شه‌قامه‌كانی هه‌ولێر نۆژه‌ن ده‌كرێنه‌وه‌

له‌ چوارچێوه‌ی پێشكه‌شكردنی پڕۆژه‌ خزمه‌تگوزارییەکان به‌ شار و شارۆچكه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، له‌ ده‌ڤه‌ری به‌ڕانه‌تی ده‌ستكرا به‌ قیرتاوكردن و كۆنكرێتكردنی شه‌قامه‌ ناوخۆییه‌كانی گوندی گرده‌چاڵ ی سه‌ر به‌ ناحیه‌ی به‌حركه‌، هاوكات ڕێگه‌ی ئاژگه‌ – دوین و چه‌ند گه‌ڕه‌كێكی ناوشاری هه‌ولێر، نۆژه‌نكرانه‌وه‌.

حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌رده‌وامه‌ له‌ پێشكه‌شكردنی پڕۆژه‌ خزمه‌تگوزارییه‌كان به‌ دانیشتوانی شار و شارۆچكه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و له‌و چوارچێوه‌یه‌دا ٢٦ی ئابی ٢٠٢٤، له‌ به‌رده‌وامی گه‌یاندنی ده‌ستی ئاوه‌دانی له‌ناو سه‌نته‌ری شار و گوند و ناحیه‌ و قه‌زاكان به‌شێوه‌یه‌كی یه‌كسان و به‌بێ جیاوازی، له‌پێناو خزمه‌تكردنی زیادتری هاووڵاتیان و باشتر كردنی ڕه‌وشی ڕێگه‌وبان و شه‌قامه‌كان، له‌ ده‌ڤه‌ری به‌رانه‌تی ده‌ستكرا به‌ قیرتاوكردن و كۆنكرێتكردنی شه‌قامه‌ ناوخۆییه‌كانی گوندی گرده‌چاڵ ی سه‌ر به‌ ناحیه‌ی به‌حركه‌.
به‌ ته‌واو بوونی پڕۆژه‌ی قیرتاوكردنی شه‌قامه‌كانی گوندی گردچاڵ، گرفتی هاتوچۆ له‌و ناوچه‌یه‌ نامێنێت و كارئاسانی بۆ هاتوچۆی هاووڵاتیان ده‌سته‌به‌ر ده‌بێت، كه‌ پێشتر و به‌تایبه‌ت له‌ وه‌رزی زستاندا هاتوچۆ ئه‌سته‌م بوو، ژماره‌ی دانیشتوانی گوندی گردچاڵ نزیكه‌ی سێ سه‌د خێزانه‌.
هاوكات هه‌ر له‌ پێناو خزمه‌تكردنی زیادتری هاووڵاتیان و باشتركردنی ڕه‌وشتی هاتوچۆ و كه‌مكردنه‌وه‌ی ئاسته‌نگه‌كان، له‌لایه‌ن تیمه‌كانی چاككردنه‌وه‌ و پاراستنی ڕێگاوبانی هه‌ولێر، ده‌ستكرا به‌ چاككردنه‌وه‌ی ڕێگای سه‌ره‌كی ئاژگه‌ – دوین، ی سه‌ر به‌ قه‌زای پیرمام، به‌ چینی ده‌بڵ درێسینگ.
له‌ چوارچێوه‌ی گه‌یاندنی پڕۆژه‌ خزمه‌تگوزارییه‌كان و ده‌ستی ئاوه‌دانی به‌ شێوه‌یه‌كی یه‌كسان له‌ سنووری پارێزگای هه‌ولێر، له‌لایه‌ن تیمه‌كانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی شاره‌وانی یه‌ك و دوو و سێ و پێنج، به‌ هه‌ماهه‌نگی كارگه‌ی قیری سه‌رۆكایه‌تیی شاره‌وانی هه‌ولێر، ده‌ستكرا به‌ قیرتاوكردن و چاككردنه‌وه‌ی چاڵ و شكسته‌كانی هه‌ر یه‌ك له‌ شه‌قامه‌كانی بازاڕی ته‌یراوه‌، بازاڕی سورچیان، گه‌ڕه‌كی زانایان، هه‌ولێری نوێ، ئازادی، مه‌نتكاوه‌.
سه‌رباری درێژبوونه‌وه‌ی كاریگه‌رییه‌ نه‌رێنییه‌كانی ته‌نگژه‌ی دارایی له‌ هه‌رێمی كوردستان، ڕۆنان و بنیاتنانی پڕۆژه‌كانی خزمه‌تگوزاری حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی كوردستان به‌رده‌وامه‌، كه‌ له‌ شار و شارۆكه‌كانی هه‌رێمی كوردستان پێشكه‌ش به‌ هاووڵاتیانی ده‌كات، به‌پێی ئاماری كاره‌كانی چوار ساڵی ٢٠١٩ تا ٢٠٢٢،ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له‌و ماوه‌یه‌دا سێ هه‌زار و سێ سه‌د و په‌نجا و نۆ پڕۆژه‌ی جیا جیا، به‌ گوژمه‌ی دوازده‌ ترلیۆن و هه‌شت سه‌د و سی و هه‌شت ملیار و شه‌ش سه‌د و حه‌وت ملیۆن دینار له‌ هه‌رێمی كوردستان جێبه‌جێ كردووه‌، ئه‌و ژماره‌ زۆره‌ی جێبه‌جێكردنی پڕۆژه‌ له‌ كوردستان نموونه‌ییه‌، كه‌ به‌پێی ئاماره‌كه‌ له‌و ماوه‌یه‌دا، به‌ به‌رده‌وامی و هه‌موو ڕۆژێك دوو پڕۆژه‌ و نیوی خزمه‌تگوزاری پێشكه‌شكراوه‌ و ئه‌وه‌ش له‌ دنیادا كه‌م وێنه‌یه‌.
پێشكه‌شكردن و جێبه‌جێكردنی ئه‌و ژماره‌ زۆری پڕۆژه‌ خزمه‌تگوزارییەکان به‌ شار و شارۆچكه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له‌كاتێكدایه‌، له‌ ساڵی ٢٠١٤ه‌وه‌ حكوومه‌تی عێراقی فیدڕاڵ، به‌ بیانووی جۆراوجۆر، ماوه‌ی ١٠ ساڵه‌ به‌شه‌ بودجه‌كه‌ی هه‌رێمی كوردستانی نه‌ناردووه‌.