارێزگه‌ و ئیداره‌ سه‌ربه‌خۆكان به‌شێك له ‌به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تيی پۆلیس كراوه‌ته‌وه‌ به ‌ناوی پۆلیسی كاروباری ئاواره‌ و په‌نابه‌ران‌ بۆ پاراستنیان، به ‌هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ ئاسايش و ڕێکخراوە حکومی و ناحكومييه‌كان.

ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان تیشکی خستە سەر ئەو خزمەتگوزاریيانەی پێشکەش بە ئاوارەکان دەکرێن و گوتی: لە ئێستادا هەرێمی کوردستان نزیکەی 862 هه‌زار و 346 ئاوارەی ناوخۆیى لە باوەش گرتووە، کە بەسەر (22) کەمپدا دابەش بوون، لە پارێزگه‌ى دهۆک (15) کەمپ و هەولێر (6) کەمپ و سلێمانى (1) کەمپ. بەشیکى زۆریش لە ئاوارەکان لە هەرێم لەگەڵ کۆمەڵگەی خانەخوێی دەژین.

حکومەتى هەرێم نزیکەى (80٪)ی ئەو خزمەتگوزاریيانەى پێشکەش بە ئاوارە و پەنابەران کراوە لە بودجەى خۆی دابینى کردووە، لەبارەى ئەو قوتابییە ئاوارانەى لە قوتابخانەکانی هەرێمی کوردستان وەرگیراون، (138) قوتابخانە بۆ ئاوارەکان و (54) بۆ پەنابەران لە هەرێم تەرخان کراون، 40 هه‌زار و 410 قوتابيی ئاوارە لە کەمپەکان دەخوێنن، لە ساڵی 2021ەوە حکومەتى هەرێم لە ڕێگەى وەزارەتى پەروەردەوە سیاسەتی تێکەڵکردنی قوتابیيانی ئاوارە پەیڕەو ده‌كات، واتە هەر قوتابییەکی ئاوارە مافی پێشکەشکردنی هەیە بۆ هەموو قوتابخانەکانی هەرێمی کوردستان. بۆ ساڵی خوێندنی 2021-2022 زیاتر لە هه‌زار و 160 قوتابی لە قوتابخانە کوردییەکانی کەرکووک و ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان کاراسانیان بۆ کراوە بۆ وەرگرتنیان لە زانکۆکان.

دواتر دیندار زێباری تیشکی خستە سەر گرنگيی کۆنفرانسەکە و گوتی: هیوادارین ئەم کۆنفرانسە هەنگاوێک بێت بۆ چەسپاندنى زیاترى بنەماکانى مافەکانى مرۆڤ و هەماهەنگى و هاوکاريى زیاتر لە نێوان دەسەڵاتە جیاجیاکان لە حکومەتى هەرێم و حکومەتى فيدڕالى، بۆ جێبەجێکردنى ڕاسپاردە و پێوەرە نێودەوڵەتییەکانى تایبەت بە ئاوارە ناوخۆییەکان و دۆزینەوەى ڕێگه‌چارەیەکى ڕیشەیى لە چارەسەرکردنى کێشەکانیان. داوا لە هەموولایەک دەکەم کە ئەم کۆنفرانسە وەکوو دەرفەتێک ببینن بۆ چارەسەرکردنى کێشەى ئاوارەکانى ناوخۆیى و گەڕانەوەیەکى سەربەرزانەى ئاوارەکان بۆ زێد و ناوچەکانى خۆیان.

لە کۆتایی لێدوانەکەیدا ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان گوتی: داواکارین لایەنە پەیوەندیدارەکان ڕۆڵ بگێڕن لە چارەسەرکردن و دابینکردنى خزمەتگوزارى و قەرەبووکردنەوە. ئێمە دڵنیایى دەدەین و دووپات لە پشتگیریمان دەکەینەوە لە پابەندبوونمان بە بنەماکانى مافى مرۆڤ و هەوڵەکانمان بەردەوام دەبێت لە گۆڕانکارى و بەرەوپێشچوون، بۆ ئەوەى ئايیندەیەک بنیاد بنێین، کە مافی مرۆڤ تەنها پلانێک نەبێت بەڵکوو ببێت بە واقع و لە ژیانى ڕۆژانەماندا ڕەنگ بداتەوە.

ھەواڵی زیاتر