وەزارەتی دارایی: زیادکردنی ناوی 30 هەزار مووچەخۆر لە لیستی مووچە دوورە لە ڕاستییەوە

بەڕێوەبەرایەتی گشتیی ژمێرکاریی وەزارەتی دارایی، لە ڕوونکردنەوەیەکدا ئاشکرای دەکات، زیادکردنی ناوی 30 هەزار مووچەخۆر لە لیستی مووچە دوورە لە ڕاستییەوە، لە ڕاستیدا لیستی مووچەی مانگی تەمووز بەم جۆرەیە:

1- کۆی ژمارەی مووچەخۆرانی هەرێم لە لیستی مانگی تەمووز بە (مەدەنی و سەربازی و خانەنشین) بریتییە لە (1،132،390) یەک ملیۆن و سەد و سی و دوو هەزار و سێسەد و نەوەد کەس، لە کاتێکدا کۆی ژمارەی مووچەخۆران لە مانگی حوزەیراندا بریتی بووە لە: (1،132،967) یەک ملیۆن و سەد و سی و دووهەزار و نۆسەد و شەست و حەوت کەس، کە وەزارەتی دارایی فیدراڵی دوای وردبینی تەمویلی بۆ خەرج کردوون، ئەمەش دەریدەخات کە لیستی مووچەی مانگی تەمووز (7) کە تا ئێستە تەمویلەکەیان لەلایەن وەزارەتی دارایی فیدراڵەوە خەرج نەکراوە (577) مووچەخۆری کەمترە لە لیستی مانگی حوزەیران، کە ئەوانیش فەرمانبەری مەدەنی و سەربازی بوون و لەو مانگەدا خانەنشین کراون، بەڵام بەهۆی تەواونەبوونی مامەڵەکانیان ناویان نەخراوەتە ناو لیستی مووچەی خانەنشینان.

2-تەمویلی کۆی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بۆ مانگی تەمووز (7) دوای لێ بڕینی خانەنشینی و باج و لێ دەرکردنی بوودجەی هاوتاکردنی مووچەی خانەنشینان کە بڕەکەی (54،208،000،000) پەنجا و چوار ملیار و دووسەد و هەشت ملیۆن دینارە، بریتییە لە (956،876،000،000) نۆسەد و پەنجا و شەش ملیار و هەشسەد و حەفتا و شەش ملیۆن دینار کە ئەوەش نزیک و هاوشێوەی تەمویلی مانگەکانی ڕابردووە، کە وەزارەتی دارایی فیدراڵ دوای وردبینی تەمویلەکەی خەرج کردووە.

3-لەکاتی دووبارە بوونەوەی ئەم درۆ و چەواشەکارییانە، لایەنی چەواشەکار دەبێت چاوەڕێی ئەوە بکات کە ڕووبەڕووی دادگایی کردن و یاسا ببێتەوە، ئێمە بە مافی خۆمانی دەزانین سکاڵای یاسایی تۆمار بکەین لەسەر هەر کەس و لایەنێک کە هەواڵ و زانیاری ناڕاست بڵاوبکاتەوە.

وەک لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە، ئەم ڕوونکردنەوەیە وەڵامێکە بۆ کەناڵێک و چەند پەیج و کاندیدێک کە باسیان لە زیادکردنی ناوی 30 هەزار مووچەخۆر کردبوو لە لیستی مووچەدا.

ھەواڵی زیاتر