چۆنێتی بەڕێوەبردنی پۆستی پارێزگاری کەرکووک ئاشکرا دەکرێت

ئەندامێكی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک دەڵێت، بە گوێرەی ئەو ڕێککەوتنەی لە هۆتێل ڕەشید کراوە، پۆستی پارێزگاری کەرکووک هەر بە تەنیا لای یەکێتی نابێت و بەڵکو بۆ ماوەیەک بە تورکمان و عەرەبیش دەدرێت.

ڕەعد ساڵح، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە پێکهاتەی عەرەب دەڵێت: لە ڕێککەوتنە سیاسیییەكەی ھۆتێل ڕەشید، مەرجی ئەوە دانراوە، پۆستی پارێزگار بەشێوەیەكی خولی، لە نێوان هەرسێ پێكهاتەی شارەكەدا بەڕێوە ببرێت. سەرەتا پۆستی پارێزگار لەلای کورد دەبیت و دواتر تورکمان بۆ ماوەی دیاریکراو پۆستەكەی پێ دەدرێت و دواتریش عەرەب پۆستەکە وەردەگرێتەوە.

ئەمە لەكاتێكدایە ڕۆژی 24ی ئەم مانگە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك بە ئامادەبوونی پێنج ئەندامی یەکێتی، ئەندامێکی کوتلەی بابلیۆن و سێ ئەندامی عەرەبی، بەڕێوەچوو، بەڵام پارتی و بەرەی تورکمانی و هاوپەیمانیی عەرەبی به‌شداری كۆبوونه‌وه‌كه‌یان نەكرد و به‌ نایاساییان زانی.

لە كۆبوونوەكەدا سێ تەوەر تاوتوێكران، لەوانە داواکردن لە پێکهاتەى تورکمان و پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ پڕکردنەوەى پۆستەکانیان.

10ی ئەم مانگە، ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکووک بە ئامادەبوونى نۆ ئەندام لە هۆتێل ڕەشیدی بەغدا، بەبێ ئامادەبوونی ئەندامەکانی پارتی و بەرەی یەکگرتووی تورکمانی عێراق کۆبووەوە و حکوومەتى خۆجێیی هەڵبژارد.

بەرانبەر داننان بە عێراقیبوونی کەرکووک نەک کوردستانی بوونی، لەگەڵ بەخشینەوەی زۆرینەی پۆستە ئیدارییەکان، پۆستى پارێزگار بە کاندیدی یەکێتى دراو و پۆستى سەرۆکى ئەنجوومەنى پارێزگاکەش بەر عەرەب کەوت. ڕێککەوتنی یەکێتی و لایەنی عەرەبی نە نێوەندگیری شیعەکان بەجۆرێکە؛ دوای دوو ساڵ ئاڵوگۆڕ بە پۆستی پارێزگار و پۆستەکانی دیکە دەکرێت، بەڵام تائێستا دەقی ڕێککەوتنەکە کە ئیدارەکەی لەسەر پێک هێندراوە، بە فەرمی بۆ ڕای گشتی بڵاو نەکراوەتەوە.

ھەواڵی زیاتر