وەزیری پەروەردە: لە سبەینێوە دەست دەکرێت بە ڕێکارەکانی بە گرێبەستبوونی مامۆستایانی وانەبێژ

وەزیری پەروەردەی حکوومەتی ھەرێم، ڕایگەیاند، نزیکەی ٣٨ ھەزار مامۆستای وانەبێژ دەکرێنە گرێبەست و لە سبەینێوە بە خێرایی دەست دەکرێت بە ڕێکارەکانی بە گرێبەستبوونیان.

ئەمڕۆ یەکشەممە (٢٥ـی ئابی ٢٠٢٤) مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، پێشوازی لە ژمارەیەک لە نوێنەرانی مامۆستایانی وانەبێژی ھەرێمی کوردستان کرد، سەرۆکی حکوومەت دوای گوێگرتنی لە خواست و داواکارییەکانی مامۆستایانی وانەبێژ، بڕیاریدا لەسەر داھاتی ناوخۆی حکوومەتی ھەرێم، سەرجەم وانەبێژانی ھەرێمی کوردستان کە ژمارەیان نزیکەی ٣٨ ھەزار کەس دەبێت بکرێنە گرێبەست.

هاوکات نوێنەرانی مامۆستایانی وانەبێژ، سوپاس و پێزانینی خۆیان بۆ خەمخۆری و پشتیوانیی سەرۆکوەزیران مەسروور بارزانی و جێبەجێکردنی داواکارییەکانیان دەربڕی.

ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: بە بڕیاری سەرۆکوەزیران مەسروور بارزانی نزیکەی ٣٨ ھەزار مامۆستای وانەبێژ دەکرێنە گرێبەست و لە سبەینێوە بە خێرایی دەست دەکرێت بە ڕێکارەکانی بە گرێبەستبوونیان.

ھاوکات وەزیری پەروەردە، سوپاسی مامۆستایانی وانەبێژی کرد و ئاماژەی بەوە دا، مامۆستایانی وانەبێژی ھەرێمی کوردستان لە ڕابردوودا ماندوونەناسانە ئەرکەکانی خۆیان جێبەجێ کردووە و نەیانھێشتووە ھیچ کەموکوڕیەک لە پڕۆسەی پەروەردەدا ڕووبدات، ناوبراو جەختی لەوەش کردەوە، سەرۆکی حکوومەت ھەمیشە پاڵپشتیی کەرتی پەروەردەی کردووە.

ئالان حەمەسەعید، گوتیشی: لە کابینەی نۆیەمدا چەند کارێکی زۆر گرنگ بۆ کەرتی پەروەردە کراوە، ڕاستەڕێیەکمان بۆ کەرتی پەروەردە سەرخستووە و ئومێدەوارین لە گەشەسەندن بەردەوام بێت، هەروەها سەرنجی بۆ ئەوەش ڕاکێشا، تەنیا خەرجی وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی عێراق یەکسانە بە کۆی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان کە لەلایەن وەزارەتی دارایی فیدڕاڵەوە دەنێردرێت.

ھەواڵی زیاتر