سیپان شێروانی، ئەندامی لیژنەی ئابووری لە پەرلەمانی عێراق:حکوومەتی هەرێم هیچ ناوێکی زیاد نەکردووە بۆ لیستی مووچە

بۆ پەنجا و چوار ڕۆژ دەچێت فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان مووچەکانیان وەرنەگرتووە، کەی بەغدا مووچەی فەرمانبەرانی کوردستان ڕەوانە دەکات تا ئێستا دیار نییە. سیپان شێروانی، ئەندامی لیژنەی ئابووری لە پەرلەمانی عێراق، لەم دیدارەدا لەگەڵ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێت: دەرکەوت بەغدا جیاکاری لە نێوان فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان و پارێزگاکانی دیکەی عێراق دەکات. دەشڵێ: حکوومەتی عێراق پابەندی دەستوور و یاسا نییە، ئەوەی ئێستا بەرامبەر بە خەڵکی ھەرێمی کوردستان دەکات زۆر لە بابەتی ھەڵبژاردن گەورەترە.

زیاتر لە سی و چوار ڕۆژە لیستی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان لە وەزارەتی دارایی ھەرێم بۆ وەزارەتی دارای عێراق ڕەوانە کراوە، بەڵام تا ئێستا مووچەی فەرمانبەران لەلایەن بەغداوە خەرج نەکراوە، بیانۆیەکەش پرۆسەی وردبینیکردنی لیستی مووچە بوو.
٢١ی ئاب وەزارەتی دارایی و ئابووریی ھەرێمی کوردستان لە ڕوونکردنەوەیەکدا ئاماژەی بەوەدا کە سی و یەک ڕۆژە لیستی مووچەیان بۆ وەزارەتی دارایی عێراق ناردووە، بەڵام بەغدا تەنیا ملیارێک و چوار سەد و بیست و شەش ملیۆن دیناری خەرج کردووە.
ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان لە دوایین کۆبوونەوەی خۆیدا دووپاتی کردەوە کە مووچە بەبڕیاری دادگە بەدوور گیراوە لە ناکۆکییەکانی نێوان ھەر دوو حکوومەت بەو پێیەی مووچە شایستەی دارایی مووچەخۆرانە و نابێت تێکەڵی ھیچ بابەتێکی دیکە بکرێت، جەختیشی کردەوە، کە نابێت بەھیچ جۆرێک ھەبوونی تێبینی و سەرنج لەلایەن دیوانی چاودێری دارایی عێراق ببێتە ھۆی ڕاگرتنی خەرجکردنی مووچەی تەواوی مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان.

غەدرێکی زۆر لە مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان دەکرێت
سیپان شێروانی، ئەندامی لیژنەی ئابووری لە پەرلەمانی عێراق، ڕایگەیاند، حکوومەتی عێراق بەشێوەیەکی نائەخلاقی نادەستووری و نایاسایی مامەڵە لەگەڵ فەرمانبەران و مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان دەکات، ئەوەش جێگەی قەبوول نییە، مووچەی مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان مافە و دەبێت حکوومەتی عێراق ھەموو مانگێک بەبێ ھیچ پاساوێک وەکو شایستە و ماف بۆیان دابین بکات، بەڵام خەدرێکی زۆر ڕوون و ئاشکرا لە مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان دەکرێت، ئەوە زیاتر لە پەنجا ڕۆژە مووچەی ڕەوانە نەکردووە، ھۆکاری ئەمەش تەنیا ئەوەیە مووچەخۆران خەڵکی ھەرێمی کوردستانن.

بەغدا پێگر نییە بە ڕێککەوتن و یاساوە
ئەو ئەندامەی لیژنەی ئابووری لە پەرلەمانی عێراق، گوتیشی: حکوومەتی ھەرێمی کوردستان درێغی نەکردووە لە ناردنی لیستی مووچە بۆ بەغدا، بەڵام بەغدا نە پێگری لیستی مووچەیە کە لە کاتی خۆیدا مووچە بنێرێت، نە پێگری ڕێککەوتنەکانە، ھەتا پابەندی دەستوور و یاسا نییە، لەگەڵ ئەوەش ھەندێک پەرلەمانتاری کورد و حزب و لایەنی کوردستانی بەردەوام بەھانە بۆ بەغدا دێنەوە، نوێترین ڤێرژنی جاشایەتی ئەوەیە بەھانە بۆ وەزیری دارایی و دواکەوتنی مووچەی ھەرێم دێنەوە.

ھەر بڕیارێک دادگە لە بەرژەوەندی خەڵکی کوردستان بدات جێبەجێ ناکرێت
سیپان شێروانی، ئەندامی لیژنەی ئابووری لە پەرلەمانی عێراق، جەختی لەوەشکردەوە: حکوومەتی ھەرێم پێگرە بە دەستوور، ھەر بڕیارێک لە دادگە دەرچوو بێت لە زیانی خەڵکی ھەرێمی کوردستاندا بێت حکوومەتی عێراق ھەر لەو ڕۆژەدا جێبەجێ دەکات، بەڵام ھەر بڕیارێک لە بەرژەوەندی خەڵکی کوردستان بێت، بۆ نموونە بڕیاری ناردنی مووچەی مووچەخۆرانی کوردستان کە فەرمانبەران مافی دەستووری یاسایی خۆیان وەربگرن وەزارەتی دارایی پێوە پابەند نابێت.

