سەرۆکوەزیران چوار ملیار دیناری بۆ پڕۆژەکانی پەروەردە لە ئیدارەی سۆران تەرخان کردووە

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

لە چوار ساڵی ڕابردوودا لە ھەرێمی کوردستان سەد و پەنجا قوتابخانەی نوێ دروستکراون و بە دەیان قوتابخانەی دیکەش لە قۆناغی جێبەجێ کردندان، لەگەڵ ئەوەی ھەزار و شەش سەد و پەنجا قوتابخانە نۆژەن کراونەتەوە.بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سۆران، ئاشکرای کرد: لەسەر ڕەزامەندی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، چوار ملیار دینار بۆ پڕۆژەکانی کەرتی پەروەردە لە ئیدارەی سۆران تەرخان کراون.

مامۆستا مەجید خانۆ، بەڕێوەبەری پەروەردەی مێرگەسۆر، بە ڕۆژنامەی “ھەولێر”ـی گوت: ئەو قوتابخانانەی کە داوای نۆژەنکردنەوەیان کردبوو ساڵی پار نەمانتوانی کار لەسەر ھەموویان بکەین، ھۆکارەکەش دەگەڕێتەوە بۆ کاتی خوێندنی قوتابییان، لەم پشووەی کە ئێستا تێیدان ٤٦ قوتابخانە نۆژەنکراونەتەوە، ئەوەش بەپێی داواکاری بەڕێوەبەرەکان بووە.

پێدوایستییەکانی کەرتی پەروەردەی سۆران دابین کراون
لەلای خۆیەوە، ئەکارا ئەلیشا کیۆ، بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سۆران، ڕاگەیاند، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، ڕەزامەندی داوە لەسەر خەرجکردنی سێ ملیار دینار بۆ ئەو قوتابخانانەی کە سەریان خۆڵە و ژمارەیان ٢٨ قوتابخانە دەبێت، لەو سێ ملیار دینارەی کە دابینکراوە یەک ملیار دینار بۆ قوتابخانەی شەش پۆلی تەرخان کراوە، ھەروەھا ڕەزامەندی دراوە بە خەرجکردنی یەک ملیار دیناری دیکە بۆ پێداویستییەکانی کەرتی پەروەردە لە سنوورەکە.
کەرتی پەروەردە بە دیجیتاڵی کراوە
ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بۆ دەزگاکانی ڕاگەیاندن، گوتی: ھەموو کەرتی پەروەردەمان بە دیجیتاڵی کردووە، پرۆگرامەکانی خوێندنمان لەڕووی ناوەڕۆک و دیزاین دەستکاریی کردووە و گۆڕیومانە، بێ ئەوەی یەک دیناری بۆ خەرج بکەین و بەھەدەری بدەین، گوتیشی: ستراتیژیەتی ڕاھێنانی مامۆستایانمان دانا، زیاتر لە ١٥٠ قوتابخانەمان دروست کردووە و تا تەمەنی ئەم کابینەی حکوومەت تەواو دەبێت، دروستکردنی قوتابخانەکان دەگەیەنینە ٢٠٠ قوتابخانە.

گرنگیدانی حکوومەت بە کەرتی پەروەردە
وەزیری پەروەردە، ئاماژەی بەوەشکرد، ھەزار و شەش سەد و پەنجا قوتابخانە نۆژەن کراونەتەوە، چوار سەد و شەست و ھەشت ژووری نوێی خوێندنیان دروست کردووە، شوێنی زیاتر لە سەد و بیست ھەزار منداڵمان کردووەتەوە، ئێستا دەزگای خێرخوازیی بارزانی ٥٠ قوتابخانە نۆژەن دەکاتەوە، سەرباری ئەوەی ٧٤ قوتابخانەمان کردووەتە وزەی خۆر، ھەر چەند قەیرانی ئابووری و شەڕی داعش و کۆڕۆنا ھەبوون، بەڵام ھەڵسەنگاندنیان بۆ تەواوی قوتابخانەکانی کوردستان بۆ ساڵی ٢٠٢٢ و ٢٠٢٣ کردووە، ئاستی قوتابخانە حکوومییەکانیان بەرزکردووەتەوە.

ھەواڵی زیاتر