لە چوارچێوەى پلان و بەرنامەکانى گەیانى پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان و خزمەتکردنى زیاترى هاوڵاتییان، بە گوژمەى ( 31 ملیار و 311 ملیۆن دینار ) دەستکراوە بە ئەنجامدانى (7) پڕۆژەى خزمەتگوزاریى ستراتیژى و گرنگ لە چەند سێکتەرێکى جیاوازە، بەتایبەتى ڕێگا و بان.
پرۆژەکان:
یەکەم/ قیڕتاوکردنی شەقامێکی دووسایدى 30 مەترى لە گەڕەکی شەهیدانى ناحییەى ڕزگارى بەدرێژایی (یەک کیلومەتر) بە گوژمەی (420 ملیۆن دینار) لە سەر بودجەی پارێزگای هەولێر، کە بە بەتەواوبوونی ئاسانکاریيەکى زۆرى پێشکەش بە هاوڵاتییانى گەڕەکەکە دەکات.
دووەم/ قۆناغێکی تری پڕۆژەی نۆژەنکردنەوەی شەقامی ( هەولێر – خەبات ) کە رێگهیەکی ستراتیژی و بازرگانی گرنگە و هەر سێ پارێزگای هەولێر، دهۆک و مووسڵ بەیەکەوە دەبەستێتەوە و بە گوژمەی (2 ملیار و 150 ملیۆن دینار) لە سەر بودجەى پارێزگاى هەولێر، لە پێناو كارئاسانی بۆ شوفێران و كەمكردنەوەی رووداوەكانی هاتووچۆ، بە چەند قۆناغێک دەستى پێکراوە و پێکهاتووە لە سێ بەش، سایدی چوون لە سێڕێیانی گوێڕ تا بازگەی کۆنی کانی قڕژاڵە، لە سایدی هاتنەوەش لە بازگەی کۆنی کانی قڕژاڵە تاکو سێڕێیانی گوێڕ و لە بازگەی کانی قڕژاڵە بە دووری ( 6.350 ) کیلۆمهتر بەرەو قەزای خەباتە.
سێیەم/ پڕۆژەی سەوزکردنی یەکتربڕی شەقامی 120 مەتریی لە ڕێگەی هەولێر-مووسڵ، کە بە گوژمەی زیاتر لە (3 ملیار و 420 ملیۆن دینار) دەست بە جێبەجێکردنى کراوە و یەکێکە لە پڕۆژە گەورەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانە و لەسەر ڕووبەری 205 هەزار مەتر دروست دەکرێت و زیاتر لە 70 هەزار دار و گوڵ و درەختی جۆراوجۆری تێدا دەچێندرێت، تا ئێستاش نزیکەی 50%ی کارەکانی تەواو کراوە و ئامانج لەو پڕۆژەیە زیادکردنی ڕێژەی سەوزایییە لە شاری هەولێر، هاوکات سیمایەک جوانتر بە شارەکە دەبەخشێت بە تایبەتی دەروازەی هەولێر و موسڵ.
چوارەم/ پڕۆژەى جووت سایدی شەقامی گەزنە تاکو شەقامی 120 مەتری، کە شەقامێکى گرنگ و ستراتنیژى شارى هەولێرە و لە سەر فەرمان و ڕاسپاردەی ڕێزدار مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە پێناو چارەسەركردنی گرفتی هاتووچۆى هاوڵاتییان بەگوژمەى ( 5 ملیار و 250 ملیۆن دینار) لە سەر بودجەى حکومەتى هەرێمى کوردستان دەست بە جێبەجێکردنى کراوە و لە كاتی تەواوبوونیدا شەقامی خێرای 120مەتری هەولێر تا دهۆك و زاخۆ بەیەکەوە دەبەستێتەوە، بەمەش واتا واتە بەستانەوەی هەولێر و دهۆك بە شەقڵاوە – حاجی ئۆمەران و بەستانەوەی بە كۆیە و سلێمانی و كاریگەریەکی زۆرى دەبێت لە سەر جوڵەى بازرگانى و ئاسانكاری هاتوچۆی هاوڵاتییان.
پێنجەم/ پڕۆژەى نۆژەنکردنەوە و و قیرتاوکردنى ڕێگەی (هەولێر – کۆیە)، کە بە گوژمەی (491 ملیۆن دینار) لە سەر بودجەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەلایەن تیمەکانى بەرێوەبەرایەتى چاککردنەوە و پاراستنى رێگاوبانى هەولێر، دەست بەجێبەجێکردنى کراوە و پێکهاتووە لە نزیکەی (12 کیلۆمەتر) لە ڕێگای ستراتیژی و گرنگی (هەولێر – کۆیە) کە لە کەسنەزان و هەورازە نەفتە تا دەگاتە چوار ڕێیانی گۆمەسپان دەگرێتەوە.
شەشەم/ پرۆژەى دروستکردنى پارکی ڕەشکین، کە بە گوژمەی (15 ملیار دینار) لەسەر ڕووبەری نزیکەی 120 هەزار مەتر دووجا، دەست بەجێبەجێکردنى کراوە و پێکهاتووە لە:-
- پەرژينى پڕۆژەكە بە درێژایی هەزار و 600 مەتر.
- دروستكردنى گەراجى ئۆتۆمبێل .
- دروستكردنى دوو كافترياى مۆدێرن.
- دروستكردنى ڕێڕەوی ڕاکردن و پايسكلسواری.
- دروستكردنى دوو عەمبارى ئاو بە قەبارەی 300 مەتر سێجا.
- لێدانی بيرى ئاو بەقووڵی 500 مەتر.
- كارى سيستمى كارەبا و سيستەمى ڕووناککەرەوەی پڕۆژەکە.
- سەوزایی و چاندنی هەزار دار و چيمەنى هەميشە سەوز و دەیان هەزار گوڵ.
حەوتەم/ پڕۆژەی چارەسەرکردنی کێشەی کۆبوونەوەی ئاو لە ڕێگەی (هەولێر- شەقڵاوە) و دەوروبەری شەقامی خێرایی 150 مەتری، کە بە گوژمەی( 8 ملیار دینار) لەسەر بودجەی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەست بەجێبەجێکردنى کراوە، بریتیە پێکهاتووە لە دروستکردنی ئاوەڕۆی سەندوقی ( 3 × 3 مەتر)ی لە سەر شەقامی سەرەکی هەولێر – شەقڵاوە تا دەگاتە شەقامی خێرای 150 مەتری بە درێژایی زیاتر لە ( 3 کم) و دروستکردنی ئاوبەری سەندوقی دوو چاووە ( 2.5 × 2.5 مەتر)ی بە درێژی (60) مەتر لە سەر شەقامی خێرای 150 مەتری.