ھەندێک لایەنی کوردستانی زیان بە خەڵکی ھەرێمی کوردستان دەگەیەنن
ئەو ئەندامەی لیژنەی ئابووری لە پەرلەمانی عێراق، ئاشکراشی کرد: ھەندێک لایەنی کوردستانی بێ ئەوەی ھیچ دەستکەوێکیان ھەبێت پشتگیری لە بڕیارەکانی دادگە و حکوومەتی عێراق دەکەن ئەوانە یان نەخۆشی دەروونیان ھەیە، یان دوژمنی میللەتی خۆیانن، ئەگەرنا پاساوی ئەوان پێچەوانەی دەستوور و یاسایە و بەس بۆ ئەوەیە زیان لە خەڵکی کوردستان بدەن و خۆیان لەبەردەم حکوومەتی عێراق و ھەندێک لایەنی سیاسی عێراقی شیرین بکەن.

ئەوەی ئێستا دەکرێت زۆر لە ھەڵبژاردن گەورەترە
سیپان شێروانی، ئەندامی لیژنەی ئابووری لە پەرلەمانی عێراق، ئاماژەی بەوەشکرد: بابەتی مووچە یەکێک لەو بابەتانەیە کە وەکو کارتێکی سیاسی بەرامبەر بە ھەرێمی کوردستان بەکاردێنن، بۆ ئەوەی خەڵک سارد بێتەوە لە بابەتی پرۆسەی ھەڵبژاردن بە قازانجی ھەندێک لایەن، لە ھەمان کاتدا زەختێکە لەسەر ھەرێمی کوردستان بەتایبەتی حکوومەتی ھەرێم، ئەوەی ئێستا لە بەغدا بەرامبەر بە خەڵکی کوردستان دەکرێت زۆر لە ھەڵبژاردن گەورەترە و ھەموو ئامانجیان ئەوەیە شتێک نەمێنێت بە ناوی ھەرێمی کوردستان، بۆ ئەوەی بڵێن مێژووی ئەزموونی حوکمڕانی ھەرێمی کوردستان فەشەلی ھێناوە، ھەندێک لایەنی کوردستانیش بەردەوام لەگەڵیان ھاوکارن و بەردەوام بەھانە دێنەوە.

پێویستە لایەنە کوردستانییەکان یەکدەنگ بن و خەڵکیش ھۆشیار بێت
سیپان شێروانی، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق، دەشڵێ: حکوومەتی ھەرێم ئەوەی لەسەر بووە بە زیادەوە جێبەجێی کردووە، پێویستە لایەنە کوردستانییەکان یەکدەنگ بن، خەڵکی کوردستانیش ھۆشیار بێت و سنوورێک بۆ ئەو خەڵک و لایەنانە دابنێن کە بەردەوام بەھانە بۆ عێراق دێنەوە، ئەگەر ھاووڵاتییانی کوردستان سنوورێک بۆ ئەوانە دابنێن ئەو جورئەتە بە خۆیان نادەن بەھانە بۆ عێراق بێنەوە و ڕێگری بکەن لەوەی مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان ماف و شایستەداراییەکانیان وەربگرن.

حکوومەتی ھەرێم ھیچ ناوێکی زیاد نەکردووە
ئەو ئەندامەی لیژنەی ئابووری لە پەرلەمانی عێراق، جەختیشی لەوەکردەوە، کەنالی NRT ھەواڵێکی بڵاوکردۆتەوە کە گوایە بە فشاری بەغدا ئەو سی ھەزار ناوەی ئەم مانگە بە نایاسایی و فێڵ زیادکراوە سەر لیستی مووچە، لابران و لیستەکە دووبارە دەنێرنەوە بەغدا و بڕیاری داوە ھیچ ناوێک نەخرێتە سەر مووچەی ھەرێم، پارتی و یەکێتی دەستەڵاتی دامەزراندنیان نییە، چونکە حکوومەتی ھەرێم، حکوومەتی کاربەرێکەرە، ئەو ھەواڵە دوورە لە ڕاستییەوە، نە حکوومەتی ھەرێم ناوی زیاد کردووە نە وەزارەتی دارایی عێراقیش داوای لابردنی ناوی کردووە، ئەمەش دوای پەیوەندی کردنمان بە ھەر دوو حکوومەت بۆمان دەرکەوت ھەواڵەکە دوورە لە ڕاستییەوە، یاری کردن بەھەستی مووچەخۆرانی کوردستان لەو تاوانەی وەزارەتی دارایی عێراق گەورەترە کە بەبێ ھیچ پاساوێکی یاسایی ناردنی مووچەی ڕاگرتووە.

ھەواڵی زیاتر