شەممە, تشرینی دووه‌م 23, 2024

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی پێشوازی لە کونسوڵی گشتیی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان دەکات

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەمیانی پێشوازیکردنی لە کونسوڵی گشتیی ئەڵمانیا لە هەرێمی كوردستان، خواستی پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندیی نێوان هەردوولای دووپاتکردەوە.

ئەمڕۆ دووشەممە (26ـی ئابی 2024) مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە کلاوس شترایشەر، كونسوڵی گشتیی ئەڵمانیا لە هەرێمی كوردستان کرد، بە بۆنەی کۆتاییهاتنی ئەرکەکەی.

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی سوپاسی کونسوڵی گشتی و حکوومەت و گەلی ئەڵمانیای کرد بۆ پەیوەنديی دۆستانە و پشتیوانیکردنی هەرێمی کوردستان، هەروەها خواستی پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندیی دوولایەنەی دووپات کردەوە.

لەلایەن خۆیەوە، کونسوڵی گشتیی ئەڵمانیا پێزانینی بۆ پشتگیری و هەماهەنگیی لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ کونسوڵخانە دەربڕی و ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ بەهێزترکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا نیشاندا.