فشاری باخچەلی كۆتایی بە دەم پارتی دەهێنێت؟

دەوڵەت باخچەلی، سەرۆكی پارتی بزوتنەوەی ناسیۆنالیستی (مەهەپە)، داوا دەكات هەموو پاڵپشتییەكی دارایی دەم پارتی ببڕدرێت و ئەو پارەیە بدرێت بە ماڵباتی شەهیدان، هەروەها داوا دەكات، دەم پارتی دابخرێت، چونكە باڵێكی مەدەنی پەكەكەیە لەناو پەرلەمانی توركیا. ئەم گوتانەی باخچەلی، دەنگدانەوەی گەورەی بەدوای خۆیدا هێنا.

ئەمە جاری یەكەم نییە باخچەلی، داوای داخستنی پارتی كوردی بكات، لە ٢٠٢٠یش داوای كرد هەدەپە دابخرێت و بەفەرمی داوای یاسایی لە داواكاری گشتی توركیا تۆمار كرد. بەهۆی ئەوەی لەگەڵ ئاكەپەدا هاوپەیمانە، فشاری زۆری خستە سەر رەجەب تەییب ئەردۆغان بۆ داخستنی هەدەپە، بۆیە ئەردۆغان لە چەند وتارێكدا بە هەدەپەی دەگوت تیرۆریست و دۆسییەی داخستنی هەدەپە چووە بەردەم دادگای دەستووری توركیا.
هەدەپە، زانیی لە دادگا نایباتەوە و بڕیاری داخستنی دەدرێت، بۆیە دەم پارتی دامەزراند و هەموو پەرلەمانتار و لایەنگرانیان چوونە ناو دەم پارتی.
ئەوەی بووەتە مایەی نیگەرانیی بەرپرسانی دەم پارتی، كاریگەریی باخچەلییە لەسەر ئاكەپە و خودی ئەردۆغان، وەكوو چۆن لە ٢٠٢٠، توانی ئەردۆغان وا لێبكات بە هەدەپە بڵێت تیرۆریست و ئەو فشارەش بوو، هەدەپەی ناچار كرد دەم پارتی دابمەزرێنن.
ئاكیف باقی، رۆژنامەنووسی بەناوبانگی توركیا، كە پێشتر راوێژكاری ئەردۆغان بووە، زۆر بەتوندی وەڵامی باخچەلی داوەتەوە و پێی دەڵێت، دەبێت بزانیت لایەنگرانی دەم پارتی تەنیا دەنگیان بە دەم پارتی نەداوە، ئەوان باجیشیان داوە.
باقی وەكو وەڵامێك بۆ باخچەلی، كە دەم پارتی و پەرلەمانتارەكانی ئەو پارەی وەریدەگرن هیچ قورساییەكی لەسەر خەزینەی دەوڵەت دروست نەكردووە، بەڵكو پارەی دەنگدەری خۆیانە ئەم زانیارییانەی خستووەتە روو:
لە ٢٠١٦ تا ٢٠٢٠، هەدەپە ٢٨٥ ملیۆن و ٨٨٨ هەزار لیرەی توركی لە خەزینەی دەوڵەت وەرگرتووە، هەروەها پەرلەمانتارەكانی لەو ماوەیەدا ٣٩ ملیۆن و ٨٨ هەزار و ٨٧٢ لیرەی توركیان وەكوو مووچە وەرگرتووە.
بەڵام لە بەرامبەردا، ئەو دەنگدەرانەی هەدەپە كە شەش ملیۆن دەنگدەرە، لە ماوەی یەك ساڵدا ٦٠ ملیار لیرەی توركی باجیان داوە، ئەمەش ئەگەر لەو ساڵەدا هەر دەنگدەرێك ١٠ هەزار لیرە باجی دابێت، كە زۆر زیاتریشی داوە.
بۆیە باقی دەڵێت: ”باخچەلی دەبێت بزانێت، دەنگدەری دەم پارتی تەنیا دەنگی نەداوە، ئەوان باجیشیان داوە“
حەسەن بیلدریجی، نووسەری دیاری باكووری كوردستان، لەسەر ئەو گوتانەی باخچەلی وتارێكی لە هەژماری خۆی لە فەیسبووك نووسیوە و دەڵێت مەهەپە، ماشەیە بەدەستی ئەو وڵاتانەی دەیانەوێت بارودۆخی ناوەخۆیی توركیا بشێوێنن، بۆیە گرنگە ئەو پارتە دابخرێت.

بیلدریجی، پێیوایە لە بری دەم پارتی، پێویستە مەهەپە دابخرێت، چونكە ئەو پارتە بەڵایە بۆ توركیا و لەزیان زیاتر هیچ سوودێكی تری نییە.
پێشتر و بەر لە كودەتای ١٩٨٠، چەند جارێك مەهەپە داخراوە، تەنانەت سەرۆك و دامەزرێنەی ئەو پارتە، ئێرتوغرول توركەش، خرایە زیندان و ئەشكەنجەی زۆر درا، بۆیە بیلدریجی پێی وایە، ئەوانەی پێیانوایە مەحاڵە مەهەپە دابخرێت، پێویستە مێژوو بخوێننەوە.
لە سۆسیال میدیا، هێرشێكی زۆر بۆ سەر باخچەلی دەستپێكردووە، هاووڵاتیان پێیانوایە، باخچەلی و پارتەكەی ئاستی جەماوەرییان زۆر دابەزیوە، بەو وتار و داواكارییانە دەیەوێت هەستی نەتەوەپەرستی لە توركیا زیاتر بكات و دەنگ كۆ بكاتەوە، چونكە لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی ٢٠٢٤، دەركەوت ئەو پارتە دەنگەكانی ٣٪ زیاتر نەبوو، ئەمەش شكستێكی گەورە بو بۆ مەهەپە و خودی باخچەلی.