سلێمانی.. دوو بازرگانی ماددەی هۆشبەر بە برینداری دەستگیرکران

بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکانی دەزگای ئاسایش، دوو بازرگانی ماددەی هۆشبەر، بە برینداری دەستگیر دەکەن.

دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند “بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکانی دەزگای ئاسایش بە هاوئاهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی سلێمانی، بە بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش، پاش ڕووبەڕوبوونەوەی چەکداری؛ توانییان دوو بازرگانی ماددەی هۆشبەر بە برینداری دەستگیر بکەن.

بە گوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، ڕووداوەکە کاتژمێر 09:00ـی بەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە، 26-08-2024، لە گەڕەکی سەرچناری شاری سلێمانی بووە و لەئەنجامی ڕووبەڕووبونەوەکەدا، کارمەندێکی دەزگای ئاسایشیش بریندار بووە.

دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەش کردووە، هەر لەو چالاکییەکەدا، دەست بە سەر بڕی زیاتر لە (14)کیلۆگرام ماددەی هۆشبەر لە جۆری کریستاڵدا گیراوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: ئێستە تۆمەتباران بە ماددەی (25) لە یاسای بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان و کارتێکارە ئەقڵیەکان ڕاگیراون و لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکەیان بەردەوامە.

ھەواڵی زیاتر