جووتیارانی ناوچە سنوورییەکان بۆ هەولێر : ئەگەر باج و سەرانە بە چەکدارانی پەکەکە نەدەین لە کوێستانەکانی خاکی خۆمان دەردەکرێین

ماوەیەکە تورکیا ھێرشە ئاسمانی و زەمینییەکانی بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی پەکەکە لە ناوچە سنوورییەکانی ھەرێمی کوردستان چڕ کردووەتەوە، بەشێک لە گوندنشینان ناچار بوونە ماڵوحاڵیان جێ بهێڵن. لەلایەکی دیکەوە سەرانە و باج لە ئاژەڵدار و جووتیاران وەردەگرێت، کە لە سەد ھەزار دینارەوە دەست پێ دەکات تا دەگاتە سەرووی ملیۆنێک دینار.

ئەو مەڕدارانەی کە گەرمیان و کوێستان بە مەڕوماڵاتەکانیانەوە دەکەن بە مەبەستی لەوەڕاندنیان لە ناوچە کوێستانییەکان، پەکەکە سەرانەیان لێ وەردەگرێت، ئەمەش خاوەنی مەڕوماڵاتەکانی ھەراسان کردووە، تەنانەت ناشھێڵن بڕۆنە ئەو شوێنانەی کە پەکەکە بارەگای سەرەکی لێ داناوە و، سنووریان بۆ دیاری دەکات لە لەوەڕاندنی مەڕوماڵاتەکانیان، ھاووڵاتییان و بازرگان و مەڕدارانیش، بێزار بوون لە کردارە خراپەکانی پەکەکە لە ناوچە سنوورییەکان.
ھاووڵاتییان کە زەرەرمەندی یەکەمن لە شەڕ و بۆردومانی سوپای تورکیا و پەکەکە، داوا دەکەن ھێزەکانی پەکەکە لە گوند و ئاواییەکان نزیک نەکەونەوە و سوپای تورکیاش گوند و ئاواییەکان بۆردومان نەکات، بۆ ئەوەی چی دیکە زەرەرمەند نەبن و نەبنە قوربانی، بۆیە داواکارن ھەر دوولا شەڕ و پێکدادانەکانیان لە ھەرێمی کوردستان دوور بخەنەوە. ھەندێک لەو ئاژەڵدار و جووتیارانە بەھۆی مەترسی لەسەر ژیانیان نەیاویست ناوەکانیان ئاشکرا بکرێت، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” باس لە وەرگرتنی باج و سەرانە دەکەن و دەڵێن: ھەر کاتێک ڕوو لە کوێستانەکان دەکەین دەبێت باج و سەرانە بدەینە پەکەکە، ئەوەش تەنیا بۆ ئەوەیە لە کوێستانەکان بمێنینەوە.
ئاماژە بۆ ئەوەش دەکەن، بۆ ھەر ھەنگێک ھەزار دینار و بۆ بزن و مەڕ پێنج ھەزار و بۆ ھەر سەر مانگایەکیش دەبێت دە ھەزار دینار بدەین، ئەگەر باج و سەرانەیان نەدەینێ کێشەمان بۆ دروست دەکەن، لە کوێستانەکان دەردەکرێین، یان لێ ناگەرێن ساڵی داھاتوو بگەڕێینەوە.
ئاژەڵداران و ئەو کەسانەی لە لایەن چەکدارانی پەکەکە سەرانەیان لێ وەردەگیرێت زۆر بێزارن، ھەندێکیان دەڵێن، خەریکە واز لە کاری ئاژەڵداری دەھێنین، چونکە ئەوەی دەستمان دەکەوێت ساڵانە پەکەکە دێت لێمانی وەردەگرێت لە کاتێکدا ئێمە لەسەر خاک و شوێنی خۆمانین.
شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان سوپای تورکیا و چەکدارانی پەکەکە لە ناوچە سنوورییەکانی ھەرێمی کوردستان نیگەرانییەکی زۆری لەنێو ھاووڵاتییان دروست کردووە، بەھۆی بۆردومانی فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا و بوونی چەکدارانی پەکەکە سەد و ھەژدە گوند لە سیدەکان، شەست و پێنج گوند لە سنووری قەزای مێرگەسۆر و سێزدە گوند لە سنووری قەزای چۆمان و چوار گوند لە قەزای ڕواندز سەر بە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران چۆڵکراون، ھەروەھا زیاتر لە سەد ھاووڵاتیی لەو سنوورە شەھید بوونە، کە ھەشتا کەسیان لە دەڤەری برادۆست بوونە. وەکو بەرپرسانی ئیدارەی سۆران، بۆ “ھەولێر” ئاماژەی بۆ دەکەن، پەکەکە کێشەی سەرەکییە بۆ خەڵکی سنوورەکە، ھەر ئەویش ھۆکارە گوندەکانی ناوچە سنوورییەکان چۆڵبکرێن و ئاوەدان نەکرێنەوە و حکوومەت نەتوانێت دەستی ئاوەدانی بۆ ئەو گوندانە درێژ بکات.
ئاماژە بۆ ئەوەش دەکەن، پەکەکە کێشەیەکی زۆری بۆ خەڵک و حکوومەت دروست کردووە، ئەگەر ھاتبا پەکەکە لەو ناوچانە نەبوایە، شوێنی زۆر خۆش و جوان ھەن دەکرانە شوێنی گەشتیاری، بەوەش ھەم خەڵکەکە سوودی لێ دەبینی، ھەمیش بۆ حکوومەت باش دەبوو، لەگەڵ ئەوەی دەستی ئاوەدانی دەگەیشتە ھەموو ئەو ناوچانە، بەڵام ئێستا لەبەر پەکەکە ناتوانین پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان بۆ ھەندێک ناوچە ببەین، ئەمە لە کاتێکدایە بەردەوام خەڵکی ئەو ناوچانە داوا دەکەن پەکەکە لە گوند و ئاواییەکانی ئەوان نەمێنێت بۆ ئەوەی بتوانن بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان و دەست بە ژیانێکی نوێ بکەن، چونکە ئەگەر بگەڕێنەوە، یان شەھید دەبن، یان سەرانەیان لێ وەردەگیرێت.

ھەواڵی زیاتر