ئەمڕۆ سی و شەش ساڵ بەسەر تاوانی ئەنفالی بادینان تێپەڕ دەبێت

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

ئەمڕۆ سی و شەش ساڵ بەسەر ئەنفالی بادیناندا تێپەڕ دەبێت کە بە دوایین قۆناغی تاوانی ئەنفال لە دژی گەلی کوردستان دادەنرێت و لەو قۆناغەدا بە هەزاران هاووڵاتیی کورد شەهید و بێسەروشوێن کران. پێش ئەم قۆناغە جینۆساید و ئەنفال دۆڵی جافایەتی، ناوچەی قەرەداغ، گەرمیان، بالیسان و گۆپتەپە و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگای هەولێر و کەرکووک و دهۆک و سلێمانی گرتبووەوە و ئامانجی سەرەکیی ڕژێمی بەعس ئەوە بوو گەلی کورد قڕ بکات، بەڵام بۆی نەچووە سەر و کورد سەرەڕای ئەوەی سەدان هەزاری لێ شەهید بوو بەڵام هەر لەسەر پێ ماوەتەوە.

لە کۆتایی دەیەی هەشتای زایینی ڕژێمی بەعس بە بەرنامە دەستی بە کۆمەڵکوژی و لەناوبردنی گەلی کورد کرد و بە هەشت قۆناغ تاوانەکەی جێبەجێ کرد، لە ئاکامی ئەو تاوانە دژە مرۆییە سەرووی سەد و هەشتا و دوو هەزار کەس ئەنفال و بە هەزاران گوند وێران کران. تاوانێک کە دوای ئەو ماوە درێژە نە بکەرانی بە تەواوی سزا دراون و نە قەرەبووی کەسوکاری قوربانییان کراوەتەوە.
پیلانەکەی ڕژێمی بەعس بۆ لەناوبردنی گەلی کورد لە دەیەی هەشتای سەدەی ڕابردوو بە وێرانکردنی گوندەکان و دروستکردنی کۆمەڵێک کۆمەڵگەی زۆرەملێ دەستی پێکرد کە دواتر زۆر دڕندانە خەڵکی هەرێمی کوردستانی بۆ بیابانەکانی باشوور و ڕۆژئاوای عێراق ڕاگواست و زیندەبەگۆڕی کردن.

ئەنفالی بادینان
ئەو قۆناغەی ئەنفال کە بە ئەنفالی بادینان ناسراوە و ئەمڕۆ یادی دەکرێتەوە سێزدە ڕۆژ درێژەی کێشا و حکوومەتی ئەو کاتی عێراق بە هەموو چەکێک ویستی بادینان ئەنفال بکات و پەلامارەکەی بەعس بە لەشکرکێشی سەدان هەزار سەرباز دەستی پێ کرد و ناوچەکانی سنووری دهۆک، زاخۆ، کانی ماسێ، دێرەلووک، سەرسەنگ، دینارتە، ئاکرێ، ئەترووش، زاوێتە، زێوە، شێخان و شێروان مەزنی گرتەوە.
ئەو کات ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردەوە کە سەرووی پەنجا و پێنج هەزار کەس بەهۆی ئەو قۆناغەی ئەنفال ئاوارەی باکوری کوردستان بوون و بە هەزاران هاووڵاتیی سڤیل بەهۆی هێرشەکان شەهید بوون.
لە کوردستان کەم ناوچە هەیە بەر شاڵاوی ئەنفال نەکەوتبێت و پێش ئەنفالی بادینان بە حەوت قۆناغی تر کوردستان ئەنفال کرابوو.

