ڕێبەر ئەحمەد: دواخستنی مووچە بیانووە و هیچ پەیوەندی بە وردبینییەوە نییە

وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێم، گوتی: لیستی مووچەی دامەزراوە ئەمنیی و مەدەنییەکان لەلایەن وەزارەتی دارایی هەرێمەوە بە شێوەیەکی ڕێکوپێک ئامادە کرابوو ئینجا بۆ بەغدا نێردرابوو، بەڵام دواخستنی مووچە لەلایەن بەغداوە بیانووە و هیچ پەیوەندی بە وردبینییەوە نییە.

ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لەمیانەی کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان لیستی مووچەی دامەزراوە مەدەنیی و ئەمنییەکانی بەشێوەیەکی ڕێکوپێک ئامادەکردبوو و ئینجا بۆ وەزارەتی دارایی عێراقی نارد، هەروەها لێژنەی دیوانی چاودێری دارایی هەرێم و عێراق بە هاوبەشی وردبینییان بۆ لیستی مووچەی مووچەخۆران کردووە.

وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی، باسی لەوە کرد، تێبینییەکانی وەزارەتی دارایی و دیوانی چاودێری دارایی عێراق لەسەر لیستی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان هی ئەوە نییە کە مووچەی لەسە ڕابگیرێت، بەڵام لە پشت ڕاگرتنی مووچەوە ئیرادەیەکی سیاسی هەیە کە دەیەوێت هەرێم تووشی کێشە ببێت، بە تایبەتی ئێستە کە پرۆسەی هەڵبژاردنمان لەپێشە.

جەختی لەوە کردەوە، دواخستنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بیانووە و هیچ پەیوەندی بە وردبینییەوە نییە.

بەپێی زانیارییەکانی کوردستان24، وەزارەتی دارایی عێراق تاوەکوو ئێستە هیچ بڕە پارەیەکی بۆ مووچەی هەردوو مانگی تەمموز و ئابی وەزارەتی پێشمەرگە و دامودەزگا ئەمنییەکانی دیکەی هەرێمی کوردستانی خەرج نەکردووە.

ئەمە لە کاتێکدایە، ماوەی زیاتر لە 50 ڕۆژە، وەزارەتی دارایی عێراق، مووچەی مانگی تەمموزی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانی نەناردووە، سەرەڕای ماوەی زیاتر لە 33 ڕۆژە لیستی مووچە بۆ بەغدا نێردراوە و وردبینیش لە هەموو لیستەکان تەواو بووە.

ھەواڵی زیاتر