ئالان حەمەسەعید: سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەمیشە پاڵپشتیی کەرتی پەروەردەی کردووە

وەزیری پەروەردەی حکوومەتی هەرێم، ڕایگەیاند، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بڕیاری دا نزیکەی 38 هەزار مامۆستای وانەبێژی هەرێم بکرێنە گرێبەست.

ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: بە بڕیاری سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی نزیکە 38 هەزار مامۆستای وانەبێژ دەکرێنە گرێبەست و لە سبەینێەوە بە خێرایی دەست دەکرێت بە ڕێکارەکانی بە گرێبەستبوونیان.

هاوکات وەزیری پەروەردەی حکوومەتی هەرێم، سوپاسی مامۆستایانی وانەبێژی کرد و ئاماژەی بەوە دا، مامۆستایانی وانەبێژی هەرێمی کوردستان لە ڕابردوودا ماندوونەناسانە ئەرکەکانی خۆیان جێبەجێ کردووە و نەیانهێشتووە هیچ کەموکوڕیەک لە پرۆسەی پەروەردەدا ڕووبدات.

ناوبراو جەختی لەوە کردەوە، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەمیشە پاڵپشتیی کەرتی پەروەردەی کردووە.

ئالان حەمەسەعید، گوتیشی: لە کابینەی نۆیەمدا چەند کارێکی زۆر گرنگ بۆ کەرتی پەروەردە کراوە، ڕاستەڕێیەکمان بۆ کەرتی پەروەردە سەرخستووە و ئومێدەوارین لە گەشەسەندن بەردەوام بێت.

سەرنجی بۆ ئەوەش ڕاكێشا، تەنیا خەرجی وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی عێراق یەکسانە بە کۆی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان کە لەلایەن وەزارەتی دارایی فیدراڵەوە دەنێردرێت.

ئەمڕۆ یەکشەممە (25ـی ئابی 2024) مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە ژمارەیەک لە نوێنەرانی مامۆستایانی وانەبێژی هەرێمی کوردستان کرد.

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دوای گوێگرتنی لە خواست و داواکارییەکانی مامۆستایانی وانەبێژ، بڕیاریدا لەسەر داهاتی ناوخۆی حکوومەت هەرێم، سەرجەم وانەبێژانی هەرێمی کوردستان کە ژمارەیان نزیکەی 38 هەزار کەس دەبێت بکرێنە گرێبەست.

نوێنەرانی مامۆستایانی وانەبێژ، سوپاس و پێزانینی خۆیان بۆ خەمخۆری و پشتیوانیی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و جێبەجێکردنی داواکارییەکانیان دەربڕی.

ھەواڵی زیاتر