قۆناغەکانی ئەنفال
لە ڕاستیدا شاڵاوی ئەنفال لە دۆڵی جافایەتی لە 23ی شوباتی ساڵی ١٩٨٨ دەستی پێکرد و تاکو 19ی ئاداری هەمان ساڵی خایاند. ئەم شاڵاوە بە هێرشکردن بۆ سەر گوندەکانی سەرگەڵوو و بەرگەڵووی دۆڵی جافایەتی دەستی پێکرد، لە چەند قۆڵێکەوە بە درێژایی هەشتا کیلۆمەتر لە بنگردەوە بۆ لای ڕۆژهەڵاتی دەریاچەی دووکان و شارۆچکەی دووکان، لەوێشەوە بۆ شاری سلێمانی و شارۆچکەکانی ماوەت و چوارتای گرتەوە. ئامانجی ئەم هێرشە لەناوبردن و وێرانکردنی سی گوندی دۆڵی جافایەتی و داگیرکردنی بارەگاکانی سەرکردایەتیی هێزی پێشمەرگە بوو لەم ناوچەیە .
ئەم هێرشە بەربڵاوە سنووری شارۆچکەکانی سوورداش، دووکان، سەرچنار، قەڵاچۆلان و چوارتای گرتەوە کە بە سەرپەرشتی سوڵتان هاشم وەزیری بەرگری ئەو کاتی عێراق جێبەجێ کرا.
لە 22ی ئادار تاکو یەکی نیسانی 1988 قۆناغێکی تری ئەنفال ناوچەی قەرەداغی گرتەوە لە تەکیە، سێوسێنان، سەگرمە دەربندی باسەڕە، قۆپی قەڕاغ و چەند شوێنی تر. سەرەتای هێرشەکە بە کیمیابارانکردنی چەند شوێنێکی ستراتیژی لە ناوچەکە بوو کە خەڵکێکی زۆر ئاوارە بوو و ژمارەیەکی زۆر گیران کە دواتر شوێنبزر کران و ژمارەیەکی زۆریش بوونە قوربانی.
لە ئەنفالی قەرەداغ ئەو هاوڵاتییە کوردانەی گیران یان خۆیان دا بەدەستەوە، بۆ سەربازگەی قۆڕەتوو گواسترانەوە، کە نزیکەی هەشت هەزار کەس بوون لە ژن و منداڵ و پیر و گەنج، پاشان گواسترانەوە بۆ سەربازگەی تۆبزاوە لە نزیک کەرکووک. ئینجا لەوێ گەنجەکان لەوانی تر جیا کرانەوە بەرەو شوێنی نادیار ڕەوانە کران، خەڵکەکەی تر لە ژن و منداڵ و کچی گەنج خرانە زیندانەوە بەڵام پیرەژن و پیرەمێردەکان بۆ نوگرەسەلمان لە بیابانی سەماوە گواسترانەوە، لەوێ ژمارەیەکی زۆریان لە برسان و تێنوویەتی و نەخۆشیی، مردن و تەرمەکانیان فڕێ درانە دەرەوی زیندانەکە .

