پارێزگاری هەولێر: لێژنەیەک بۆ لێکۆڵینەوە لە هۆ و زیانەکانی ئاگرکەوتنەوەکەی بازاڕی جوانکاریی ئۆتۆمبێل پێک هات

پارێزگاری هەولێر ڕایدەگەیەنێت، لێژنەیەکی تایبەت بۆ لێکۆڵینەوە لە هۆی ئاگر کەوتنەوە و خەمڵاندنی زیانەکانی ئاگرەکەی بازاڕی جوانکاریی ئۆتۆمبێل لە هەولێر پێک هاتووە.

سێشەممە 27ـی ئابی 2024، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەنووسیدا ڕایگەیاند: هیچ زیانێکی گیانی لە ئاگرەکەی بازاڕی جوانکاریی ئۆتۆمبێلان نەبووە، ستایشی تیمەکانی بەرگریی شارستانیی کرد کە توانیویانە دەستبەجێ بگەنە شوێنی ڕووداوەکە و دوای هەشت کاتژمێر کۆنترۆڵی ئاگرەکە بکەن و ڕیگەنەدەن تەشەنە بکات.

پارێزگاری هەولێر ئاماژەی بەوە کرد کە، هۆی ئاگر کەوتنەوەکە تا ئێستا دیار نییە و لێژنەیەکی تایبەت بۆ لێکۆڵینەوە دەستی بەکار کردووە بۆ  دیاریی کردنی هۆکارەکان و خەمڵاندنی زیانەکان.

ئومێد خۆشناو گوتی: شوێنەکە سیستەمی ئاگرکوژێنەوەی هەبووە، بەڵام لێکۆڵینەوە لە هۆکارەکانی ئاگرکەوتنەوەکە دەکرێت بۆ ئەوەی بزاندرێت سیستەمەکە کاری کردووە یاخود نا، گوتیشی: دەست بە خاوێنکردنەوەی بازاڕەکە کراوە.

دوێنێ شەو، ئاگر لە بەشێکی بازاڕی جوانکاریی ئۆتۆمبێل لە شاری هەولێر کەوتەوە، بە هۆیەوە کەلوپەلەکانی چەند کۆگا و دوکانێک سووتان، بەپێی زانیارییەکانیش، هیچ کەسێک لە ئاگرەکە زیانی بەرنەکەوتووە.

ھەواڵی زیاتر