پرۆژەی وێستگەی نوێی کارەبای 132 کەی ڤی کەلار سەدا 95ـی کارەکانی تەواو بوون

ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان بڵاوی کردەوە، 26ـی ئابی 2024، بۆ ئاگەداربوون لە لە چۆنیەتی بەڕێوەچوونی کارەکانی پرۆژەی وێستگەی نوێی کارەبای 132ی کەلار، جەلال شێخ نوری سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان بە یاوەری بەڕێوەبەری گشتی کارەبای گەرمیان، پرۆژەی وێستگەی نوێی کارەبای 132 کەی ڤی کەلاری بەسەرکردەوە و لەنزیکەوە بەشە جیاوازەکانی پرۆژەکەی بەسەرکردەوە، هاوکات دەستخۆشی لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی کارەبای گەرمیان کرد بۆ جێبەجێکردنی پرۆژەکە، لەگەڵ ئەوەشدا پشتوانیی ئیدارەی گەرمیانی بۆ تەواوکردنی پرۆژەکە دوپاتکردەوە.

بەپێی زانیارییەکانی ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان، تێچووی پرۆژەی  وێستگەی نوێی کارەبای 132کەی ڤی کەلار، زیاتر لە 21 ملیار دینارە و رێژەی زیاتر لە 95٪ی کارەکانی تەواو بووە، بەتەواوبوونی بەشێکی زۆر لە کێشەکانی کارەبا چارەسەردەبێت و  کێشەی کەمی ڤۆڵتیەی ناحیەکانی نەوجول و پێبازیش چارەسەر دەکات.

دوای ئەوەی ڕۆژی 30ی حوزەیرانی 2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سەردانێكی گرنگی بۆ هەردوو پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە كرد، لەو سەردانەدا وێڕای دانانی بەردی بناخەی سایلۆی هەڵەبجە، لەنزیكەوە دیدار و كۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی ئیداریی دەڤەرەکە کرد. جیا لەوانەش، چەندین دیدار و كۆبوونەوە و گفتوگۆیەكی رووبەڕوو و ڕاشكاوی لەگەڵ بەشێك لە دانیشتووانی ناوچە جیاجیاكانی هەردوو پارێزگا و یەكە كارگێڕییەكاندا ساز دا.

لەو دیدار و كۆبوونەوانەدا، بەرپرسانی ئیداریی پارێزگاكان و هاووڵاتیان، باسیان لە كێشە و كەم وكوڕی و گرفتەكانی ناوچەكانیان كرد و چەند داواكاری و پێشنیازیان پێشكەش بە سەرۆكی حکومەت كرد.

سەرۆكی حکوومەت بە وردی گوێی بۆ داوكارییەكانیان گرت و بەڵێنیشی دا كە ئەوەی لە توانای حكوومەتی هەرێمی كوردستاندا بێت بۆ خزمەتكردنی خەڵكی ئەو دوو پارێزگایە و قەزا و ناحیە و گوندەكانی، جێبەجێی دەكات.

لەم بارەیەوە سەرۆکی حکوومەت چەندین بڕیاری گرنگی لە پێناو خزمەتکردنی زیاتری هاووڵاتییانی هەردوو پارێزگەی سلێمانی و هەڵەبجە و هەردوو ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەڕین و گەرمیان دا.