ئایدن مەعروف: بەغدا دەیەوێت بە نەناردنی مووچە فشار بخاتە سەر هەرێمی کوردستان

وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان ئاماژە بەوە دەکات، بەرێوەچوونی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد لە هەرێمی کوردستان لە بەرژەوەندیی هەموو لایەکە. لەبارەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمیش گوتی: بەغدا دەیەوێت بە نەناردنی مووچە فشار بخاتە سەر هەرێمی کوردستان.

ئایدن مەعروف، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان، لە دیداری دەرچووانی وڵاتی تورکیا، لەمیانەی پێشکەشکردنی گوتارێکدا، ڕایگەیاند: حکوومەتی عێراق 50 ڕۆژە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانی نەناردووە و ئەمەش پێشێلی دەستووری عێراقە.

وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان، دەڵێت: پرسی مووچە هەمیشە دەبێت لە دەرەوەی کێشە سیاسییەکان بێت، بەڵام ئەمڕۆ کێشە سیاسییەکان بەداخەوە کاریگەری کردووەتە سەر ژیانی مووچەخۆران.

جەختی لەوە کردەوە، حکوومەتی عێراق هەندێک ئامانجی سیاسی هەیە و دەیەوێت لە ڕێگەی نەناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان فشار بخاتە سەر هەرێمەکە، لە کاتێکدا هەموو مووچەخۆران مافی خۆیانە لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا مووچەکانیان وەربگرن.

ئایدن مەعروف داوا لە بەغدا دەکات، بە زووترین کات مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بنێرێت و، کێشەکان چارە بکات و بەرپرسیارەتی خۆیان بەجێ بگەیەنن.

لەبارەی حکوومەتی خۆجێی کەرکووک، ناوبراو گوتی: بەبێ تورکمان حکوومەتی خۆجێی کەرکوکو پێکهات و تورکمان لە چەندین ماف و پۆست لە ئەنجوومەنی پارێزگا پەرواێز خرا، کە ئەمەش پێشێلی دەستوورە و بە هەموو شێوەیەک کۆبوونەوەکەی هۆتێل ڕەشیدی بەغدا ڕەت دەکەیەنەوە.

وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان، لە بەشێکی دیکەی گوتارەیەکەیدا باسی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کرد و ئاماژەی بەوە دا، تورکمان بە کۆتا و بە لیستی جیاواز بەشداری لە هەڵبژاردن دەکات، گوتیشی: “نامانەوێت هیچ لایەنێک دەستوەردان لە پرسی کۆتا و تورکمانەکان بکات.”

هاوکات هیوای خواست، هەڵبژاردنێکی شەفاف لە هەرێمی کوردستان بەڕێوە بچێت کە بۆ هەموو لایەنەکان گرنگە. داواکاریشە هەموو لایەنەکان بەشداری لە هەڵبژاردندا بکەن.