هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 22, 2024

هەمواركردنی یاسای باری كەسیی عێراق و ئاكامەكانی

دوێنێ، لە هۆڵی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان، بیستەمین گفتوگۆی” بازنەی گفتوگۆ” بە نێونیشانی ” هەمواركردنی یاسای باری كەسیی عێراق و ئاكامەكانی” بەڕێوەچوو.

لە گفتوگۆکەدا بەڕێزان ” د.مونا یاقۆ، عەلی مگدام، ڕازاو مەحمود فەرەج، د.هاشم ئەلكەندی، د.ڤیان سەبری، د.بەشیر حەداد ، ئینتیسار ئەلجبوری، د.عەبدوڵا شێركاوەیی، رێزان شێخ دلێر، د.غالب ئەلدەعمی، بەهار عەلی، خەیری بۆزانی، د.نەهلە ئەفەندی ، پەیمان عیزەدین، د.هالە جەودەت- هەروەها ئەندامانی بازنەی گفتوگۆ – شڤان حەمدی، پ.د.نەزاكەت حسێن، د.جەلال ئەحمەد، فەرهاد محەمەد” ئامادبوون، گفتوگۆیەكی زۆر چڕ و ڕاشكاوانە لەسەر ڕەهەندە جیاوازەكانی ماددە و بڕگەكانی پڕۆژەی هەمواركردنەوەی
” یاسای باری كەسیی عێراق”.
ئامادەبووانی ئەم گفتوگۆیە كە نوێنەرایەتی تەواوی پێكهاتە جیاوازەكانی عێراق و بیر و بۆچوونە سیاسییە جیاوازەكانی هەرێمی كوردستانیان دەكرد، وەك زۆرینەی ڕەها نێوەڕۆکی هەمواركردنەوەی یاسای باری كەسیی عێراقیان ڕەتكردەوە و ، جەختیان لەسەر ئەوە دەكردەوە لە ساڵی 2008 یاسای باری كەسیی لە هەرێمی كوردستان وەك هەنگاوێكی مۆدێرنانە بۆ بەرژەوەندی مافەكانی ئافرەت و منداڵ و خێزان زۆر پێشكەوتووانە هەموار كرایەوە، بەڵام دوای نزیكەی دوو دەیە بەسەر ئەو هەمواركردنەوەیە، ئێستا پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی یەكەمی بۆ هەمواری یاسای باری كەسیی عێراق کردووە و ، ئەم هەمواركردنەوەیەش بە جۆرێكە كە كۆمەڵگەی عێراقی لەسەر بنەمای مەزهەبی دابەش دەكات و ، شیرازەی خێزان تێكدەدات و ڕێژەی جیابوونەوەی خێزانەكان زیاتر دەكات، ئەمە سەرباری ئەوەی دەرگەیەك دەكاتەوە بۆ ئەوەی منداڵی کچ لە تەمەنی ” 9-10″ بە شوو بدرێت، لەمەش زیاتر مافی پەروەردەكردنی منداڵ لەو دایكانە وەردەگرێتەوە كە لە هاوسەرەكانیان جیادەبنەوە و، بەمەش لەبری ئەوەی عێراق وەك دەوڵەت هەنگاو بۆ دیموكراتی و مەدەنیەت هەڵبگرێت، هەنگاو هەڵدەگرێت بەرەو دواوە و دەیەوێت بە فیقهو فەتوای پێش هەزار ساڵ مامەڵە لەگەڵ ئافرەتان بكات.
جێگەی ئاماژە پێكردنە، پوختەی ئەم گفتوگۆیە لە ڕۆژی 2ی ئەیلوول لە گۆڤاری گوڵان بڵاودەكرێتەوە.