باندێکی مەترسیداریی بازرگانی ماددە هۆشبەرەکان گیراون

ڕووداوی دەستگیرکردنی باندێکی قاچاخچیی مادەی هۆشبەر لە پایتەختی هەرێمی کوردستان، کە سەدان کیلۆ مادەی هۆشبەریان پێ بووە، زەنگێکی ئاگادارکردنەوەیە بۆ حکوومەت و ناوەندە تەناهی، کۆمەڵایەتی، پەروەردەیی و ئایینی و ڕۆشنبیریییەکانی هەرێمی کوردستان، کە بزانن نەیارانی کورد بە چ شێوەیەک لە هەوڵی گیرۆدەکردنی گەنجانی کورد و تێکدانی شیرازەی کۆمەڵگەی هەرێمی کوردستاندان و کاتی ئەوە هاتووە ڕووبەڕووی هەڕەشەیەکی خراپتر لە داعش ببنەوە.

کۆگای باندەکە لە دەوروبەری هەولێر بووە
دوێنێ، بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکانی هەرێمی کوردستان لە هەولێر دەستگیرکردنی باندێکی ڕاگەیاند کە لە کۆگەیەکیان لە باخەکانی دەوروبەری هەولێر هەشتا و پێنج کیلۆگرام مادەی هۆشبەری کریستاڵیان هەڵگرتووە.
لە ڕاگەیەنراوەکەی ئەو بەڕێوەبەرایەتییە ئاماژە بەوە کراوە لە پڕۆسەیەکی بەدواداچوون و کۆکردنەوەی زانیاری ورد کە نزیکەی هەفتەیەکی خایاند، دوای وەرگرتنی ڕەزامەندیی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش، بەڕێوەبەرایەتیەکە بە هاوکاریی بەڕێوەبەرایەتی بەدواداچوون و چاودێری، لە چالاکییەکدا توانییان باندێکی مەترسیداری ماددەی هۆشبەر دەستگیر بکەن.
بەپێی زانیارییەکان، باندەکە پێکهاتوون لە سێ تۆمەتبار و وادیارە کۆگەیەکیان لە یەکێک لە باخچەکانی دەوروبەری هەولێر هەیە، ئەم ماددە هۆشبەرانەشیان لە سنووری قەڵادزێوە بۆ کۆگەکە گواستووەتەوە و لە شارە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان ساغیان کردووەتەوە.

یەکێک لە باندە مەترسیدارەکان بووە
بەڕێوەبەرایەتییەکە ئاماژەی بەوە کردووە، کە ئەم باندە بە یەکێک لە باندە هەرە مەترسیدارەکانی ماددەی هۆشبەر هەژمارە دەکرێ و لە دانپێدانانی ئەندامانی باندەکە دەرکەوتووه، مانگانە سەرووی سەد کیلۆگرام مادەی هۆشبەریان بڵاو کردووەتەوە.
دەستبەسەرداگرتنی ئەو باندەی مادەی هۆشبەر بەهەوڵ و توانای هێزەکانی ئاسایش ئەگەر سەرکەوتنێکی گرنگ بێت بۆ بەرێوەبەرایەتیی نەهێشتنی مادە هۆشبەرەکان و ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو دیاردە مەترسیدارە، لە هەمان کاتدا دەرخەری ئەو ڕاستییەیە کە لەوانەیە باندی تر هەبن و هەر ئەو باندەش کە گیراوە دەبێت پێشتر چ ژمارە گەنجێکی هەرێمی کوردستان گیرۆدەی مادەی هۆشبەر کردبێت و چەند خێزانی وێران کردبێت و چ قەبارەیەک لە سەرمایە و پارەی هەرێمی کوردستانی بۆ دەرەوە گواستبێتەوە.
بەپێی ڕاگەیەنراوەکە ئەو مادانە لە سنووری قەلادزێوە بە قاچاخ هاوردەی هەرێمی کوردستان کراون کە سنووری هەرێمی کوردستانە لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران.

بۆشایی ئەمنی نێوان هاوکاری قاچاخچیانە
هەرێمی کوردستان بە تایبەتی لە دوو سنوورەوە مەترسیی ئەوەی لەسەرە مادەی هۆشبەری لێیەوە هاوردە بکرێت کە یەکێکیان سنووری هەرێمی کوردستانە لەگەڵ ئێران و دووەمیشیان سنووری درێژی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراقە و لە ساڵانی ڕابردوودا بەهۆی ئەو بۆشاییە ئەمنییەی لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم هاتووەتە کایەوە، دەرفەتی زیاتری بە بازرگانانی مادەی هۆشبەر داوە تا پەرە بە قاچاخبردنی مادەی هۆشبەر بدەن.
ئێران لەو وڵاتانەیە کە ڕێژەی بڵاوبوونەوەی مادەی هۆشبەر، تاوانکاریی ئەو مادە مەترسیدارە بەرزە و لە ئێرانەوە قاچاخچییان مادەکە بۆ زۆربەی وڵاتانی دنیا دەگوازنەوە و هەبوونی سنوورێکی فراوان لەگەڵ هەرێمی کوردستان هۆکارە لەوەی ئەو مادەیە بە ئاسانی بهێنرێتە هەرێمی کوردستان.
لە ساڵانی ڕابردوودا لە هەرێمی کوردستان ڕێژەی مادەی هۆشبەر و ئاڵوودەبووانی ئەم مادەیە زۆر بووە و تەنانەت ژمارەیەکی زۆر لە حوکمدراوان لە چاکسازییەکانی کوردستان تاوانەکەیان پێوەندیی بە مادەی هۆشبەرەوە هەیە.

ئامارەکان ترسناکن
بەگوێرەی ئامارێکی مانگی ڕابردووی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان ژمارەی ئەو کەسانەی بە تاوانی جۆراوجۆر حوکمیان بەسەردا سەپێنراوە و لە چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان خەریکە ماوەی حوکمەکەیان تێپەڕ دەکەن دەگاتە چوار هەزار و پێنجسەد کەس. سەیر لەوەدایە لەو ژمارەیە هەزار و چوارسەد کەسیان بەهۆی بەکارهێنان یان بازرگانیکردن بە مادەی هۆشبەرەوە حوکم دراون.
هەرێمی کوردستان نەیاری زۆرە و دوژمنانی کورد لە ڕێی جیاوازەوە دەخوازن زیان بە هەرێمی کوردستان بگەیەنن. دوژمنان چاویان بەوە هەڵنایە کوردستان خاوەنی کۆمەڵگەیەکی تەندروست بێت و دەخوازن لە تواناکانی بیرکردنەوە و چالاکییەکانی کەم بکەنەوە و تاکەکانی لاواز و سست ببن و دواجار کۆمەڵگەیەک هەبێت کە مرۆڤەکانی بێدەسەڵات بن و بە ئاسانی بکەونە ژێر کاریگەری پیلان و فریوکارییەکان و بۆیەش ئەرکی حکوومەت و سەرجەم ناوەندە پەروەردەیی، ئایینی، ڕۆشنبیری و تەناهییەکانە بە جیددی مشووری ئەو دۆخە بخۆن.

ھەواڵی زیاتر