گەورەترین شاڵاوی ئەنفال
لە 7 تا 20ی نیسانی 1988 گەورەترین شاڵاوی ئەنفال ئەنجام درا کە ناوچەی گەرمیانی گرتەوە، گەورەترین و بەرفراوانترین هێرش و پەلامار بوو لە ساڵی ١٩٨٨ بۆ سەر کوردستان، کە ناوچەکانی دوز، قادرکەرەم، کەلار، کفری، چەمچەماڵ، تێلەکۆ، پێباز، سەنگاو، تەکیە و بەشێک لە ناوچەی ئاغجەلەری گرتەوە. لەو هێرشەدا زیاتر لە پێنج هەزار گوند وێران کران.
لە ١٤ی نیسانی 1988 دا چوار شارۆچکە لە یەک کاتدا خاپوور کران، نزیکەی بیست هەزار ژن ومنداڵ و پیاو بۆ سەربازگەی قۆڕەتوو ڕەوانە کران، بۆیە ئەم ڕۆژە لە هەموو ساڵێک کراوەتە ڕۆژی یادکردنەوەی تاوانە گەورەکەی ئەنفال لە کوردستان.
لە هەشتی نیسانی ساڵی ١٩٨٨ هێڵی سنووری هەر دوو پارێزگای کەرکوک و هەولێر ڕووبەڕووی شاڵاوێکی تری ئەنفال بوویەوە. شارۆچکەکانی ڕێدار، ئاغجەلەر، تەقتەق و چەند گوندێکی گەورەی وەک عەسکەر و گۆپتەپە ئەنفال کران.
سەرەتای ئەنفالی چوار بە کیمیابارانی گوندی گۆپتەپە لە ڕۆژی سێی ئایاری 1988 دەستی پێ کرد بەهۆی فڕۆکە جەنگییەکان بۆمبی کیمیایی بەسەر خەڵکەکەیدا باراند، قوربانییانی ئەم گوندە بە نزیکەی سێسەد کەس دەخەمڵێنرێن، هاوکات گوندی عەسکەری کیمیاباران کرد . بۆ ڕێگرتن لە دەربازبوونی دانیشتووانی گوندەکانی گۆپتەپە و عەسکەر و حەیدەر بەگ، ڕژێم ئاوی بەنداوی دووکانی بەردایەوە تاوەکو خەڵکی نەتوانن لە زێیەکە بپەڕنەوە و ڕزگار ببن.
دۆڵی چیاکانی شەقڵاوە و ڕەواندوز لە ١٥ی ئایار تا 2٦ی ئابی 1988 ئەنفال کرا. گوندەکانی وەرە، نازەنین، کاموسک، سپیندارە، عەلیاوە، سماقولی کیمیاباران کران . توندترین هێرشی سوپای عێراق بۆ ناوچەی دۆڵی بالیسان بوو، گەورەترین زیان لەم ناوچەیە بەر گوندی بلەی خواروو کەوت، خەڵکەکەی شوێنبزر کران.
لە ٢٦ی تەمووزی هەمان ساڵ ناوچەکانی دۆڵی بالیسان و دۆڵێ مەلەکان و دۆڵی وەرتێ و دۆڵی هیران و سماقولی بە چەکی کیمیایی هێرشیان کرایە سەر. پەنجا و دوو گوند لە ناوچەکانی خەلیفان و ڕەواندوز و خۆشناوەتی وێران کران.
لە ٢٥ی ئاب تا ٦ی ئەیلوولی ١٩٨٨ ئەنفالی بادینان کرا. ئەم شاڵاوە بە درێژایی ناوچەکانی زاخۆ، ئامێدی، شێخان و ئاکرێ بەردەوام بوو، ناوچەکانی بە بۆمبی هێشوویی و کیمیایی هێرشیان کرایە سەر.
راستە زۆربەی شاڵاوەکانی ئەنفال لە ساڵی ١٩٨٨ بوون بەڵام ئەوە نیشانەی ئەوە نییە پێشتر کورد جینۆساید نەکرابێت، جینۆسایدی بارزانییەکان زۆر زووتر و هەر لەسەرەتای دەیەی هەشتاوە دەستی پێ کردبوو کە یەکێکی دیکەیە لەو تاوانە گەورانەی کە لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە دەرهەق بە بارزانییەکان کرا و بەهۆیەوە هەشت هەزار بارزانی کۆمەڵکوژ کران و زۆرترین تاوانیش لە ساڵی ١٩٨٣ ئەنجام درا.

حکوومەتی عێراق کەمتەرخەمە
حکوومەتی عێراق کە میراتگری ڕژێمەکەی پێشووە دەبێت بەرپرسیارێتی قەرەبووی کەسوکاری ئەنفال بگرێتە ئەستۆ و پەرە بە دۆسیەی ئەنفالیش لە دادگا نێودەوڵەتییەکان بدات بەڵام خەمی لێ نەخواردووە و تەنانەت کارئاسانی بۆ گەڕاندنەوەی ڕووفاتی ئەنفال نەکردووە.
حکوومەتی عێراق نەک قەرەبووی گەلی کوردی نەکردووەتەوە ئێستا بە ستایلێکی نوێ درێژە بە هەمان سیاسەتی ڕابردووی دەدات و بە برسیکردنی خەڵکی کوردستان و نەناردنی شایستە داراییەکان و وشککردنی سەرچاوەکانی داهات و ڕێگریکردن لە هەناردەی نەوتی کوردستان و لێدان لە ژێرخانە ئابووری و کشتوکاڵییەکەی هەوڵی ئەوە دەدات بە ئامانجە لەمێژینەکانی بگات.

سلێمان تاشان

ھەواڵی زیاتر